شارپرێس
دوای خۆپێشاندانەکانی وڵاتی ئێران ترس لای خوێندکارانی
ھەرێمی کوردستان، ئەوانەی بۆ خوێندن چوونەتە ئێران، دروستبووە و جێگری سەرۆکی
لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت "لەگەڵ خوێندنی باڵای ھەرێم
گەیشتوونە ئەنجام و بڕیاری پێویست لەبارەی چارەنووسیانەوە دراوە".
د. نەھلە قادر، جێگری سەرۆکی لیژنەی
خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی
راگەیاند: "بەھۆی رووداوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە رەوشێکی ناھەموار بۆ خوێندکارانی
ھەرێمی کوردستان لەو وڵاتە دروست بووە و لە دانوستاندا بووین لەگەڵ وەزارەتی
خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو، تا لەسەر کێشەی خوێندکارانی
کورد لە ئێران گەیشتنە ئەنجام.''
جێگری سەرۆکی لیژنەی خوێندنی باڵا گوتیشی:
"چەند ھەنگاوێک نراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە ژمارەیەک بڕیار دەرکراون و
کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەوانەش تا کۆتاییی ئەم وەرزەی خوێندن بۆ قوتابیان
رەچاو ناکرێت، ئەم ماوەیەی لە ھەرێمی کوردستانیان بەسەر برد بویان قەرەبوو
دەکرێتەوە.''
د. نەھلە قادر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد:
"ھەر خوێندکارێک ئارەزووی دواخستنی خوێندنی ھەبێت رەزامەندیی لەسەر دەدرێت و
ئەم بڕیارانە لە ١٥ی ئەم مانگەوە بۆیان ھەژمار دەکرێت، واتە جێبەجێ دەکرێن و زۆر
سوپاسی وەزیر و بریکار و ھەموو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکەین
بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارانە و لەبەرچاوگرتنی رەوشی قوتابییانی کورد لە ئێران.''