حزبى دیموكرات وه‌ڵامى سوپاى پاسداران ده‌داته‌وه‌

کوردستان

27/11/2022‌ 4201 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌رپرسێكى باڵاى سه‌ربازیی حزبى دیموكرات ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئێمە 43 ساڵە لەو شاخانەدا بونمان هەیە، پێشئەوەی حکومەتی هەرێم ببێتە حکومەت‌و بەرلەوەی ئەم حکومەتە تازەیەی عێراقیش بێت"، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "ئێمە درێژە بەخەبات‌و تێکۆشانی خۆمان دەدەین".


کاوە بەهرامی بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی حزبى دیموكراتى کوردستانی ئێران ڕایگه‌یاند، "تائێستا ئێران نەهاتوەتە ناو هەرێمی کوردستان، پێشتر هاتوەتە ناوچەی سورێن‌و قەندیل‌و مۆڵگەشی داناوه‌، بەڵام لەم ماوە نزیکانە تەنها لەهاوینی ئەمساڵدا بنکەیەکی لەناوچەی هەڵگورد داناوەو ئیتر لەو شوێنانەن‌و تائێستا پێشڕەویان نەکردوە".

ئه‌و به‌رپرسه‌ سه‌ربازیه‌ى حزبى دیموكرات لەبارەی ئەو ناوچانەی کە ئێران لەشکری بۆ هێناون وتی:"ئێران بەچەکی جۆراوجۆرەوە هێزی هێناوەته‌ سنورەکانی کوردستان‌و دەیەوێ هەم خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرکوتبکات‌و هەمیش ببێتە هەڕەشەیەک بۆ هەرێمی کوردستان".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "بەدرێژایی سنورەکانی هەرێمی کوردستان‌و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لەناوچەی مەریوان‌و بانە تا دەگاتە سەقز، سەردەشت، پیرانشارو شنۆو تەواوی سنورەکان پێشتر ئێران هێزی زۆری بۆ هێناوە، سه‌ربارى بۆردومانه‌ به‌رده‌وامه‌كانیشى، لەشاخەکانی کوردستان‌و له‌دوو ساڵى ڕابردودا تائێستا هیچ بریندارو شەهیدێکمان نەبوە".

سه‌باره‌ت به‌و په‌یامه‌ى ئێرانیش كه‌ ده‌ڵێت حكومه‌تى هه‌رێم‌و عێراقى ئاگاداركردۆته‌وه‌ بۆ چه‌كداماڵینى حزبه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان، به‌هرامى بۆ ده‌نگى ئه‌مریكا وتویه‌تى:"تائێستا بە‌ئێمە ڕانه‌گه‌یه‌نراوه‌، بەڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێمە تازە نەهاتوینەتەسەر شاخەکان، ئێمە 43 ساڵە لەو شاخانەدا بونمان هەیە، پێشئەوەی حکومەتی هەرێم ببێتە حکومەت‌و بەرلەوەی ئەم حکومەتە تازەیەی عێراقیش بێت، ئێمە درێژە بەخەبات‌و تێکۆشانی خۆمان دەدەین".

ش.هـ