به‌غدا هه‌رێم یه‌كلاده‌كاته‌وه‌.. بودجه‌ بۆ هه‌رێم نانێرێت

کوردستان

10/01/2023‌ 9444 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى عێراق ڕایگه‌یاند، تاوه‌كو كێشه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم به‌هۆى بڕیاره‌كه‌ى دادگاى فیدڕاڵى چاره‌سه‌رنه‌كرێت، عێراق به‌بڕیارى سیاسى بودجه‌ بۆ هه‌رێم نانێرێت.


سۆران عومه‌ر ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق ڕایگه‌یاند، دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت‌و گازی ھەرێم، حکومەتی ھەرێم ھیچ گرێبەست‌و زانیاریەک نادات بەوەزارەتی نەوت‌و چاودێری دارایی، لەبەرامبەردا وەزارەتی نەوتی عێراق هه‌شت نوسراوى ئاراستەی کۆمپانیا بیانیە نەوتیەکان له‌هەرێم كردوه‌و 10  سکاڵاشى لەسەر تۆماركردون‌و 12 نوسراوی ئاگادارکردنەوەشى بۆ حکومەتی ھەرێم‌و وەزارەتی دارایی عێراق‌و سۆمۆو چاودێری دارایی ناردوه‌، بۆیە بەبێ ڕێکەوتن لەسەر پرسی نەوت‌و گاز تاوه‌کو دەرچونی یاسای نەوت‌و گازی عێراق، بەبڕیاری سیاسی بەشەبودجە بۆ ھەرێم نایەت.

سۆران عومه‌ر ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو، پاش بەدواداچون بۆ چۆنێتی مامەڵەکردنی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە (59)ی ساڵی 2022 لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت‌و گازی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوت بەنوسراوێك ئاماژە بەوەدەکات (حکومەتی ھەرێم ڕەتیکردۆتەوە ھیچ گرێبەستێکی نەوتی‌و داتاو دۆزینەوەی نەوت‌و فرۆشتنی‌و بەرھەمھێنانی) تەسلیم بەچاودێری دارایی عێراق بکات.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ باس له‌وه‌شده‌كات، وەزارەتی نەوت به‌نوسراوێك داوا لەوەزارەتی دارایی‌و چاودێری دارایی دەکات چاودێری جێبەجێنەکردنی ئەم بڕگەیەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بکەن لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە.

وەزارەتی نەوت لەوەڵامەکەیدا ئاماژە بەوەدەکات، هه‌شت نوسراویان ئاراستەی کۆمپانیا بیانیەکان کردوە کە لەگەڵ حکومەتی ھەرێم گرێبەستیان ھەیە، ئەوانیش بریتین لەحه‌وت كۆمپانیاى نه‌وتى وه‌كو (ADDAX , Westrenzagros, Shamaran Petrleoum, HKN Energy, DNO ASA, GULF kesystone, Genel Energy).

ئه‌ندامه‌كه‌ى په‌رله‌مانى عێراق له‌فه‌یسبوكى خۆى ئه‌وه‌شى نوسیوه‌، "جگە لەوە وەزارەتی نەوت (10) سکاڵای لەسەر کۆمپانیاکانی نەوت لەھەرێم تۆمارکردوە کە بریتین لەکۆمپانیاکانی (Gas Prom, DANA GAS, ADDAX , Westrenzagros Shamaran Petrleoum, HKN Energy, DNO ASA, GULF kesystone, Genel Energy).

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌، لەپڕۆژەیاسای بودجەی 2023 بەبێ ڕێکەوتنێک کە ھەرێم پابەندبێت‌و بەغداش ئەرکی خۆی بەجێبھێنێ بۆ ناردنی بەشە بودجەی ھەرێم ناگەین بەوەی کەخەڵکی کوردستان چاوەڕێی دەکات.

هه‌رچه‌نده‌ نزیكه‌ى مانگێكه‌ حكومه‌تى عێراق بڕیاریداوه‌ بودجه‌ بۆ هه‌رێم بنێرێت، به‌ڵام تائێستا هیچ بڕه‌ بودجه‌یه‌كى نه‌ناردوه‌.

ئ.ق