له‌باره‌ى موچه‌ى مانگى 2ى فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ حكومه‌ت په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

کوردستان

23/02/2023‌ 5676 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌باره‌ت به‌دابه‌شكردنى موچه‌ى مانگى 2ى فه‌رمانبه‌ران كه‌ له‌مانگى 3دا ده‌ستپێده‌كات ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات‌و وته‌بێژى حكومه‌تیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "سه‌ربارى زۆرى پشوه‌كان، موچه‌ له‌كات‌و واده‌ى خۆیدا دابه‌شده‌كرێت‌و دواناكه‌وێت".


جوتیار عادل وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم لەبارەی موچەی مانگی دوو كە دەكەوێتە مانگی سێ‌و پشوی زۆریش لەو مانگەدا هەیە، ڕایگەیاند، "پێشتر زۆرجار لەڕۆژانی پشوش موچەمان دابەشكردوە، بۆیە بۆ موچەی مانگی داهاتوش كێشە نییەو لەڕۆژانی پشوش موچە دابەشدەكرێت، بەگوێره‌ى خشتەی وەزارەتی دارایی، فەرمانبەران‌و موچەخۆران موچەی خۆیان وەردەگرن".

بەگوێره‌ى ڕۆژژمێری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەئاداردا (مانگى 3) شەش ڕۆژ پشوی فەرمی دەبێت بۆ فه‌رمانبه‌ران به‌گشتى، به‌ڵام پشوه‌كه‌ بۆ ناوه‌نده‌كانى خوێندن زیاتره‌.

وته‌بێژى حكومه‌ت له‌و ڕوه‌وه‌ ته‌ئكیدیكرده‌وه‌، "دڵنیایی دەدەین، حكومەت هەرچی پێبكرێت، موچە لەمانگی داهاتوو دابەشدەكات‌و بەردەوامى بەدابەشكردنی موچە ده‌دات، چونكه‌ هەموو هەوڵەكانی حكومەت بۆ ئەوەیە چاكسازیی بكات‌و داهات زیادبكات، بۆ ئەوەی موچە بەردەوامی هەبێت‌و موچەش لەپێشینەی كارەكانمانه‌".

قسه‌كانى وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێم له‌كاتێكدایه‌، له‌6ى ئه‌م مانگه‌وه‌ دەست بەدابەشكردنی موچەی مانگی یەكى ئه‌مساڵ كراوه‌و بڕیاروایه‌ ڕۆژى 28ى مانگ واته‌ كۆتا ڕۆژى مانگى شوبات كۆتایی بەدابەشكردنی موچە بێت.

بەپەلە