كارگەیەكی دروستكردنی ئۆتۆمبێل لەهەرێم دادەمەزرێت

کوردستان

07/06/2023‌ 5723 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی هه‌رێم ئاشكرایده‌كات، لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی ئەڵمانی گفتوگۆیان دەستپێكردوە، بۆ ئەوەی كارگەیەكی ئۆتۆمبێل لەهەرێمی كوردستان دابمەزرێت، ده‌شڵێت، "ئەو بابەتە جێگەی بایەخی زۆری دەستەی وەبەرهێنانەو سەرۆكی حكومەتیش زۆر پشتگیریی ئەم بابەتانە دەكات".


د. محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان به‌میدیاى نزیك له‌پارتى وتوه‌، "لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی ئەڵمانی گفتوگۆمان كردوەو لەوە دەكۆڵدرێتەوە، كە كارگەی بەستنی ئۆتۆمبێل لەهەرێمی كوردستان دابمەزرێت".

ده‌شڵێت، "دەمانەوێت كارگەی بەستنی ئۆتۆمبێل دابمەزرێنین‌و ڕەوانەی بازاڕەكانی بكەین، هەروەها دەمانەوێت هەرێم سەنتەری ئەو کۆمپانیایانە بێت دەیانەوێت ئەوکارە بکەن، چونکە ئەوان پارچە هاوردە دەکەن‌و لەڕێگەی کارگەکەوە، کە ئەڵمانییە، دەیبەستن‌و دەبنە ئۆتۆمبێلی جۆری ئەڵمانی".

جەختیشده‌كاته‌وه‌، "ئەو پڕۆژیە هەنگاوێکی گرنگەو سودی زۆری بۆ هەرێم دەبێت‌و دەرفەتی کار زیاددەکات‌و پیشەسازییش بەهێز دەكات، ئەو بابەتە جێگەی بایەخی زۆری دەستەی وەبەرهێنانەو سەرۆكی حكومەتیش زۆر پشتگیریی دەكات، هەركات گەیشتینە ئەنجامی كۆتایی، ئەوە بەڕای گشتی ڕادەگەیەنین".

سه‌باره‌ت به‌ئاماده‌كاریه‌كانى هه‌رێمیش بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌، وتویه‌تى، "دەستەی وەبەرهێنان بەپڕۆژەكە ڕازیبوەو ئامادەیە زەوییان بۆ دابین بکات‌و ئاسانکاریی تەواویان بۆ بکات‌و پاڵپشتیشیان بكات، چەندین كۆمپانیای جیهانی لەبواری ئۆتۆمبێل لەهەرێم لقیان هەیە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ كارگەیەكی تایبەتی ئۆتۆمبێل‌و بەستنی پارچەكانی ئۆتۆمبێل بونى نییە".