شارپرێس:
پسپۆڕانی سەر بەپەیمانگای توێژینەوەی خێزانیی لەئەمریکا بونی پەیوەندییەکیان لەنێوان زیادبونی بەکارهێنانی مۆبایلە زیرەکەکانو توندبونەوەی کێشەکانی هاوسەرگیری پشتڕاستکردەوە، بەوپێیەی سەرقاڵبون بەمۆبایلە زیرەکەکانو زۆر بەکارهێنانی تۆرەکانی سۆشیال میدیا دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕینی سەرنجی کەسەکان دور لەژیان هاوبەشو کەمکردنەوەی دەرفەتەکانی پەیوەندییو کارلێککردن، دواجار ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچونی پەیوەندییەکە.
بەگوێرهى توێژینەوەکە، نزیکەی لەسەدا 15ی دایکو باوکی هەرزەکاران، نزیکەی بەردەوام مۆبایلەکانیان یان ئامێرە دیجیتاڵییەکانی دیکە لەکاتی گفتوگۆکردن، دانیشتن بۆ ژەمەکان، یان تەنانەت لەبۆنە خێزانییەکاندا بەکاردەهێنن.
شارەزایان دەشڵێن، پڕۆسەی گەڕانی بەردەوام لەمۆبایلەکاندا دەبێتە هۆی گرنگینەدان بەهەست یان پێداویستییە سۆزدارییەکانی لایەنی بەرامبەر، ئەمەش وادەکات کێشەی گەورە لەسەر بابەتە سادەکان دروستبێت.
شارەزایان جەختیان لەوەکردەوە، پێویستە هاوسەرەکان بەئاشکرا لەسەر بەکارهێنانی مۆبایل قسە بکەن، ئەوە جگە لەپێویستی تەرخانکردنی کاتێکی تایبەت بۆ کارلێکی واقیعیو تەرخانکردنی کاتێکی باش بۆ چێژوەرگرتنو پێکەوەبون دور لەسەرقاڵکردنی تەکنەلۆژی، بەبەدەستهێنانی هاوسەنگی لەبەکارهێنانی مۆبایلو گرنگیدان بەپەیوەندی ڕاستەقینە.
و: ئاکۆ ئاڵی
