​ ئەمریكا خۆی بۆ جەنگێكی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە دەكات

ڕاپۆرت

15/08/2023‌ 5270 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

 ئەمریكا دەستی  به جووڵەپێكردنی هەزاران سەرباز بە چەك و كەرەستەی سەربازی قورسی كەشتی و فڕۆكەی شەڕكەر بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە، ئەمریكا دەڵێت ئامانج لەناردنی ئەو هێزانە پارێزگاری لەئاسایشی جوڵەی دەریاییە كە ئێران مەترسی بۆ دروستكردووە، ئەوەش ئەمریكا و ئێران بۆ جەنگێكی راستەوخۆ پەلكێش دەكات كە رەنگە عێراق  و سوریاش بگرێتەوە.

ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی بەهێزدەكاتەوە
سەرچاوەئاگادارەكان باس لە پلانێكی درێژمەودای ئەمریكاش لەپاڵ پارێزگاری لەئاسایشی هاتووچۆی دەریایی دەكەن، ئەویش روبەڕوبوونەوەی هەژموونەكانی روسیا و چینە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خۆ بەهێزكردنەوەیە لەناوچەكە.

بەپێی سەرچاوەكان، ئەمریكا فڕۆكەی جەنگی ئێف ٣٥ و ئێف ١٦‌و ئەی 10 ‌و كەشتی جەنگی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێرێت.

هەفتەی رابردوو كەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریكا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی پلانێك بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی سەربازیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رێگری لە دەستبەسەرداگرتنی كەشتییە بازرگانی و كەشتییە نەوتهەڵگرەكان لەلایەن ئێرانەوە، زیاتر لە سێ هەزار هێزی دەریاوانی ئەمریكی گەیشتوونەتە ناوچەكە.

هێزی دەریایی ئەمریكا، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: "زیاتر لە سێ هەزار دەریاوان لە چوارچێوەی ئەو پلانەی وەزارەتی بەرگری دایناوە، گەیشتنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

 دەشڵێت "كەشتی هێرشبەری (USS Bataan)  كە توانای هەڵگرتنی 20 فڕۆكەی هەیە و كەشتی  (USS Carter Hall)، لە ڕێگەی نۆكەندی سوێسەوە دەریای ناوەڕاستیان بڕی و چوونە ناو دەریای سوورەوە".

ئەمریكا بۆچی جووڵە بەهێزەكانی دەكات؟
تیم هۆكینز وتەبێژی كەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریكا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند كە راگواستنی ئەو هێزانە جەخت لەسەر "پابەندبوونی بەهێز و نەگۆڕمان دەكات بە ئاسایشی دەریایی ناوچەكەوە".

 ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت "ئەم یەكانە توانای بەرچاوی كاركردن زیاد دەكەن لە كاتێكدا ئێمە شانبەشانی هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان كاردەكەین بۆ ڕاگرتنی چالاكییە ناسەقامگیركەرەكان و كەمكردنەوەی گرژییە ناوچەییەكان كە لە هەراسانكردن و دەستبەسەرداگرتنی كەشتییە بازرگانییەكان لەلایەن ئێرانەوە سەرچاوە دەگرن".

گرژییە دەریاییەكان
سوپای ئەمریكا دەڵێت لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ئێران دەستی بەسەر نزیكەی 20 كەشتی لە ناوچەكەدا گرتووە یان هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی داوە.

 واشنتۆن ڕایگەیاند، هێزەكانی ڕێگرییان لە دوو هەوڵی ئێران كرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوو كەشتی نەوتهەڵگر لە ئاوە نێودەوڵەتییەكانی دەریای عومان لە 5ی تەمموزدا، هاوكات تاران ڕۆژی دواتر دەستی بەسەر كەشتییەكی بازرگانیدا گرت.

لە ساڵی ٢٠١٨ەوە ڕووداوی هاوشێوە ڕوویانداوە، كاتێك دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كشایەوە و سزای توندی بەسەر كۆماری ئیسلامیدا سەپاندەوە.

پلانێكی ئەمریكا مەترسی هەڵگیرسانی جەنگ دروست دەكات
بەپێی راپۆرتی كەناڵی سی ئێن ئێن ئەمریكا پلانی هەیە هێز لەنێو كەشتییە بازرگانییەكان جێگیربكات بۆ رێگری لە دەستدرێژی هێزە ئێرانییەكان، ئەو پلانە كە هێشتا لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە ئەگەری تێكهەڵچوونی راستەوخۆی نێوان هێزە ئەمریكی و ئێرانییەكان زیاددەكات.

شارەزایانی رەوشەكە لە ئەمریكا هۆشدارییانداوە، ئەم هەنگاوی ئەمریكا دەبێتەهۆی روودانی شەڕی راستەوخۆ لەنێوان هێزەكانی ئەمریكا و ئێران، ئەوەش نەك بە تەنها لەكەنداو، بەڵكو لەنێوخۆی سوریا و عێراق‌و ناوچەكانی دیكەش، گرووپە هاوپەیمانەكانی ئێران هێرشی سەر هێزەكانی ئەمریكا دەكەن.

جموجۆڵەكانی ئەمریكا لە سوریا و عێراق
ماوەیەكە جموجۆڵەكانی ئەمریكا لەسوریا و عێراقیش هەستی پێدەكرێت لە هێنان و بردنی هێزی سەربازیدا، بەرای چاودێران ئەوەش لەچوارچێوەی پلانە نوێیەكەی ئەمریكادایە، كە رەنگە خۆسازدان بێت بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ و بەرەنگاربوونەوە.

ماوەیەكە سەرەڕای گواستنەوەی چەندین كاروانی چەك و كەرەستەی سەربازی و هێز بۆ رۆژئاوای كوردستان و جێگیربوون لە بنكەكانیان، ئەمریكا پلانێكی دیكەش لە سوریا جێبەجێدەكات.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان ئەمریكا لەناوچەكانی ژێردەستی گرووپ و هێزەكانی سەر بە ئێران لەخۆرهەڵاتی سوریا لەوانە دێرزوور، ئەلبوكەمال و مەیادین و ناوچەكانی دیكە دەستیكردووە بە چەكداركردنی گەنجانی بەرەگەز عەرەبی ئەو ناوچانە.

پلانەكەی ئەمریكا لەو ناوچەیە بەمجۆرەیە، ئەو گەنجە عەرەبانە لەلایەن هێزە ئەمریكییەكانەوە مەشق و راهێنانیان پێدەكرێت بەتایبەت لە بنكەی هێزەكانی ئەمریكا لە تەنەف لە سنووری سوریا و ئوردن و عێراق، دواتر ئەو گەنجانە وەك شەڕڤانی مەشقپێكراو بە گرووپی بچووك بچووك رەوانەی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان و نێو ریزەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە دەكرێن.

لەلایەكی دیكەوە تادێت مەشق و راهێنان و مانۆڕە هاوبەشەكانی هێزەكانی ئەمریكا و هەسەدە لە رۆژئاوای كوردستان بەتایبەت لە سنووری حەسەكە زیاتربووە، بەجۆرێك فڕۆكەكانی ئەمریكا لەئاسمان بەئەركی چاودێری بەشداری ئەو مانۆڕانە دەكەن.

ئەمریكا بەنیازی بەرەنگاربوونەوەی چین و روسیاشە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
بەرای بەشێك لە شرۆڤەكارانی سیاسی، ئەم جموجۆڵە نوێیانەی ئەمریكا لە ناوچەكە پەیوەندییان هەیە بە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا، ململانێ نێودەوڵەتی و ناوچەییەكان، دەستدرێژی هێزە ئێرانییەكان بۆ هاتووچۆی دەریایی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەگوتەی ئەو شارەزایانە، ئەمریكا وێڕای پارێزراوی ئاسایشی هاتووچۆی دەریایی وەك خۆی بانگەشەی دەكات، لە هەنگاوی دووهەمدا خوازیاری وەشاندنی گورزێكیشە لە گرووپ و میلیشیاكانی سەر بە ئێران بەتایبەت لە سوریا و عێراق، بەتایبەت ئەگەر ببنە ئاستەنگ بۆ پلانە نوێیەكەی.

هەروەها ئامانجێكی دیكەی ئەمریكا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزبوونە لەبەرامبەر فراوانخوازیی و هەژموونی چین و روسیا، كاتێك ئەمریكا لە گرنگی ستراتیژی ناوچەكە بۆ خۆی تێگەیشتووە.

هەرێمی كوردستانیش جموجۆڵی ئەمریكای بەخۆوە بینی
بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس هێزەكانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستانیش جموجۆڵیان هەیە و بەپێی ئەو زانیارییانە هێزێكی گەورەی ئەمریكی لە بنكەی تەنەفی سوریاوە رەوانەی بنكەی هەریر لە پارێزگای هەولێر كراوە.

هاوكات گرووپ و میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێرانیش ئامادەكارییانكردووە بۆ هەر ئەگەرێك كە بێتە پێشەوە.


بەپەلە