دەزگای میدیایی شارپرێس دەبێتە سپۆنسەری میدیایی شانۆیی (بێتاوانی و سزا) کە لە نوسینی نوسەری دیاری کورد بەختیار عەلی و بەرهەمی کۆڕی شانۆی با-یە.
بێتاوانی و سزا لە دەرهێنانی ڕێژەن جەمال، دووەم بەرهەمی کۆڕی شانۆی با-یە کە لەمساڵدا نمایش دەکرێت و بڕیارە لە ڕۆژانی 12-9 تا 23-9 لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی کاتژمێر 5ی ئێوارە نمایش بکرێت.
بێتاوانی و سزا وەرگیراوە لە دەقی بۆ دۆزەخ ئەی بێ گوناهان لە نوسینی بەختیار عەلی، لەبارەی چیرۆکی کارەکە: "مستەفا، فەرمانبەرێکی ئاساییە. لە کاتێکدا لە دەوامی ڕۆژانەی خۆی دێتەدەرێ، لەلایەن دەزگایەکەوە دەگیرێت و دەبرێتە زیندان. کاتێكیش مستەفا پرسیار دەکات ئاخۆ لەسەر ئەوە گیراوە کە تاوانبارە؟ بەرپرسانی دەزگاکە بۆی ڕووندەکەنەوە ئەو لەسەر بێتاوانی گیراوە.. هیچ هاوڵاتییەك نابێت هەست بە بێتاوانیی بکات.. بۆیە مستەفا ناچار دەکرێت تاوانێك بۆخۆی بدۆزێتەوە، هەر خۆیشی شایەت بۆ تاوانەکەی پەیدا بکات، لەکۆتایشدا هەر خۆی جۆری سزاکەی دیاریبکات".
ئەم بەرهەمە بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی و بە هاوکاری پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانیە و بە سپۆنسەری میدیایی شارپرێس نمایش دەکرێت.
