ئه‌بو خه‌وله‌ دەنگه‌ سامناكه‌كه‌ى ئه‌بوغرێب.. ئەو پیاوەی لەیەککاتدا جەلادو قوربانیی بوو

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2304 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ تایبه‌ت:

لەنێوان ده‌نگى ناسازى بڵندگۆكانى زیندانی ئەبوغرێب‌و ژورە خوێناوییەکانی ئەشکەنجەدا، ناوێک هەیە مێژویەکی دژبەیەک‌و تەمومژاوی لەدوای خۆی جێهێشتوە؛ (ئەبو خەولە)، ئەو کەسایەتییەی کە بۆ هەزاران زیندانیی کورد وەک جەلادێکی نادیارو بانگخوازێکی مەرگ دەردەکەوت، لەبنەڕەتدا چیرۆکی تاقەتپڕوکێنی بیرمەندێکی وەک (عەزیز سەید جاسم) لەپشتە، پیاوێک کە لەیەککاتدا، بوو بەو دەنگە سامناکەی حوکمی سێدارەی بەسەر هاوڕێکانی خۆیدا دەخوێندەوەو ئەو قوربانییە بێناوەش کە دواجار جەستەی لەناو هەمان ئەو کارگەی مردنەدا زیندەبەچاڵکرا کە خۆی بەزۆر کرابوو بەبێژەری زیندان.



لەناو ڕوبەری 280 دۆنم لەخاک‌و خوێن، لەو شوێنەی کە مێژوو بە "کارگەی سڕینەوەی مرۆڤ" ناوی دەبات، ناوێک هەیە تەنها بیستنی بەس بوو بۆ ئەوەی دڵی هەزاران زیندانی لەلێدان بکەوێت، ئەو ناوە (ئەبو خەولە)یە؛ ئەو بێژەرە نادیارەی لەپشت بڵندگۆکانی زیندانی ئەبوغرێبەوە، حوکمی مەرگ‌و ئەشکەنجەی بەسەر هۆڵەکاندا دابەش دەکرد.



دەنگێک وەک جەلادێکی نادیار
به‌گوێره‌ى بەدواداچونەکانی شارپرێس، لەزیندانە سیاسییەکانی سەردەمی بەعسدا، "دەنگ" تەنها ئامرازێکی گەیاندن نەبوە، بەڵکو یەکێکبوە لەهەرە شێوازە سامناکەکانی ئەشکەنجەی دەروونی.

عیرفان کە سێ ساڵ‌و هه‌شت مانگ‌و 15 ڕۆژی لەناو ئەو دیوارە ساردانەدا بەڕێکردوە، باس لەوەدەکات کە چۆن هەرکاتێک دەنگی ئەو پیاوە لە بڵندگۆکانەوە دەهات، ترس‌و دڵەڕاوکێ باڵی بەسەر هەموو هۆڵەکاندا دەکێشا؛ چونکە ڕاستەوخۆ دوای ئەوە، قوربانییەکە بەرەو ژورە بچووکەکان دەبردرا بۆ بەرکەوتنی کارەبا، هەڵواسین بەسەره‌وخوار، یان ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ سەگی پۆلیسی.

عیرفان وەستا محەمەد زیندانی سیاسیی کە سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپابوو، به‌ڵام دواى ئه‌و ماوه‌یه‌ دواتر به‌لێبوردنێكى گشتیى ئازادكراوه‌، بۆ شارپرێس دەڵێت، "ئەو دەنگەی لە بڵندگۆکانەوە دەهات، وەک جەلادێکی نادیار وابوو کە زیندانییەکانی لەترس‌و دڵەڕاوکێیەکی بەردەوامدا دەهێشتەوە".

ئەو شایەتحاڵە باس لەوەدەکات کە چۆن ئەبو خەولە (کە پیاوێکی باڵا مامناوەند، کەمێک ورگن‌و خاوەن سمێڵێکی ڕەش بوە)، تەنها بەناوهێنانی زیندانییەک، کۆتایی بەژیانی دەهێنا یان دەیخستە ناو قۆناغێکی تاقەتپڕوکێن.



وه‌كو عیرفانى وه‌ستا محه‌مه‌د ده‌ڵێت، "ئەبوغرێب بۆ کورد تەنها زیندان نەبوو، بەڵکو تاقیگەیەک بوە بۆ تاقیکردنەوەی دڕندەترین شێوازەکانی سڕینەوەی ئیرادە، زیندانەکە بەسەر سێ بەشی سەرەکیدا (سیاسی، سێدارەو نهێنی) دابەشکرابوو، کە تێیدا مرۆڤەکان دەکرانە ژمارەیەکی بێناو".

ئەبوغرێب؛ مۆتەکەی ماڵە کوردەکان
بۆ کورد، ئەبوغرێب تەنها زیندان نەبوو، بەڵکو چەکێکی تۆقاندنی دەستەجەمعی بوو، دایکان‌و باوکانی کورد دەیانزانی هەر گەنجێک پێی بخاتە ئەو زیندانە، ڕوبەڕوی تۆمەتی خیانەتی نیشتمانی دەبێتەوە، عیرفان وەستا محەمەد یادەوەرییەکی خوێناوی دەگێڕێتەوە، "ڕۆژێک لەناو زیندان یادی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانمان کردەوە، کاتێک ئەبو خەولە ناوی ئێمەی خوێندەوە، ئەشکەنجەیەکیان داین کە هەندێکمان بەبەتانی دەبراینەوە بۆ هۆڵەکانى زیندان، چونکە لەجوڵە خرابوین".

کێشەی ناسنامە؛ جەلاد یان قوربانیی؟
سەرەڕای ئەو وێنە ترسناکەی لەلای زیندانیانی کورد دروست بوە، لایەنێکی دیكه‌ى ئەم هاوکێشەیە هەیە کە د. تەها جەزا ئەکادیمیست‌و پڕۆفیسۆر، پەردەی لەسەر لادەبات، به‌گوێره‌ى وتەی ئەو، ئەم ئەبو خەولەیە لەبنەڕەتدا ناوی (عەزیز سەید جاسم)ە؛ بیرمەندو نوسەرێکی گەورەی عێراقیه‌ کە خۆی قوربانیی ئەو سیستمە بوە.



د. تەها جەزا ئاماژە بەوەدەکات، عەزیز سەید جاسم سۆفییەکی مۆدێرن‌و مرۆڤێکی پاک بوە کە هەرگیز بۆ پلەو پۆست خۆى نەچەماندوه‌ته‌وه‌، به‌گوێره‌ى ئەو گێڕانەوەیە، ئەوکارەی لەزینداندا بەزۆر بەسەرداسەپێنراوەو ئەویش وەک زیندانییە کوردەکان، یەکێکبوە لەقوربانییە بێسەروشوێنکراوەکانی ئەبوغرێب کە پێنوسەکەی کردە قوربانیی هەڵوێستەکانی‌و تائێستاش تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.

ئەنجام.. مێژویەک لەنێوان دوو وێنەدا
ئەم بەدواداچونەی شارپرێس دەریدەخات کە مێژوی ئەبوغرێب هێندە ئاڵۆزە، تەنانەت دەنگەکانیش دوو چیرۆکی جیاواز دەگێڕنەوە؛ لایەک وەک جەلادێکی نادیار دەیبینێت‌و لایەکەی دیكه‌ وەک بیرمەندێکی دەستبەسەر کە وشەکانی بون بەقوربانیی جەنگی دژی زوڵم، بەڵام لەکۆتاییدا، هەر هەمویان لەژێر سێبەری سیستمێکی تۆقێنەردابون بەقوربانیی دۆزەخی ئەبوغرێب‌و گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دەوروبەری، کە تائێستاش شاهیدی ئەو سەردەمە ڕەشەن.