ئازاد وەرتی
مێژووی کوردستان پڕە لە دەرفەتە مێژووییە زێڕینەکان. بێگومان
دروستبوونی میرنشینە جۆراوجۆرە کوردییەکان ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە پاراستنی
زمان، کولتوور، و شوناسی کوردی. هەڵبەتە ژمارەی میرنشینەکان لە مێژووی کورد زۆرن،
بەڵام لێرەدا تیشک دەخەینە سەر گرنگترین و بەناوبانگترینیان بەپێی کاتی سەرهەڵدانیان:
١) میرنشینی شەدادی
(٩٥١ - ١١٧٤ زاینی): ئەم میرنشینە لە بنەماڵەی شەدادییەکان پێکهاتبوو، کە دیارترینیان
محەمەد کوڕی شەداد و فەزڵونی یەکەم بوو. لە ساڵی (٩٥١) تا (١١٧٤) زایینی (نزیکەی
٢٢٣ ساڵ) درێژەی کێشاوە. سروشتی دەسەڵاتەکەی دەسەڵاتێکی سەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆ
بووە؛ پایتەختەکەیان شاری "ئانین" و "گەنچە" بوو. گرنگییەکی زۆریان
بە ئاوەدانکردنەوە، دروستکردنی پرد و قەڵا داوە. سنووری قەڵەمڕەوی ئەم میرنشینە بریتی
بوو لە ناوچەکانی ئاران (ئەرمینیای ئێستا) و بەشێک لە ئازەربایجان و قەفقاز. بەڵام
بەهۆی هێرشی بەردەوامی سەلجوقییەکان و دواتریش هێرشی گورجییەکان (جۆرجییەکان)، میرنشینەکە
لاواز بوو و کۆتایی پێهات.
٢) میرنشینی مەروانی
(٩٩٠ - ١٠٨٥ زاینی): ئەم میرنشینە لە بنەماڵەی مەروانی پێکهاتبوو کە دیارترینیان
باد کوڕی دۆستەک و نصر الدولة ئەحمەد بوو. سەردەمی دەسەڵاتی لە (٩٩٠) تا (١٠٨٥) زایینی
بووە، واتە نزیکەی (٩٥) ساڵ فەرمانڕەواییان کردووە. سەردەمی "نەسرولدەولە"
بە سەردەمی زێڕینی ئەم میرنشینە دادەنرێت؛ پەیوەندی دیپلۆماسی بەهێزیان لەگەڵ بیزەنتییەکان
و فاتمییەکان هەبووە، ئابوورییەکی بەهێز و سەقامگیریان دروستکردبوو. سنووری قەڵەمڕەویان
لە باکووری کوردستان و سەرەوەی میزۆپۆتامیا، ناوچەکانی ئامەد (دیاربەکر)، ماردین،
میافارقین، و خەڵات بووە. بەڵام سەرەنجام لەلایەن سوڵتانی سەلجوقی (مەلیکشا)ـوە هێرشیان
کرایە سەر و لە ساڵی (١٠٨٥) زایینی داگیر کرا و کۆتایی پێهات.
٣) میرنشینی ئەردەڵان
(١١٦٩ - ١٨٦٧ زاینی): دەسەڵاتدارانی ئەم میرنشینە بنەماڵەی ئەردەڵان بوو، دیارترینیان
هەنگاو میر، خسرۆ خان و مێژوونووس و شاعیری بەناوبانگ مەستوورەی ئەردەڵانی. سەردەمی
دەسەڵاتی دەگەڕێتەوە بۆ (١١٦٩) تا (١٨٦٧)، واتە نزیکەی (٧٠٠) ساڵ فەمانڕەواییەکەی
درێژەی کێشا و یەکێکە لە تەمەن درێژترین میرنشینە کوردییەکان. سروشتی دەسەڵاتەکەی
پارسەنگی هێز بوون لە نێوان عوسمانی و سەفەوییەکاندا. گرنگییەکی زۆریان بە زمان و
ئەدەبی کوردی شێوەزاری گۆرانی/هەورامی دەدا و سنەیان کردە مەڵبەندێکی ڕۆشنبیری گەورە.
سنووری قەڵەمڕەوییەکەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو وەک ناوچەکانی سنە (پایتەخت)،
کرماشان، مەریوان و هەمەدان. ڕوخانی ئەم میرنشینەش بە هۆی سیاسەتی مەرکەزی گۆڕینی
دەسەڵاتەوە بوو لەلایەن قاجاڕەکانی ئێرانەوە کە دواجار لە ساڵی (١٨٦٧) ناسرەدین شا
حاکمێکی تارانی لە سنە دانا.
٤) میرنشینی مەلیکان
لە حەسەنکێف (١٢٤٩ - ١٥٢٤ زاینی): دەسەڵاتی ئەم میرنشینە لە نەوەکانی بنەماڵەی ئەییووبی
(ئەییووبییەکانی حەسەنکێف) پێکهاتبوو. سەردەمی دەسەڵاتی دەگەڕێتەوە بۆ دوای ڕووخانی
دەوڵەتی ئەییووبی گشتی، لقی حەسەنکێف لە ساڵی (١٢٤٩) دامەزرا و تا (١٥٢٤) مابووەوە.
پایتەختی ئەم میرنشینە شاری مێژوویی و ستراتیژی حەسەنکێف بوو لەسەر ڕووباری دیجلە.
سروشتی دەسەڵاتەکەی میرنشینێکی شاهانە بوو کە شوێنەواری بیناسازی ئیسلامی و کوردی
ناوازەی لێ بەجێما (وەک مزگەوت، کۆشک و پردی مێژوویی حەسەنکێف). لێهاتوویی میرەکانی
ئەم ناوچەیە لەوەدا بوو کە توانیان لەژێر هێرشی توندی مەغۆلەکان، ئاق قۆیونلو و قەرە
قۆیونلوەکاندا بە دیپلۆماسیەت خۆیان بپارێزن. بەڵام دوای شەڕی چاڵدێران (١٥١٤) و ڕێککەوتنی
کورد و عوسمانییەکان، عوسمانییەکان لە ساڵی (١٥٢٤) دا ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی حەسەنکێفیان
خستە ژێر بەڕێوەبەرایەتی ویلایەتی ئامەد و کۆتاییان بە حوکمەکەیان هێنا.
٥) میرنشینی هەکاری (سەدەی ١٣ - ١٨٤٩ زاینی): دەسەڵاتدارانی
ئەم میرنشینەش بنەماڵەی شێخانی هەکاری بوون کە یەکێک لە دیارترین میرەکانیان میر شەسەدین
و دواتریش میر نوورەڵا بەگ بوو. سەردەمی دەسەڵاتیان وەک قەوارەیەکی خۆجێی لە سەدەی
١٣ تەکوز بوو، بەڵام گەشەسەندنی ڕاستەوخۆی لە سەدەی (١٤) تا ساڵی (١٨٤٩) بەردەوام
بوو. پایتەختیان شاری جۆلەمێرگ (هەکاری) بوو. سنووری قەڵەمڕەوییان ناوچە شاخاوییە
سەختەکانی نێوان باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، وەک ناوچەکانی جۆلەمێرگ، گەوەر،
ئەلباك، و چەند ناوچەیەکی دەوروبەری دەریاچەی وەن و ورمێ. ئەم میرنشینە بەهۆی
جوگرافیایەکی سەختەوە پارێزگارییەکی توندی لە سەربەخۆیی خۆی دەکرد و هێزێکی سەربازی
چوستیان هەبوو. پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ مەسیحییە ئاشوورییەکان (نەستورییەکان)
هەبوو. هۆکاری ڕوخانیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ساڵانی (١٨٤٠) ململانێ لە نێوان
میر نوورەڵا بەگ و ئاشوورییەکان تەقییەوە و دەوڵەتی عوسمانی ئەم دەرفەتەی قۆستەوە
و لە ساڵی (١٨٤٩) بە تەواوی میرنشینەکەی هەڵوەشاندەوە.
