شارپرێس:
لەهەنگاوێکی ستراتیژیدا
بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی وشکانیو دەریایی، تایوان پەردەی لەسەر نوێترین دەستکەوتی
سەربازیی خۆی لادا، سیستمێکی سەرشانهاوێژی پێشکەوتوو کە بەتایبەت بۆ تێکشاندنی نێچیرە
پۆڵایینەکانى چین دیزاینکراوە.
ئەم چەکە نوێیە کە لەلایەن
دامەزراوەی (NCSIST) پەرەی پێدراوەو ناوی (کێسترێل 2)ە، تەنها کێشی 7.4 کیلۆگرامە، بەڵام
توانایەکی وێرانکەری هەیە کە هاوسەنگی هێز لەمەیدانی جەنگدا دەگۆڕێت، گەورەترین
بازدانی تەکنەلۆژی لەم چەکەدا، توانای بڕینی زرێپۆشی پۆڵایینە تائەستوری 670 ملیمەتر
(واته 67 سانتیمهتر)، ئەمەش واتا دوو هێندە بەهێزتر لەنەوەی پێشوو، کە دەتوانێت
لەمەودای 500 مەترەوە ئامانجەکانی بپێکێت.
ئەوەی ئەم سیستمە دەکاتە
چەکێکی زیرەک، بونی سیستمی نیشانەشکێنیی هێڵی بینینی پێشبینیکراوه کە دەتوانێت جوڵەی
ئامانجەکان پێشبینی بکات، لەگەڵ کامێرای گەرمیبین بۆ ڕاوکردنی دوژمن لەتاریکیی شەودا،
هەرچەندە ئەم چەکە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆی تانکی قورس لەپێشەوە نییە، بەڵام بۆ
هێرشی کتوپڕو کەمین (بۆسه) لەلایەکانو پشتەوە، دەبێتە کابوسێکی ڕاستەقینە بۆ
تانکو ئۆتۆمبێلە لۆجیستییەکانی دوژمن.
ئەم پەرەپێدانە نوێیەی
تایوان پەیامێکی ڕونە بۆ چین کە هەر هەوڵێکی هێرشی وشکانی یان دەریایی، ڕوبەڕوی
سوپایەک دەبێتەوە کە چەکی سوک، بەڵام کوشندەی لەسەرشانە.
سهرچاوهكان دهڵێن،
کاتێک تانکێک یان ئۆتۆمبێلێکی دوژمن لەجوڵەدایە، زۆر ئەستەمە بەوردی بیپێکیت، چونکە
تا گولەکە دەگاتە ئەوێ، تانکەکە شوێنەکەی گۆڕیوە، ئەم سیستمە چەند چرکەیەک چاودێری
جوڵەی تانکەکە دەکات، خێراییو ئاراستەکەی دەپێوێت، پاشان بەنیشانەشکێنەکە بەسەربازەکە
دەڵێت کە دەبێت بۆ کوێ بتەقێنێت (نەک بۆ ئەو شوێنەی تانکەکەی لێیە، بەڵکو بۆ ئەو
شوێنەی کە تانکەکە دوای چەند چرکەیەک لێی دەبێت)، سەربازەکەش پێویستناکات حساباتی
ئاڵۆزی بیرکاری بکات؛ تەنها نیشانەکە دەخاتە سەر ئەو خاڵەی سیستمەکە بۆی دیاریکردوەو
دهیتهقێنێت.
