پەرلەمانی ئەوروپا بڕیارێکی دژی ئێران پەسەند کرد

جیهان

58 خولەک پێش ئێستا‌ 282 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی ئەوروپا لە کۆبوونەوەیەکدا لە ستراسبۆرگ بڕیارێکی هاوبەشی پەسەند کرد و شەپۆلی سەرکوتکردن و لەسێدارەدان و پێشێلکاری بەربڵاوی مافی مرۆڤی لە ئێران بە توندی سەرکۆنە کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی  سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنی سەرجەم زیندانیانی سیاسی کرد.

لەڕاگەیەندراوێکدا پەرلەمانی ئەوروپا پشتگیری خۆی بۆ خەڵکی ئێران ڕاگەیاند،  دەڵێت، کۆماری ئیسلامی سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ پێشگرتن لە ناڕەزایەتی سود لێ وەردەگرێت. 

پەرلەمانی ئەوروپا بە توندی سەرکۆنەی لەسێدارەدانی نهێنیی نەیارانی سیاسی لەوانە نەوجەوانان کردووە و داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە  سەرجەم زیندانیانی سیاسی ئازاد بکەن.

هەروەها داوای پەرەپێدانی سزای سەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، سوپای پاسداران و دامودەزگاکانی سەر بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی کردووە، داواشیان لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا کردووە کە چوونە ژوورەوەی ئەندامانی سوپای پاسداران و بنەماڵە نزیکەکانیان بۆ ئەوروپا قەدەغە بکەن و چالاکییەکانی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی کۆماری ئیسلامیی ڕابگرن.