ئێران بەنهێنیی چەندین هاوڵاتیی عێراق بەتۆمەتی سیخوڕیی لەسێدارەداوە

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1297 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی (هەنگاو) کە بنکەکەی لەنەرویژە ڕایگەیاندوە، دەسەڵاتدارانی ئێران مانگی ڕابردوو سزای لەسێدارەدانی نهێنییان بۆ دوو هاووڵاتیی عێراقی بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ دەوڵەتێکی عەرەبی جێبەجێکردوە.


ڕێکخراوەکە دەڵێت، "ئەو دوکەسە ناویان عەلی نادر عوبێدی (27 ساڵ)و فەزل شێخ کەریم (29 ساڵ) بوەو خەڵکی شاری عەمارەی پارێزگای میسانی باشوری عێراق بون".

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتەکە، پرۆسەکە لەبەندیخانەی ناوەندیی کەرەج‌و لەکۆتا ڕۆژەکانی گرژییەکانی نێوان ئێران‌و ئەمریکاو ئیسرائیلدا ئەنجامدراوە.

هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو دوو گەنجە ساڵی ڕابردوو لەشاری کەرەج دەستگیرکراون‌و دۆسیەکەیان ڕەوانەی دادگای شۆڕشی ئیسلامی کراوە، دوای ئەوەی نزیکەی 11 مانگ لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعات‌و سوپای پاسدارانەوە ڕاگیراون‌و ئەشکەنجە دراون، لە ڕۆژى 6ی نیساندا (واته‌ مانگى ڕابردوو) لەسێدارەدراون.

دەشڵێت، "تائێستا میدیا فەرمییەکان‌و دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئەم هەواڵەیان بەشێوەیەکی فەرمی پشتڕاستنەکردوەتەوەو لایەنی عێراقیش هیچ لێدوانێکی لەوبارەیەوە نەداوە".

لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام ڕەخنە لەئێران دەگرن کە تۆمەتی سیخوڕیی‌و دادگاییکردنی شۆڕش وەک ئامرازێک بەکارده‌هێنێت کە هیچ شەفافییەت‌و گرەنتییەکی دادپەروەرییان تێدانییە.