شارپرێس:
ڕۆژى 21ى ئایاری هەموو
ساڵێک، جیهان یادی ڕۆژی جیهانیی (چایى) دەکاتەوە، وهكو دهوترێت، لەعێراق ئەم بۆنەیە
تەنها یادکردنەوەی خواردنەوەیەک نییە، بەڵکو گێڕانەوەی چیرۆکی هاوڕێیەتییەکی 112
ساڵەیە کە لەگەڵ هەموو ماڵو کۆڵانو بازاڕێکدا ئاوێتە بوە.
(چایى) لای عێراقییەکان
تەنها گیراوەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو هونەرێکە لەئامادەکردن، عێراقییەکان بەوە
ناسراون کە حەزیان لەچایی خەسته کە بەشێوازی لێنانو کوڵاندنی لەسەر ئاگرێکی زۆر
کزو هێواش بەبۆنو تامی هێل ڕازاوەتەوە، تەنانەت گەرمای تاقەتپڕوکێنی هاوینیش نەبوەتە
ڕێگر لەوەی، عێراقییەکان دەستبەرداری ئەو پیاڵه گەرمەبن، چونکە لای ئەوان چایى نیشانەی
حەسانەوەو میواندارییو کۆبونەوەی خێزانییە.
مێژوی بڵاوبونەوەی چایى
لەعێراقدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1914 لەسەردەمی داگیرکاری بەریتانیادا، واته 112 ساڵهو
لەوکاتەوە بوەتە بەشێکی جیانەکراوە لەژیانی ڕۆژانە، بهگوێرهى ئامارە جیهانییەکان،
عێراق لەدوای میسرو مەغریب، بەپلەی سێیەم دێت لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی بۆ زۆرترین
بەکارهێنانی چایى کە ساڵانە بڕی 68 هەزار تۆن چایی تێدا دەخورێتەوە.
وهكو چایچیهكانو ئهوكهسانهى
ساڵانێكى زۆرى تهمهنیان لهئامادهكردنى چاییدا بهڕێكردوه دهڵێن، چایى دوای
ئاو، دوەم زۆرترین خواردنەوەیە کە خەڵک داوای دەکاتو بەهیچ شێوەیەک گەرما کاریگەریی
لەسەر کەمکردنەوەی خواستی خەڵک نییە، ئەم حەزە بۆ چایى لهعێراق، تەنانەت بۆ خهڵكانى
غهیره عێراقیش گواستراوەتەوە، زۆرێک لەعێراقییەکانی دەرەوەی وڵات دەڵێن یەکەم شت
کە بیری دەکەن، تامی ئەو چا خەستەیە کە لەوڵاتانی دیكه دەستیان ناکەوێت.
