کەرکوک و خاکەکەی لەبەردەم خۆبەخاوەنکردنی ئەردۆغان و بێدەنگی و بێ هەڵوێستی بەرپرسانی کورددا

ڕاپۆرت

06/09/2023‌ 1804 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

خاوەنە ڕاستەقینەکەی خۆی بێدەنگە و وڵاتانی تر دەیانەوێت خۆیان بکەنە بڕیاردەر لە سەر شارەکە.
لە پشت وتەکانی ئەردۆغان و لێدوانی ئەمریکاو گرژییەکانی کەرکوکەوە چی تر دەگوزەرێت؟

لە دوای گرژی و ئاڵۆزییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوی کەرکوک، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، شارەکە لە بنەڕەتدا زێدی تورکمانەکانە و ڕێگە نادەن ئارامی ئەو جوگرافیایە تێکبچێت.

سەرۆک کۆماری تورکیا وتیشی بە هاکان فیدان وەزیری دەرەوە و ئیبراهیم کاڵنی سەرۆکی میتی وتووە، لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی کەرکوک بن و بۆ ئەوەش پەیوەندیان بە خێزانی بارزانیەکان و سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە.

بەو شێوەیەش وڵاتەکەی وەک خاوەنی کەرکوک نیشاندا و تورکمانەکانیشی وەک ڕەسەنترین دانیشتوی شارەکە وێنا کرد.

بە جۆرێکیش قسەی کرد وەک ئەوەی حکومەتی هەرێم و بەرپرسەکانی هیچ کاریگەرییەکیان لە کەرکوک و تەنانەت لە هەرێمیش نەبێت، چونکە خۆی وتەنی خێزانی بارزانییەکانی ڕاسپاردووە نەک وەکو بەرپرسی حکومی مامەڵەی لەگەڵ کردبن، ئەوەش دوپات دەکاتەوە، تورکەکان خۆیان بە خاوەنی ڕاستەقینەی کەرکوک دەزانن و وەک بەشێک لە جوگرافیای وڵاتەکەیان تەماشای دەکەن و بەردەوام چاویان لەسەریەتی.

لە بەرامبەر ئەم لێدوانەی ئەردۆغاندا هەرزوو بەشێک لە بەرپرسانی عێراقی هاتنە دەنگ و وەڵامیان دایەوە و کەرکوکیان وەک شارێکی عێراقی وەسف کرد.

کەچی تاوەکو ئێستا هیچ بەرپرسێکی هەرێم وەڵامی قسەکانی ئەردۆغانی نەداوەتەوە، تەنانەت ئەمریکاش لە بارەی کەرکوکەوە قسەی هەبوو بەبێ ئەوەی حکومەتی هەرێم یان هیچ کام لە بەرپرسەکانی هیچی لە بارەوە بڵێن.

جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش قسەی لەسەر دۆخی کەرکوک کرد و ڕایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێریی گرژییەکان دەکەن و داوا لە هەموو لایەنەکاندەکەن، لە رێگەی گفتوگۆ و لەچوارچێوەی مادەی١٤٠ ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن.

بێدەنگی بەرپرسانی باڵای کورد و قسەی بەرپرسانی باڵای عێراق و تورکیا و ئەمریکا لە سەر رەوشی کەرکوک، دەریدەخات بارودۆخی شارەکە لەوە دەرچووە تەنیا بۆ گەڕانەوەی بارەگایەکی حزبی بێت، بەڵکو هەست بە هاوکێشەیەکی ئالۆزتر لە پشت ڕوداوەکانەوە دەکرێت و ڕەنگە لەم نێوەندەشدا وەک هەمیشە کورد قوربانییە گەورەکە بێت.

ئەگەر ئێستا تورکیا بەو ڕاشکاویە باس لە ویستی خۆی بۆ کەرکوک بکات و بەرپرسانی کوردیش بێدەنگ بن، ڕەنگە لە داهاتوشدا هێزی لە بارەوە بجوڵێنێت و بە ناوی پاراستنی تورکمانەکانەوە پەلاماری شارەکەش بدات، کەس وەڵامی نەداتەوە و هیچ هێز و لایەنێک لەسەر کەرکوک نەیەتە وەڵام.