كۆلێراكەی كوردستان لە دەرەوە هاوردە كراوە؟‌

مەلەفی تایبەت

15/09/2023‌ 1061 جار خوێندراوه‌ته‌وه



د گۆران عبداللە
گومانی تیا نیە كە بڵاوبونەوەی كۆلێرا لە كوردستان پەیوەندی بە پیسبونی سەرچاوەكانی ئاوی خواردنەوەوە هەیە. ئاوی خواردنەوە لەو شوێنانەی كە كۆلێرای تێدا بڵاودەبێتەوە، تێكەڵبوە لەگەڵ‌ ئاوی ئاوەڕۆ و پیس. بەڵام ئایا بۆچی كۆلێرا جار ناجارێك سەر دەردەكات؟‌ كۆلێرا بەكتیریایەكە كە هەمیشە لە ئاو و خاكی كوردستان و عێراق بونی هەیە، پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی توشبون بە نەخۆشیەكە وەرزانە و بە بەردەوامی خەڵك توش ناكات؟‌

یەكێك لەو گریمانەی كە كەمترین قسەی لەسەر كراوە ئەوەیە كە بۆی هەیە كۆلێرا لە دەرەوەی كوردستانەوە هاوردە كرابێت. ئەم گریمانەیە لە ماوەی ڕابوردودا لە پەیوەست بە بڵاوبونەوەی كۆلێرا لە چەند وڵاتێكی دیكە قسەی لەسەر كراوە. بۆ نمونە پەتایەكی قورسی كۆلێرا كە لە وڵاتی رواندا لەم دواییە بڵاوبویەوە. بەگوێرەی هەندێ‌توێژینەوە، پەتاكەی روواندا پەیوەندی بە پەتایەكی هاوشێوە لە وڵاتی پاكستان هەیە. توێژینەوەیەكە لێكۆلێنەوەیەكی وردی
جیناتی ئەو بەكتیریایە كرد كە لە ڕوواندا بڵاوبویەوە بەراورد كرد لەگەڵ ئەوەی لە پاكستان سەریهەڵدا . ئەو . توێژینەوەیە دەریخست  كە بەكتیریاكەی ڕوواندا كت و مت وەكو ئەوەی پاكستانە. بڵاوبەونەوەی كۆلێرا لە ڕوواندا بە ماوەیەكی كەم دوای ئەوەی پاكستان ڕوویدا. بە گوێرەی توێژەرەكان، بەكتیریاكەی پاكستان لەڕێگیەی گەشتیارێكی پاكستانیەوە كە سەفەری ڕوواندای كردبو بڵاوبویەوە. لە پاكستان كۆلێرا بە سەختی دوای ڕوودانی لافاوێكی كوشندە ڕوویدا لە كاتێكدا لە ڕوواندا وەرزی وشكەساڵی بو، بەڵام بە ماوەیەكی كەم دوای ئەوە لە ڕو
وانداش لافاو ڕوویدا و ئەو بەكتیریایەی كە لە پاكستانەوە گەیشتە ڕوواندا بوە هۆی سەرهەڵدانی پەتایەكی كوشندەی كۆلێرا كە لە مێژوی ئەو وڵاتەدا كەموێنەیە.

ئەم سیناریوییە بۆی هەیە لە كوردستانیش ڕووبدات. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە ژمارەیەكی بەرچاو كرێكاری (بە تایبەتی بەنگلادیشی) هاتونەتە كوردستانەوە. ئەمە جگە لە ژمارەیەكی زیاتری گەشتیار كە ساڵانە سەردانی هەرێم دەكەن. ئەم گەشتیار و كرێكار و هاموشۆكەرانە بۆی هەیە بەكتیریای كۆلێرا لەگەڵ‌ خۆیان بهێنن. لە كاتێكدا كە كوردستان خۆی فەسیڵەی كۆلێرای تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام خەڵكی كوردستان بەرگەری نیە بەرامبەر بەو فەسیڵە تازانەی كە لەڕێی گەشتیارەوە ئەهێنرێتە كوردستانەوە. هەر بۆیەشە كە (وەكو ڕوواندا) كۆلێرا تازەكە دەتوانێت كاریگەری گەورە و كوشندە دروستبكات و بە سەختی بڵاوبێتەوە. ئەمەمان لە پەیوەست بە كۆڤیدیشەوە بینی. چونكە كۆڤید  ڤایرۆسێكی تازە بوو و بەرگەری لەشی مرۆڤ لەسەری ڕانەهاتبو، لە سەرەتادا زۆر بە سەختی بڵاوبویەوە و ژمارەیەكی زۆری خەڵكی كوشت. بەڵام وردەوردە بەرگەری لەشی مرۆڤەكان لەگەڵی ڕاهات و بەرگەری بۆ دروستبو. هەر بۆیە ئێستا كۆرۆنا ئەو كوشندەییەی سەرەتای نەماوە.

سینارێوی هاوردەكردنی كۆلێرا لە وڵاتانی دیكەوە  پێمان دەڵێت كە پێویستە بەلای كەمەوە ئاگاداری سێ شت بین. یەكەم دەبێت بە گرنگیەوە لە بڵاوبونەوەی كۆلێرا لە وڵاتانی دونیا بڕوانین بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی كە هاموشۆیان لەگەڵ كوردستان هەیە. بڵاوبونەوەی كۆلێرا لە هەر شوێنێك كە جۆرێك لە هاموشۆی لەگەڵ‌ كوردستان هەبێت، زەنگێكی مەترسیدارە و پێویستە بە جیدییەوە وەربگیرێت و ئامادەكاری بكرێت بۆ بڵاوبونەوەی كۆلێرا لە كوردستانیش.

دووەم:‌ پێویستە گرنگی بدرێت بە تەندروستی ئەو كرێكار و گەشتیارانەی كە دێنە كوردستانەوە و لەڕووی پزیشكیەوە پشكنینیان بۆ بكرێت كە ئاخۆ هەڵگری بەكتیریای كۆلێران یا نا. كەسێك كە هەڵگری كۆلێرا بێت بۆ هەیە نیشانەیەكی ئەوتۆی نەبێت و تەنها یەك كەسی هەڵگر بۆی هەیە وڵاتیك‌ تووشی پەتایەكی سەخت بكات. بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەك نابێت وەكو بیانوییەك بۆ جێكاری دژی كەسانی بیانی بەكاربهێنرێت.

 سێیەم، پێویستە هۆشیار بین لە بەرامبەر گۆڕانكاری كەش و هەوا و كاریگەرییەكانی لەسەر بڵاوبونەوەی پەتا  و نەخۆشیی وەكو كۆلێرا. ئەم ژمارە كەمەی كۆلێرا كە لە ئێستادا بڵاوبوەتەوە ڕەنگە تەنها  ئاگاداركردنەوەیەك بێت و بۆی هەیە پەتای فراوانتر و كوشندەتر بەڕێگاوە بێت. ئەزمونی ڕوواندا و پاكستان پێمان دەڵێت كە گۆڕانی كەش و هەوا چی كاریگەریەكی كوشندەی هەیە لە بڵاوبونەوەی نەخۆشیی. لە وەرزە گەرمەكەی هاویندا جۆر و فەسیڵەی تازەی كۆلێرا دەهێنرێتە كوردستانەوە بە تایبەتی لەڕێی ئەو گەشتیارانەی كە بۆ حەوانەوە لە هاوینەهەوارەكانی هەرێم گەشت دەكەن. ئەم بەكتیریا تازەیە تێكەڵ‌ بە ئاو و زەوی دەبێت. دواتر بارانی لەپڕ و بەخوڕی پایز و دروستبونی لافاو باشترین زەمینە سازدەكات بۆ بەكتیریای كۆلێرا كە نەشونوما بكات و زیاتر بڵاوبێتەوە، لافاو ئەو ژمارە زۆرەی بەكتیریاكە تێكەڵ بە ئاوی خواردنەوە دەكات و لە ئەنجاما ژمارەیەكی زۆری خەڵك توشی نەخۆشیەكە دەبن. بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەكان پێویستە ئامادەكاری تەواوبكەن بۆ گەڕێكی توند و فراوان و كوشندەی تری كۆلێرا لە وەرزی پایز و دوای ڕوودانی لافاو لە كوردستان.