ڤاكسینێكى تایبه‌ت به‌رهه‌مده‌هێنرێت

تەندروستی

17/09/2023‌ 469 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیایەکی دەرمانسازیی فەرەنسیی لەبەرهەمهێنانی ڤاکسینێکی تایبەت بەشێرپەنجەی سییەکان نزیکبۆتەوە.


توێژینەوەیەکی فەرەنسیی کە لەمدواییە  لەبواری گەڕان بەدوای دەرمانێکی کاریگەر دژی شێرپەنجە، بەتایبەتی شێرپەنجەی سییەکان ئەنجامدراوەو  ئەنجامەکانی لەلایەن کۆمپانیای بایۆتەکنەلۆجی فەرەنسیOSE Immunotherapeutics ڕاگەیەندراوە كه‌ گەیشتۆتە ئەنجامێکی ئەرێنیی بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینی چارەسەریی Tedopi کە بۆتە هۆی کەمبونەوەی مەترسیی مردن لەتوشبوانی شێرپەنجەی پێشکەوتوی سییەکان بەراورد بەکاریگەرییەکانی چارەسەری کیمیایی.

ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە کە لەگۆڤاریAnnals of Oncology لەکۆتا قۆناغی تاقیکردنەوە کلینیکییەکان کە پێش دەرچونی ڤاکسینەکەیە بڵاوکراوەتەوە دەریخستوە کە 44.16 لەو نەخۆشانەی کە ئەم تاقیکردنەوەیان ئەنجامداوە، ساڵێک دوای دەستپێکردنی چارەسەرکردن لەگەڵ ڤاکسینەکە هێشتا لەژیاندا ماون، لەکاتێکدا تەنها 27.5%  لەگروپی چارەسەری کیمیایی هێشتا لەژیاندابون.

لای خۆیەوە پرۆفیسۆر بینگامان پێس سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکەو بەڕێوەبەری توێژینەوەی کلینیکیی لەپەیمانگای گوستاڤ-ڕۆسی ڕونیکردەوە، گۆڕینی چارەسەری کیمیایی بەڤاکسین ڕێگە بەکوالێتیی ژیانێکی باشتر  بۆ نەخۆشەکان دەدات‌و کاریگەرییە لاوەکییەکانی کەمدەکاتەوە.

هەروەک نیکۆلاس پۆیریێر بەڕێوەبەری گشتیی ئۆسی ئیمینۆتێراپیوتیکس، وتویەتی کە ئەم ئەنجامانە "هیوایەکی نوێ بۆ ئەم نەخۆشانە دەبەخشن".

ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لەهەزار دەرزی لەکاتی توێژینەوە کلینیکییە جیاوازەکاندابەکارهاتوە.

ئامانج لەبەرهەمهێنانی ڤاکسینی چارەسەری شێرپەنجە پەروەردەکردنی سیستەمیی بەرگریی جەستەیە بۆ ناسینەوەو لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان.

کۆمپانیای بایۆتەکنەلۆجی فەرەنسی ئاماژەی بەوەکردوە کە ڤاکسینی "تیدۆبی" کاریگەرییەکانی بۆ ئەو نەخۆشانەی کە جینیHLA-A2یان هەیە سەلماندوە کە لەنیوەی دانیشتواندا هەیە، ئەو نەخۆشانەشی کە چونەتە ناو تاقیکردنەوەکە، پێشتر چارەسەری کیمیایی‌و چارەسەری بەرگرییان وەرگرتبوو.

و: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە