ھەڤاڵ ئەبوبەكر لەبارەی ھێرشەكەی فڕۆكەخانەی عەربەتەوە ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

کوردستان

18/09/2023‌ 7142 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند "بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ بەتوندیی سەركۆنەی ئەو دەستدرێژییانە دەكەین؛ كە ئەمڕۆ كرانە سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەت و، بارەگای كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لە هەولێرو، هەموو ئەو سنوربەزاندن و پەلاماردانانەیشی؛ لە ڕابردودا كراونەتە سەر هەرێمی كوردستان".

هەڤاڵ ئەبوبەكر لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت "هاوخەمیی و پەژارەو پرسەی فەرمیی خۆمان بۆ شەهیدانی ئەم ڕوداوە نەخوازراوانە دەردەبڕین و، هیوای چاكبونەوەی خێرا بۆ بریندارەكان دەخوازین".

ئاماژە بەوەش دەكات "داوا لە وڵاتانی ناوچەكە دەكەین ڕێز لە سەروەریی خاكی هەرێمی كوردستان و عیراق بگرن، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ئیتحادیی و هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەین كۆتایی بە ناكۆكییە ناوخۆییەكان بهێنن و، خۆیان و وڵاتەكەمان لە هەر ململانێیەكی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بەدوربگرن و شكۆو سەروەریی نیشتمانیی وڵات بپارێزن".

بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت سەبارەت بە ڕووداوەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت ڕایگەیاند، لە ڕێگەی درۆنەوە هێرشکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت و شەش كەس گیانیان لەدەستداوە
 
دابان محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت بڵاویكردەوە، کاتژمێر ٤:٠٥ خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ڕێگەی درۆنەوە هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت و  هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و ئاگرکوژاندنەوە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.

وتیشی: تا ئێستا زانیاری دروست و پشت ڕاست کراوە لەبەردەست نیە سەبارەت بە ئەو لایەنەی هیرشەکەی ئەنجامداوە، بەڵام بەپێی ئاماری پشت ڕاستنەکراوە شەش کەس کوژراون و کەسێکی دیکەش بریندار بووە، بەڵام زانیاری لەبارەی کوژراو بریندارەکان لەبەردەست نیە.