ناسا: بەهۆی بەرهەمهێنانی ئۆکسجینەوە کەشتیوانە ئاسمانییەکان دەتوانن لەسەر مەریخ بمێننەوە

هەمەڕەنگ

19/09/2023‌ 549 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەک کە لەسەر رووی هەسارەی مەریخ کراوە، دەریخستووە کە دەکرێت ئۆکسجینی شیاو بۆ هەناسەدان لە بەرگەهەوای تەنکی هەسارەکە بەرهەمبهێنرێت.

لەوبارەیەوە، پام میڵڕۆی جێگری بەڕێوەبەری ئاژانسی بۆشاییگەری ئەمریکی (ناسا) دەڵێت: ئاستی کارکردنی سەرنجراکێشی ئامێری "مۆکسی" ( ئامێری بەرهەمهێنانی ئۆکسجین) وایکردووە بتوانرێت لەبەرگەهەوای مەریخ ئۆکسجین دەربهێنێت، ئەمەش وادەکات لە داهاتوودا بتوانرێت ئۆکسجینی شیاو بۆ هەناسەدان یان سووتەمەنیی مووشەکیی بۆ کەشتیوانە ئاسمانییەکان دەستەبەر بکرێت.

لە مانگی شوباتی ساڵی2021ەوە، لە ماوەی 16 گەڕاندا، مۆکسی بە گشتی122 گرام ئۆکسجینی بەرهەم هێناوە، کە ناسا دەڵێت بەسە بۆ ئەوەی سەگێکی بچووک بۆ ماوەی10 کاتژمێر هەناسە بدات، یان مرۆڤێک بۆ ماوەی3 کاتژمێر هەناسە بدات.

ئەوەش هاتووە: ئامێرەکە لەڕێگای شیکردنەوەی کارەباییەوە بەرگەهەوای مەریخ بەهۆی فلتەرێکەوە ڕادەکێشێت و پاکی دەکاتەوە، پاشان هەوای پاککراوەی مەریخ پاڵەپەستۆ دەکرێت و گەرم دەکرێت و لەڕێگەی ئەلکترۆلایزەرەوە دەنێردرێت، ئەلکترۆلایزەر دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دابەش دەکات بۆیەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و ئایۆنەکانی ئۆکسجین و ئەتۆمەکانی ئۆکسجین پێکەوە کۆدەبنەوە و O2 دروست دەکەن.

توێژەران بە سەرپەرشتی مایکل هێخت زانای فیزیایی پێیان وایە دەتوانن سیستەمێکی گەورە پەرەپێبدەن لەوانە وەشانێکی نوێ و باشترکراوی ئامێری دەرهێنانی ئۆکسجین، ئەوەش ڕێگەیەکە بۆ شلکردنەوەی ئەم گازە و شێوازێک بۆ هەڵگرتنی شلەکە.

بەپێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستیScience Alert بڵاوکراوەتەوە، لە نێوان پێداویستییەکانی هەناسەدان بۆ تیمێکی کەشتیوانیی کە بۆ ماوەی ساڵێک لەسەر مەریخ بژین، هەروەک سووتەمەنیی شلەی پێویست بۆ کارپێکردنی کەشتییە ئاسمانییەکە، نزیکەی 500 تۆن ئۆکسجینە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی