وەزارەتی بازرگانیی گەیشتنی بەشێکی زۆر لەمادەکانی تایبەت بەسەبەتەی خۆراکی ڕاگەیاند

عیراق

27/09/2023‌ 776 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی بازرگانیی عێراق گەیشتنی بڕێکی گەورەی پێداویستییەکانی تایبەت بەبەرنامەی سەبەتەی خۆراکیی ڕاگەیاند، هاوکات پەرەپێدانی پلانێکی بەپەلەی بۆ دروستکردنی چەندین کۆگا پشتڕاستکردەوە کە بتوانێت بڕی پێویست بۆ ئاسایشی خۆراکیی عەمبار بکات.


وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەبەیاننامەیەکدا دەڵێت، "بڕێکی زۆر لەمادەکانی سەبەتەی خۆراکیی لەپێناو جێبەجێکردنی بڕگەکانیکارنامەی حکومەت بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک بۆ وڵات گەیشتوە، هەروەک پەرەپێدانی پلانێکی بەپەلەی بۆ دروستکردنی چەندین کۆگا دوپاتکردەوە کە دەتوانێت بڕێکی زۆر لەپێداویستییە خۆراکییەکان بەتایبەتمەندی بەرزو مۆدێرن لەناوچەی کەرمەی بەغدا عەمبار بکات".

لای خۆیەوە، لەما موسەوی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی خۆراک ڕایگەیاندوە، لەڕۆژی دوشەممەوە پڕۆسەکانی پێدانی مادەکانی هەشتەم سەبەتەی خۆراکیی بەبریکارەکان خۆراک دەستیپێکردوە.

جەختیشیکردۆتەوە، بۆ یەکەمجار 10 کۆنتێنەری بارکراو بە 5 هەزار تۆن نیسکی کەنەدی تایبەت بەبەرنامەی سەبەتەی خۆراکیی گەیشتونەتە بەندەری ئوم قەسر.

ڕونیشیکردۆتەوە؛ هەر لەگەڵ گەیشتنی کۆنتێنەرەکان بەبەندەری ئوم قەسر لەلایەن بەشی کۆنترۆڵی جۆریی کۆمپانیاکەیانەوە نمونەیان بۆ ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی لێ وەرگیراوە تاوەکو پێش دابەشکردنی بەسەر بریکارەکاندا، دەربکەوێت ئایا بۆ خواردنی مرۆڤ شیاوە یان نا.