میسر دەبێتە ناوەندی گفتوگۆكانی چارەسەركردنی قەیرانی غەززە

ڕاپۆرت

16/10/2023‌ 1133 جار خوێندراوه‌ته‌وه

میسر گووشارەكانی ئیسرائیل و خۆرئاوا بۆ وەرگرتنی زیاتر لەدوو ملیۆن هاووڵاتی غەززە رەتدەكاتەوە
بۆچی قاهیرە پێداگری لەسەر چارەسەركردنی قەیرانی غەززە و هێوركردنەوەی رەوشەكە دەكات؟

شارپرێس:

بڕیارە رۆژی  شەممەی داهاتوو میسر میوانداری لوتكەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بكات بۆ تاوتوێكردنی داهاتووی پرسی فەڵەستین و پێشهاتەكانی دۆخی غەززە، ئەمەش لە ژێر ڕۆشنایی بارودۆخی ئاڵۆزی بەرەی شەڕی ئیسرائیل و فەڵەستین بەهۆی پێكدادانەكانی هەفتەی رابردووەوە كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە چوار هەزار كەس و هەزاران برینداری دیكە و سەدان بێ سەروشوێن.

لوتكەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی
بڕیاری میوانداریكردنی لوتكەكەی میسر دوای ئەوە دێت كە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی میسر لە میانی كۆبوونەوەكەی دوێنێ یەكشەممەدا بە سەرۆكایەتی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆك كۆماری میسر، نیازی میسری بۆ پێشكەشكردنی بانگهێشتنامە بۆ میوانداریكردنی لوتكەی نێودەوڵەتیی ناوچەیی بەمەبەستی چارەسەری كێشەكان و داهاتووی پرسی فەڵەستینی خستەڕوو.

ئەنجومەنەكە، بڕیاریدا بەردەوام بێت لە پەیوەندییەكان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكان بە مەبەستی كەمكردنەوەی پەرەسەندنەكان و وەستاندنی بە ئامانجكردنی هاوڵاتیانی مەدەنی، هەروەها چڕكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ فریاگوزاری نێودەوڵەتی و ڕێكخراوە ناوچەییەكان بە مەبەستی گەیاندنی پێویستییەكان و هاوكارییەكان.

ئاماژەی بەوەشكردووە، چارەسەری لەنێوان دوو دەوڵەتدا بۆ ئەم پرسە ئەنجامی نابێت، سیاسەتی كۆچپێكردن و تەسفیەكردن لەسەر حسابی وڵاتانی دیكەی دراوسێ نابێت.

هاووڵاتیانی غەززە چاوەڕێی كرانەوەی دەروازەی میسرن
هاووڵاتییانی غەززە و بەشێكی هاووڵاتیانی بیانیش ماوەی سێ ڕۆژە لە دیوی فەڵەستینەوە لەباشووری غەززەوە لە دەروازەی ڕەفەح چاوەڕێن دەرگەی میسریان بەڕوودا بكرێتەوە، بەڵام ئیسرائیل رەتیدەكاتەوە و قاهیرەش خواستی كرانەوەی بەڕووی كۆچبەرانی شارەكەدا نییە.

چەند رۆژی رابردوو كاربەدەستانی میسر ئەوەیان نەشاردووەتەوە كە نابێت چارەسەری قەیرانی غەززە لەسەر حسابی وڵاتانی دیكە چارەسەر بكرێت.

دەیان بارهەڵگر لە دیوی میسرەوە وەستاون، چەند فڕۆكەی هاوكاری لە چەند وڵاتەوە لە فڕۆكەخانەی عەریش نیشتوونەتەوە چاوەڕێی كرانەوەی دەروازەی رەفەح دەكەن، بەڵام دیارە گفتوگۆ چڕەكانی ئەمریكا لەگەڵ كاربەدەستانی میسرو ئیسرائیل بێ ئەنجام بوون، كاتێك بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز دەبوو ئەمڕۆ بۆ چەند كاتژمێرێك دەروازەكە بكرێتەوە، بەڵام نەكرایەوە و ئێوارەی ئەمڕۆش فڕۆكە شەڕكەرەكانی ئیسرائیل بۆردومانی دەروازەكەیان كرد.

شاری غەززە سێ دەروازەی هەیە، دوویان لەگەڵ ئیسرائیلن و ئەوەی  دیكەیان لەگەڵ میسرە، بۆیە لە هەموو كاتێكی تەنگانەدا غەززەییەكان ناچارن روو لە میسر بكەن، ئەوەشی رەوشەكەی بۆ هاووڵاتیانی غەززەی لێقەوماو خراپتركردووە، نەبوونی پەیوەندییەكی باشە لەنێوان دەسەڵاتدارانی قاهیرە و هێزە چەكدار و فەرمانڕەواكانی غەززەدا.

سیسی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سەركردەی وڵاتان چڕكردووەتەوە
ڕۆژی یەكشەممە، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر پێشوازی لە ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كرد و لەوێدا بارودۆخی غەززە و ئیسرائیلیان تاوتوێ كرد.

سەرۆك كۆماری میسر گوتی: بە دواكەوتنی چارەسەر كردنی پرسی فەڵەستین قوربانیی زیاتر دەبێت، كاردانەوەی ئیسرائیل لە پرەنسیپی مافی بەرگری لەخۆ تێپەڕیوە بۆ سزادانی بەكۆمەڵ.

سەرۆكی میسر عەبدول فەتاح سیسی تەنها لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەسەر رەوشی غەززە قسەینەكردووە، بەڵكو لەگەڵ زۆر سەرۆك و بەرپرسی باڵای دیكەی وڵاتان قسەی كردووە و بڕیاریشە سبەینێ راوێژكاری ئەڵمانیا سەردانی ئیسرائیل و میسر بكات.

هێبا شوكری، توێژەر لە سەنتەری لێكۆڵینەوە ستراتیژییەكانی میسر ڕایگەیاندووە، میسر هەمیشە ڕۆڵی سەرەكی دەبینێت لە هەر چارەسەرێك كە لایەنە نێودەوڵەتییەكان پێی بگەن، جا چ لە ناردنی هاوكاری یان گەیشتن بە ئارامی بێت.

 ناوبراو بۆ كەناڵی ئێكسترا نیوز، ئاماژەی بەوەشكرد، میسر تاكە وڵاتە توانای ئەوەی هەیە ڕۆڵی ناوبژیوانێكی ڕاستگۆ ببینێت كە بتوانێت متمانەی هەموو لایەنەكان بەدەستبهێنێت، جا فەڵەستینی بێت یان ئیسرائیل.

دەشڵێت "میسر كارێكی زۆر دەكات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی رەوشەكە پێش ئەوەی ململانێكان گەشە بكەن بۆ شەڕێكی ناوچەیی، یان ناكۆكییەكە فراوانتر بێت، لەو كاتەدا كاردانەوەكانی زۆر مەترسیدار دەبن و كاریگەرییان لەسەر بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەكان دەبێت، دوای ئەوەش دۆخەكە بە ئاسانی كۆنتڕۆڵ نابێت".

لای خۆیەوە عیزەت ئیبراهیم سەرنووسەری رۆژنامەی ئەهرامی میسری و ئەندامی دەستەی ڕاوێژكاری سەنتەری میسری بۆ هزر و لێكۆڵینەوەی ستراتیژی دەڵێت، ڕەنگە كەرتی ڕۆژئاوا لەبەردەم ئیسرائیلدا لە هەر كاتێكدا بتەقێتەوە، وەك زەبری هێز لە كەناری ڕۆژئاوا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاد دەكات، هەروەها ڕەنگە حیزبوڵڵا لە ترسی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بە وریاییەوە دەستوەردان لە ململانێكەدا بكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا ئیسرائیل بە سیاسەتی زەوی سووتانەوە لە غەززە دەجوڵێت و خەڵكی مەدەنی گەمارۆ دەدات و گەلی فەڵەستین برسی دەكات تا ناچار دەبن خاكەكەیان بەجێبهێڵن، میسر ڕێگە بەم سیناریۆیە نادات، و بەردەوامیش دەبێت لە فشارخستنە سەر كاراكتەرە نێودەوڵەتییەكان بۆ ئەوەی هاوكاری بگەیەنن بە فەڵەستینییەكان.

میسر لەژێر گووشاردایە
بەپێی راپۆرتێكی كەناڵی بی بی سی بەریتانی، قاهیرە پەنای بۆ واشنتۆن دەبرد بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر ئیسرائیل لە خولەكانی پێشووی پەرەسەندنەكاندا، بەڵام ئەمجارە ئەمریكا بە تەواوی پشتیوانی ئیسرائیل دەكات و چەك و پشتیوانی بۆ ناردووە، و هەڕەشەی دیكەی كردووە كە وڵاتانی ناوچەكە دەستوەردان نەكەن.

بەپێی ئەم راپۆرتە، قاهیرە خۆی لەژێر گوشاری وڵاتانی جۆربەجۆر و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بینیەوە بۆ ئەوەی ڕێگە بە فەڵەستینییەكان بدەن بچنە ژوورەوە و ئازارە مرۆییەكانیان كەم بكەنەوە، لە هەمان كاتدا بەردەوام بوو لە ڕەتكردنەوەی وەڵامدانەوەی ئەو جۆرە فشارانە.

میسر هێشتا ترسی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ساڵی ٢٠٠٨ی هەیە، كاتێك چەكدارانی غەززە بەشێك لە دیواری سنووری غەززەیان تەقاندەوە و دەیان هەزار فەڵەستینی ڕوویان لە شارەكانی عەریش و شێخ زووێد لە باكووری سینا كرد، دوای ئەوەی ئیسرائیل گەمارۆیەكی توندی بەسەر غەززەدا سەپاند.

ئەوەی ئەمجارە رەوشەكەی بۆ میسر هێندەی دیكە ئاڵۆزكردووە، خواستی ئیسرائیل و جۆرێك رەزامەندی ئەمریكایە بۆ چۆڵكردنی غەززە و گواستنەوەی زیاتر لەدوو ملیۆن كەس بۆ ناو میسر، ئەمەش ئەركێكی قورس بۆ قاهیرە دروست دەكات لەڕووی مرۆیی و دابینكردنی ژیان و بژێویەوە، رەنگە بۆ داهاتووش ئەگەری گەڕانەوەیان بۆ شوێنی خۆیان مەحاڵ بێت.

بەگوتەی چاودێرانی بارودۆخەكە، میسر گوومانی لەوەش هەیە بەشێكی زۆری ئەندام و لایەنگری هێزە چەكدارەكانی غەززە بخزێنە ناو ئەو هاووڵاتیانەی دەبرێنە میسر، كە حكومەتی قاهیرە زۆر مەیلی پێیان نایەت و وەك ئیخوان موسلیمین و گرووپی تیرۆریستی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات.