شارپرێس:
بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ، تورکیا نیازی هەیە 40 فڕۆکەی جەنگیی ئەوروپی جۆری "یۆرۆ فایتەر تایفۆن" بکرێت، بەڵام پێدەچێت ئەڵمانیا ئاستەنگ بۆ پڕۆسەی فڕۆشتنی ئەو فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتوە بەتورکیا دروستبکات.
ڕۆژی 16ی ئەم مانگە، یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا بەفەرمی دانوستانە بەردەوامەکانی لەگەڵ هەریەک لەئیسپانیاو بەریتانیا بۆ دەستخستنی فڕۆکەی جەنگی یۆرۆ فایتەر تایفۆن ڕاگەیاند، لەگەڵ ئەوەی ئەڵمانیا دژایەتیی خۆی بۆ گرێبەستێکی لەوشێوەیە لەگەڵ تورکیا ڕاگەیاندوە، هاوكات ئیتاڵیاش تائێستا هەڵوێستی ڕون نییە.
وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، "دەمانەوێت فڕۆکەی یۆرۆفایتەر بکڕین، فڕۆکەیەکی زۆر کارامەیە، ئەم فڕۆکانە پەیوەستن بەشانشینی یەکگرتوو و ئەڵمانیاو ئیسپانیاوە، بەریتانیاو ئیسپانیا ڕەزامەندییانداوە، ئێستا کار لەسەر ڕازیکردنی ئەڵمانیا دەکەین".
وتوشیهتى، "بەریتانیاو ئیسپانیا دەڵێن: ئەم کێشەیە چارەسەردەکەین، ئەگەر چارەسەر بکرێت، پلانمان هەیە 40 فڕۆکەی یۆرۆفایتەر بکڕین".
یەشار گولەر ئاماژەی بەوەشدا، فڕۆکەگەلی ئێستای تورکیا لەفڕۆکەکانی ئێف 16و ئێف 4 لەهێزی ئاسمانیی تورکیا بەسە بۆ پێداویستییەکانی ئۆپەراسیۆنی ئێستای وڵات"، بەڵام دانی بەوەشدانا کە تورکیا هەوڵی بەدەستهێنانی فڕۆکەی ئێف 35ی داوە، بەڵام لەپرۆسەکەدا ڕوبەڕوی ئاستەنگ بۆتەوە.
لهو ههواڵهدا باس لهوهشكراوه، پێدەچێت ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا هەوڵی لابردنی قەدەغەکردنی فرۆشتنی فڕۆکەی شەڕکەر بەوڵاتەکەی بدات، کە ئەمەش بۆ مۆدێرنکردنی هێزی ئاسمانیی کۆنی تورکیا زۆر گرنگە، بەڵام بەرپرسانی ئەڵمانیا پێشبینیدەکەن، ئۆلف شۆڵتزی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕەزامەندیی لەسەر پڕۆسەکە نەدات.
چاودێران پێیانوایە، گرژییە دیپلۆماسییەکان، بەتایبەتی لەناو ناتۆدا، ڕۆڵیان هەیە لەدوودڵی ئەڵمانیا بەپێدانی چەک بەتورکیا، لەوانە کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ڕوسیی لەلایەن تورکیاوە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی هێزە کوردییەکان لەسوریاو دواکەوتنی پشتگیریکردنی سوید بۆ ئەندامێتی سوید لەناتۆ، ئەوە جگە لەلێدوانەکانی ئەمدواییەی ئەردۆغان دژ بەئیسرائیلو پشتیوانیکردنی حەماس هەڵوێستی ئەڵمانیای دژ بەتورکیا توندترکردوە.