شارپرێس:
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندوە، وڵاتەکەی هیوادارە ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا پێشوەختە تاووتوێی داواکاریی تورکیا بۆ کڕینی فڕۆکەی ئێف 16 بەبێ هیچ مەرجو سنوردارکردنێک تەواوبکات.
ئەو داواکارییەی تورکیا لەکاتێکدایە لەمانگی تەمموزی 2022 ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هەموارکردنەوەی بودجەی وەزارەتی بەرگریی پەسەندکرد کە بەگوێرهى ئەوە ڕێگریی دەکات ئیدارەی ئەمریکا فڕۆکەی نوێی ئێف-16و پێکهاتەکانی بەتورکیا بفرۆشێت، مادام ئەو وڵاتە بواری ئاسمانیی وڵاتی یۆنان ببەزێنێت.
فیدان لەکۆبونەوەی لیژنەی پلاندانانو بودجەی پەرلەمانی تورکیا وتویەتی، "چەندینجار ڕامانگەیاندوە کە ئەمریکا دەبێت هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەفتارە خراپەکانی لەسەر ئەو پرسانەی کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی نیشتمانیمان هەیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، لەمبارەیەوە لەهەموو ئاستەکاندا هیوامان دەربڕی کە داواکارییەکەمان بۆ کڕینو مۆدێرنکردنی فڕۆکەی جەنگی ئێف16 بەزوترینکات بەبێ هیچ دواکەوتنێک لەبەرچاو بگیرێت.
فیدان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنكەرە لەزۆرێک لەپرسە ناوچهییو جیهانییەکان بەردەوامە لەهاوکارییەکانی لەگەڵ ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا کە جێگهی بەرژەوەندیی هاوبەشن.
پێشتر تورکیا بەهۆی کڕینی سیستەمی موشەکی دژە فڕۆکەی ئێس 400ی ڕوسی لەبەرنامەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی جەنگیی نەوەی پێنجەمی ئێف 35 دورخرابۆوە.
