وادەی كۆتاییهاتنی هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ پێشمەرگە ئاشكرا كرا

کوردستان

11/01/2024‌ 2627 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، هاوكاریەكانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەمساڵ بە ڕێژەی ٪25 كەمكراونەتەوە و تا ساڵی 2026 بە تەواوەتی كۆتاییانپێدێت.

دەشڵێت حكومەتی هەرێم دەبێت پلانی پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەبێت.

لیوا ڕوكن بەختیار، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، "یاداشتنامەیەكی تێگەشتنمان هەیە لە نێوان پێنتاگۆن (وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا) و وەزارەتی پێشمەرگە بە ئاگاداری حكومەتی عێراق بۆ چوار ساڵ و هەر مانگێك 20 ملیۆن دۆلار و چەندین چەك و ئامێر و مەشق و ڕاهێنان لە خۆی دەگرێت، ساڵانە هاوكارییە ماددییەكان كەم دەبێتەوە بەڕێژەی لەسەدا 25، واتە لە 2026 دا سفر دەبێتەوە."

وتیشی "كەمكردنەوەكە سزا نییە، بەڵكو بە پێی ئەو لێكتێگەشتنەیە كە هەیە لە نێوانماندا."

یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا ساڵی 2016 ئەنجامدرا و لە مانگی 10ی 2022 نوێكرایەوە.

بە پێی لێكتێگەشتنەكە پێنتاگۆن مانگانە 20 ملیۆن دۆلار و چەندین چەك و ئامێری جەنگی و مەشق و ڕاهێنان پێشكەش بە هێزە هاوبەشەكانی پێشمەرگە دەكات و هاوكاردەبێت لە یەكگرتنەوەی هێزەكانی 70 و 80 و دروستكردنی هێزی پێشمەرگەیەكی هاوبەش.

هاوكارییەكانی ئەمەریكا بەكاردەهێندرێن بۆ دابینكردنی مووچەی نزیكەی 54 هەزار پێشمەرگە كە ڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدان.

بەگوێرەی سایتی ئەل مۆنیتەر، كەمكردنەوەی ئەو هاوكارییانە لە 20 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 15 ملیۆن دۆلار لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو بووە.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، كەمكردنەوەی ئەم هاوكارییانە كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر وەزارەتەكەی "كەمبوونەوەی هاوكاریەكانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە، كاریگەری دەبێت لە تازە بوونەوەی چەك  و ئامێرەكانی پێشمەرگە، بڕینی هاوكاریەكان كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقیش."

وتیشی،"دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە و حكومەتی هەرێم قەرەبووی ئەو كەمبوونەوەیە بكەنەوە و پلانیان هەبێت بۆ پڕكردنەوەی ئەو كەم بوونەوەیە."