فاینانشیاڵ تایمز: دوو بانکی بەریتانی یارمەتیی ئێران دەدەن لەگواستنەوەی پارەی فرۆشتنی نەوتەکەی

جیهان

06/02/2024‌ 1994 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لەڕاپۆرتێکدا بڵاویکردۆتەوە، ئێران بەپاڵپشتیی دەزگا هەواڵگرییەکانی، بانکی سانتاندەرو بانکی لۆیدز کە دوو بانکی گەورە کە بنکه‌یان لەبەریتانیایە، بەکارهێناوە بۆحەواڵەکردنی پارەو بەدەربازبون لەسزاکان.


ڕۆژنامەکە لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، بەڵگەی ئەوەیان بەردەستکەوتوه‌ کە ئەو دوو بانکە هەژماریان بۆ کۆمپانیا بەریتانییەکان دابینکردوە کە بەنهێنیی لەلایەن کۆمپانیایەکی پترۆشیمی ئێرانییەوە خاوەندارێتییان کردوەو سزایان بەسەرداسەپێنراوە.

لەو ڕاپۆرتەدا ناوی یەکێک لەکۆمپانیاکان بەناوی “پیسکۆ بەریتانیا” ڕاگەیەندراوە کە خاوەنەکەی کەسێکی بەریتانییە بەناوی عەبدوڵڵا سیاڤوش فەهیمی، بەڵام باس لەوەدەکرێت کە ئەو کۆمپانیایە بەتەواوی ملکەچی پیشەسازی پترۆکیمیایی نیشتمانی ئێرانە کۆمپانیاو لەلایەن فەهیمی بەگرێبەست بەڕێوەدەبرێت.

کۆمپانیاکەی دیکەش بریتییە لە"ئاریا ئەسۆشیەیتس"و خاوەنەکەی محه‌مه‌د عەلی ڕیجال‌و لەئیمەیڵەکانی ناوخۆی کۆمپانیاکەدا داوایکردوە هیچ شوێنەواری کۆمپانیای پترۆکیمیایی لەگواستنەوەی پارەکاندا نەبینرێت.

هەروەها ئاماژە بەبەڵگەنامەی دیکە کرا کە ئاماژە بەوەدەکەن، کۆمپانیای پترۆکیمیایی ئێران ڕێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی تورکی بەناوی “ISB” واژۆکردوە بۆ دابینکردنی ئامێرەکان.

لەوەڵامی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکەدا، ئەلیسیا کەیرنز سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی کۆمۆنەکانی بەریتانیا لەلێدوانێکدا سەبارەت بەو دۆزینەوانە وتویەتی، "بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو، چەندینجار نیگەرانی خۆمم لەپێویستی داخستنی بەشەکانی سوپای پاسداران دەربڕیوە کە لەبەریتانیا چالاکیی دەکەن، ئەم ڕاپۆرتە جارێکی دیکە دەیسەلمێنێت، هێشتا دەبێت هەوڵی زیاتر بدەین."

لەحاڵەتە هاوشێوەکانی ساڵی2019دا، کاتێک بانکە ئەوروپییەکان سزاکانی ئەمریکایان بەسەر ئێراندا پێشێلکرد، بانکی ستاندارد چارتەرد زیاتر لەیەک ملیار دۆلار غەرامە کرا، بانکی یونی کرێدیتیش یەک ملیارو 300 ملیۆن دۆلار غەرامەکرا.