هەزارو یەک شەوە.. ئەو کتێبەی کە خۆرهەڵات‌و خۆرئاوا پێی سەرسامن

مەلەفی تایبەت

07/02/2024‌ 1486 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

هەتا دێت جیاوازییەکانی نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوا زیاتر دەبێت، بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا  کۆمەڵێک شت دەتوانن ئەم جیاوازییە کەم بکەنەوە، لەمەشدا ئەدەب دەتوانێت ببێتە ئەو پردە ئەفسووناوییە، کە ئەم دوو بەشە دژ بەیەکەی سەر زەوی، بە یەکتریەوە ببەستێتەوە.

یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی ئەدەبیاتی جیهان کتێبی " هەزار و یەک شەوە"یە ، ئەم کتێبە لە پەنا کتێبەکانی تری جیهاندا، لە مێژووی ئەدەبیاتی جیهاندا پێگەی تایبەتی خۆی هەیە، لەهەمانکاتیشدا بە یەکێک لەو کتێبە گرنگانە دادەنرێت ، کە کاریگەری گەورەی بەسەر ئەدەبیاتی خۆرئاواوە هەبووە. بەپێی زۆربەی سەرچاوە مێژوویەکان بێت، کتێبی هەزار و یەک شەوە رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە بۆ پێشخستنی هونەری چیرۆک بەگشتی و رۆمان بەتایبەتی لە ئەوروپادا. ڤۆلتێر فەیلەسوفی ناوداری فەرەنسا لە بارەی ئەم کتێبەوە دەڵێت: هەتاوەکو 14 جار ئەم کتێبەم نەخوێندەوە، نەمتوانی ببم بە چیرۆکنووس" تۆ بڵێیت ئاخۆ ئەم کتێبە چی تێدا بێت هێندە ناخی نووسەر و فەیلەسوف و بیرمەندانی جیهانی هەژاندووە؟!

دیارە هۆکار زۆرن بۆئەوەی جیهان پێگەیەکی تایبەت بەم کتێبە بدات، لە پێش هەموویانەوە ناوەڕۆکی کتێبەکە کە پڕیەتی لە کۆمەڵێک حکایەتی ئێجگار جوان، پەندی پێشینان، حیكمەت، ئەمە جگەلەوەی ئەم کتێبە گوزارشت لە بەشێکی گرنگی مێژووی خۆرهەڵات دەکات، خۆرهەڵات بە مانا گشتگیرییە کەلتوورییەکەی نەک بەو مانایەی ئەمڕۆ کە بەسەر چەند دەوڵەتێکدا دابەش بووە.

لێرەدا هەوڵدەدەم تیشکێکی خێرا بخەمە سەر ئەم کتێبە و ناوەڕۆک و شێوازی نووسین و کاریگەرییەکانی باس بکەم، هەرچەندە بۆ قسەوباسکردن لەبارەی ئەم کتێبەوە زۆری دەوێت، بەڵام من لێرەدا هەوڵ دەدەم زانیارییەکی گشتی بددەمە خوێنەر و لەپەنا ئەوەشدا وردە سەرنجی خۆم باس بکەم.

ناوەڕۆک
یەکێک لە پاشاکانی خۆرهەڵات ناوی شەهریار دەبێت، پاش ماوەیەک بۆی دەردەکەوێت کە ژنەکەی خیانەتی لێدەکات و لەگەڵ یەکێک لە خزمەتکارە رەشپێستەکانی پەیوەندی سێکسی دەبێت، ئەمەش ئاگر بەردەداتە گیانی و یەکسەر ژنەکەی دەکوژێت، دواتریش بڕیارێکی ترسناک دەدات، ڕقی لە هەموو ژنێک دەبێت و بڕیار دەدات، هەموو شەوێک ژنێک بهێنێت و پاشئەوەی لەگەڵیدا دەخەوێت بۆ بەیانی سەری ببڕێت، چونکە بەلای ئەوەوە هەموو ژنەکان خیانەتکارن.

گەڕان بە دوای کچی عازەبیشدا دەبێتە ئەرکی وەزیرەکەی، دواجار وەزیرەکەی هیچ کچێکی پاکیزەی دەستناکەوێت کچەکانی خۆی نەبێت. کچێکی دەبێت بەناوی شەهرەزاد، ئەمەش وەزیرەکە دەخاتە رەوشێکی دەروونی ئێجگار خراپەوەو نازانێت چی بکات، بەڵام کچەکەی زیرەک دەبێت و دەچێت بە باوکی دەڵێت: من رازیم ئەم کارە بکەم و خۆی دەکاتە قووربانی. سەرەتا باوکی رازی نابێت دواتر شەهرەزاد بە زیرەکی خۆی، قەناعەت بە باوکی دەکات. لێرەشەوە حکایەتەکە دەستپێدەکات.

شەهرەزاد کچێکی زیرەک و  جوان و ژیر دەبێت، هەر لە یەکەم شەو کە چاوی بە پاشا شەهریار دەکەوێت، دەستدەکات بە خوێندنەوەی حکایەتێک بۆی، بەڵام حکایەتەکەی تەواو ناکات، هەمووکاتێک کە دەستدەکات بە خوێندنەوەی حکایەتەکە، هەتاوەکو پاشا خەوی لێدەکەوێت، شەهریار بۆ بەیانی بڕیار دەدات کە شەهرەزاد نەکوژرێت هەتاوەکو حکایەتەکەی بۆ تەواو دەکات. بەم فێڵەش هەموو شەوێک شەهرەزاد حکایەتێک بۆ پاشا دەخوێنێتەوە، بەڵام تەواوی ناکات و بەمجۆرەش 1001 شەو لەلای دەمێنێتەوە هەر شەوەی حکایەتێکی بۆ باس  دەکات. ئەمەش دەبێتە سەرەتا و کۆتایی ئەم کتێبە مەزنەی جیهان.

مێژوو سەرچاوی حکایەتەکە
دیارە قسەو باسی زۆر و لێکۆڵینەوەی زۆر لە بارەی مێژوو، سەرچاوەی سەرەکی ئەم کتێبەوە نووسراوەو وتراوە. بەڵام بەشێکی زۆری سەرچاوە مێژووییەکان لەسەر ئەوە کۆکن، کە سەرچاوەو مێژووی ئەم حکایەتە دەگەڕێتەوە بۆ هیندستان.  دیارە ئەم وڵاتە مێژوویەکی ئێجگار دێرینی هەیە و خاوەنی کۆمەڵێک ئەفسانە و حکایەتی گرنگە لە پێش هەموویانەوە " مەها بەهاراتا" کە مێژووەکەی بۆ سەدەی پێنچی پێش زایین دەگەڕێتەوە.  

پاشان  لە ئێران ئەم حكایەتانە بەشێوەو ناوی جۆراوجۆر دەردەکەون لەوانە: "حکایەتەکانی بوونەوەرە ئەفسوناوییەکان، حکایەتەکانی شەهرەزاد و شەهریار" ئەمانە بوونە سەرەتای ئەم حکایەتانە. کۆنترین دەقی وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی عەرەبی لە فارسییەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەشتی زایینی، ئەوکاتە لە زمانی فارسی بەناونیشانی " هەزار حکایەت" بڵاوبوویەوە کاتێک دەکرێت بە عەرەبی بە ناونیشانی " هەزار شەو، الف لیله‌"  بڵاودەکرێتەوە، دواتریش دەکرێت بە حکایەتکانی هەزارو یەک شەوە" الف لیله‌ و الیله‌"چاپ دەکرێت. دواتریش لە سەدەی 17 دا لە زمانی  عەرەبییەوە  وەردەگێڕێتە سەر زمانی فەرەنسیی و لێرەوە عیشقی خۆرئاواییەکان بۆ ئەم کتێبە ئەفسووناوییە دەستپێدەکات.

حکایەتە سەیرو سەمەرەکان
دیارە ئەم کتێبە تەنها لە یەک حکایەت پێکنەهاتووە، بگرە لە  کۆمەڵێک حکایەتی جۆراجۆر لە خۆدەگرێت، هەندێکیان لە جیهاندا ناوبانگیان باش دەرکەوتووە، دەتوانم بڵێم لە هەزار و یەک شەوەش زیاتر ناوبانگیان پەیدا کردووە لە پێش هەموویانەوە" حکایەتی سندیباد، عەلادین و فانۆسی ئەفسوناوی، عەلی بابا  و چل دزەکە"  ئەم حکایەتانەش هەریەکەیان خاوەنی ناوەڕۆک و  شێوازی نووسینی جیاوازن. هەمووشیان لەناو ئەم کتێبەدا کۆکراونەتەوە، ئەمەش شێواز و مۆدێلێکی نوێی لە جیهانی ئەدەبیاتدا داهێنا.

شێوازی نووسین
یەکێک لە خاڵە جوان و سەرکەوتووەکانی ئەم کتێبە شێوازی نووسینیەتی، لەم کتێبەدا شێواز و تەکنیکی چیرۆک نووسین لەدایک دەبێت، بەتایبەتی هونەری " گێڕانەوە" . لێرەوە گرنگی گێڕەوەر یان حکایەتخوان دەردەکەوێت، دواتریش لە ژانری چیرۆک و  کورتە چیرۆک و رۆماندا، گێڕەوەر دەبێتە بنەمای سەرەکی هەموو کارێکی ئەدەبی.

جگە لەمیش رەگەزەکانی تر وەکو "  دیالۆگ، گرێی ئەدەبی، کتوپڕ، سەرەتا و کۆتایی،"   هەموو ئەمانەش دەبنە بنەمای سەرەکی بۆ ژانری تری ئەدەبی. لێرەشەوە چیرۆک و ئەفسانەکان لە یەکتری جیادەبنەوەو هەریەکەشیان رێچکەی خۆی دەگرێتە بەر.

هەروەها تێکەڵاوکردنی سیحر و واقعیەت، تەکنیکێکی جوانی تری ئەم کتێبەیە، کە لە زۆر حکایەتتدا ئەمە رەنگدەداتەوە بەتایبەتی لە حکایەتەکانی " سندیباد، عەلی بابا و چل دزەکە" لەسەدەکانی دواتر تەکنیکی " ماگی ریالیزم،واقعی سیحری" لەدایک دەبێت، کە یەکێکە لە شێوازە جوانەکانی نووسینی رۆمان.

بۆیە تەواوی مێژوونوسانی ئەدەبیاتی جیهان لەسەر ئەوە کۆکن، کە حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوە، سەرەتایەکی زۆر گرنگ بووە بۆ ژانری چیرۆک و دواتریش رۆمان  و کورتە چیرۆک. شێوازی نووسین، خاڵێکی گرنگی تری ئەم کتێبەیە، بۆیە هەموو ئەدیب و نووسەرێک ناچارە ئەم کتێبە بخوێنێتەوە. جگەلەوەش ئەم کتێبە ئاسۆی بیرکردنەوە خەیاڵی خوێنەر بەگشتیی و نووسەران  و ئەدیبان بەتایبەتی فراوانتر دەکات.

شیعر
یەکێک لەو شێوازە تایبەتانەی کە ئەم حکایەتانەی پێ نووسراوە، زمانی شیعری و بەکارهێنانی شیعرە. هیچ حکایەتێک هێندەی ئەم حکایەتانە شیعری تێدا بەکارنەهاتووە، هەموو حکایەتێک  پارچەیەک یان زیاتر شیعری تێدایە. لێرەشەوە دەگەینە  ئەو راستییەی کە ئەو کەسانەی کە ئەم حکایەتانەیان نووسیوەتەوە، زۆر هۆگر و شەیدای شیعر بوون، تەنانەت دەکرێت بڵێین پێدەچێت شاعیریش بووبێتن، دەنا کەسێک شاعیر نەبێت ناتوانێت هەموو ئەو شیعرە جوانانە بنووسێت. هەربۆیە دەتوانین بڵێین کە شیعر بەشێكی گرنگی ئەم کتێبە گرنگە پێکدێنێت و لە زۆربەی لاپەڕەکانیدا شیعری تێدایە، هەمووشیانی شیعری جوانی عەربییە کە لە رووی مانا و دەربڕینەوە، شیعری زۆر جوانن.

بابەتە گرنگەکانی ئەم کتێبە
بەدەر لە لایەنی ئەدەبی، ئەم کتێبە پڕیەتی لە کۆمەڵێک بابەتی جۆراوجۆر و گرنگ، کە کاتێک خوێنەر دەیخوێنێتەوە جێژی زۆری لێوەردەگرێت. ئەم کتێبە تەنها گێڕانەوەی کۆمەڵێک حکایەتی بەرئاگردان نییە، بەڵکو گێڕانەوەی مێژووی بەشێکی گرنگی جیهانە. ئێمە لەرێگەی ئەم کتێبەوە، تاڕادەیەک وێنەیەکی  گەلانی ئەم ناوچانەمان  لا دروست دەبێت  کە لە حکایەتەکاندا باسیان کراوە بەتایبەتی  گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و چین و هیندستان و ئاسیای ناوەڕاست و یۆنانی کۆن. هاووڵاتیانی ئاسایی، مەلیک  و نەجیبزادەکان، کۆیلە و نەجیبزادەکان، ئەهلی قەڵەم و ئەهلی شمشیر و ئەهلی بازاڕ و ئیمانداری،ئەهلی کەیف و خۆشیی و رابواردن،  هەموویان  لەم کتێبەدا جێگەی خۆیان کردۆتەوە. ئەمەش داهێنان و شتێکی نوێ بووە، کە کتێبێک هەموو ئەو خەڵکە جۆراجۆرانە کۆبکاتەوە.

لەلایەکی ترەوە ئەم کتێبە تەنها باسی چینێکی کۆمەڵایەتی ناکات، بگرە باسی هەموو ئەو چین و  توێژانە دەکات کە لەو سەردەمەدا هەبوون. ئێمە  خانمێکی بەرێز ، لەشفرۆش، سەماکەر، کەنیزەک دەبینین، هەروەها پیاوی رێزدار، شەهوەتباز، پیاوکوژ، میهرەبان . هەموویان حکایەتی خۆیانیان هەیە. ئەمەش جوانیی زۆری بەم کتێبە داوە، چونکە ئێمە تەنها بە حکایەتی مەلیک و نەجیزاندەکان ئاشنا نابین، بەڵکو حکایەتی خەڵكی ئاساییشمان دەستدەکەوێت.
 
ئیرۆتیک
یەکێک لەو بابەتانەی کە مایەی سەرنجی من و زۆرێک لە ئەدیبان و لێکوڵەوەرانی ئەدەبیشن ئەوەیە، ئەم کتێبە لە زۆر شوێندا حکایەت  و دیمەنی ئیرۆتیکی زۆری تێدایە، ئەمەش لە کاتێکدا ئەمڕۆ لە گێتی ئیسلامی بە گشتی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، ئیرۆتیک بە هەموو شێوەیەک قەدەغە و حەرام دادەنرێت. کەچی سەیر لەوەیە کە پێشتر ئەم حکایەتانە دەماودەمیان کردووە لە کۆڕ و مەجلیسەکان خوێندراونەتەوەو باسکراون، بەلای خەڵکیی و دەسەڵاتیشەوە نەبۆتە هۆی ئەوەی کە قەدەغە بکرێن یان حەرام بکرێن. هەندێکی تر پێیان وایە باسکردنی بابەتی سێکسیی و  پەیوەندی خۆشەویستی نێوان ژن و پیاوان، خاڵێکی گرنگی تری ئەم حکایەتانەیە، چونکە هەست دەکەیت ئەم حكایەتانە هەڵقووڵاوی ژیانی رۆژانەی ئەوکاتەی خەڵکی خۆرهەڵات بووە، پەیوەندی خۆشەویستیی و سێکسیش ، بابەتێکن کە پەیوەندییان بە مرۆڤەوە هەیە جا لە هەر سەردەم و قۆناغێکی مێژووییشدا بن.  

هەربۆیە زۆرکەس حکایەتە ئیرۆتیکەکانی ناو هەزارو یەک شەوە، بە سەرەتای لەدایکبوونی ئەدەبی ئیرۆتیک و دواتریش فیلمی پۆرنۆ دادەنێن.

ئەو دیمەنە ئیرۆتیکیانەی ناو حکایەتەکانیش وایکردووە کە نەک تەنها لە رووی ئەدەبییەوە، بەڵکو لەرووی هونەری تابلۆکێشانییشەوە کاریگەری هەبێت و زۆر تابلۆکێشی جیهانیش هاتوون بە کاریگەری حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوە، تابلۆی جوان  و گرنگیان کێشاوە.

حوکمڕانی خۆرهەڵاتی
کاتێک خوێنەر ئەم حکایەتانە دەخوێنێتەوە، کەمێک  بەرچاوڕوونیی و زانیاری لەبارەی شێوازی حوکمڕانی ئەم ناوچەیە دەستدەکەوێت، ئەو وێنەیەش زیاتر ، وێنەیەکی ناشیرینی حوکمڕانی بووە، حاکم یان مەلیک  و والییەکان،  وڵات و ناوچەکانیان بە شێوازێکی حوکمڕانی رەها و تاکڕەویی کە ئەمڕۆ بە دیکتاتۆری وەسف دەکرێت، بەڕێوە بردووە. خەڵکانی ئەم ناوچەیەش زیاتر وەکو رەعیەت  و زۆرجاریش وەکو کۆیلە سەیرکراون بەتایبەتی هەژار و کەمدرامەتەکانی شارەکان، جووتیار و سەپانی گوندەکان. لەپەنا ئەمانەشدا هەست بە خۆشگوزەرانیی و بەختەوەری ژیانی میر  و پادشاکان دەکەین، لە چ نازو نیعمەتێکدا ژیان و چۆن داهاتی وڵاتایان بۆ خۆیان  و ماڵ ومنداڵیان تاڵان کردووەو کەسیش نەیوێراوە هیچ قسە بکات یان ناڕەزایی دەرببڕێت.

هارون رەشید
یەکێک لە پادشا ناسراوەکانی عیراق  و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش هاورن رەشیدە. دیارە قسەی جیاواز لە بارەی ئەم حاکمەوە دەکرێت، هەندێكیان بە حاکمێکی ملهوڕ و هەوەسباز و شەهوانی ناویدەبەن، هەندێکیش بە باشترین حاکم و پادشای رووناکبیر ناوی دەهێنن. بەهەرحاڵ هیچ مەلیک و حاکمڕەوانێکی خۆرهەڵات، هێندەی هارون رەشید لەناو ئەم حکایەتانە ناوی نەهاتووە، هەربۆیە زۆرکەس پێیان وایە کە ئەم حکایەتانە بەشێکیان لە سەردەمی فەرمانڕەوایی هارون رەشیدا نوسراون. لە رێگەی کۆمەڵێک حکایەتەوە ئاگاداری رەوشی سیاسیی و ئابووریی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی دەبین لە سایەی حوکمڕانی هاورن رەشیدا.

لەپەنا هارون رەشیدا کۆمەڵێک کەسایەتی تر  کە لەوەوە نزیک بوون یان بەشێک بوون لە فەرمانڕەوایەتەکەی، ناویان دێت لە پێش هەموویانە شاعیری ناسراوی عەرەب ئەبونەواس، وەزیری ناودار جەعفەر بەرمەکی، مەسروری  شمشێر وەشێنییەتی، لە زۆر شوێندا باسی دڵڕەقیی  مەسروری شمشێر وەشێنی هارون رەشید دەکرێت.

ئاژەڵ
لەپەنا مرۆڤ و  دەروبەری، ئاژەڵ لەم حکایەتانەدا پانتایی گەورەیان بەردەکەوێت، هیچ حکایەت و چیرۆک و ئەفسانەیەک، هێندەی هەزارو یەک شەوە باسی ئاژەڵەکانی تێدا نییە. لە زۆر شوێندا ئاژەڵەکان رۆحیان لەبەر دەکرێت و دێنە گۆ و لە هەندێک شوێنێشدا بە زمانی شیعر باسیان دەکرێت. ئەمەش شێوازێکی جوان  بووە، کە دواجار رێگەی خۆشکر بۆ لەدایکبوونی هەزاران  حکایەتی هاوشێوەی کە باسی ئاژەڵەکان دەکات.  

لە زۆر شوێنیشدا مرۆڤەکان  دەکرێنە ئاژەڵ ، لەمەشدا سیحر رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، دەتوانم بڵێم ئەم مەسەلەیە لە زۆر حکایەتدا دەبینین کە ژنێک یان پیاوێک لەلایەن ساحیرێکەوە کراوە بە سەگ یان پشیلە یان مار.

جێگەی ئاماژەیە لە سەدەکانی دواتردا ئەم شێوازە لە رۆماندا بەکاردێت، کە ئاژەڵ ببنە پاڵەوانی رۆمان بۆ نموونە رۆمانی " مەزاری ئاژەڵان" ی جۆرج ئۆریل.
 
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
بەشێکی زۆری حکایەتەکان لە ناو شار و  دێهاتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست روو دەدەن.  ئێرە دەبێتە مەیدانی سەرەکی حکایەتەکانی بەتایبەتی شاری بەغدا، لە هەموو شارەکانی تری خۆرهەڵات باس دەکرێت، هەرئەمەش وەکو بەڵگەیەک بەکاردەهێنرێت کە ئەم حکایەتانە لە سەردەمی هارون رەشیدا نووسراون. لەپەنا بەغداش،  شاری بەسرە، موسڵ، حەلەب، موسڵ، دیاربەکر، قاهیرە دێن. بەشێکی زۆری حکایەتەکان لەم شارانە روو دەدەن یان پاڵەوانەکان بەناویاندا تێدەپەڕن. لێرەشەوە کەمێک ئاشنای ژیانی سیاسی  و ئابووریی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ئەم شوێنانە دەبین.

قوستەنتینییە
قوستەنتینییە کە ئێستا پێی دەڵێن ئەستنەبوڵ، شارێکی ترە کە پانتایی باشی بۆ داگیرکراوە، بەتایبەتی لەحکایەتیی مەلیک عومەر و هەردوو کوڕەکەی شیرکان و زەو‌و مەکان،  کە یەکێکە لە حکایەتە درێژەکان و نزیکەی 200 لاپەڕەی کتێبەکە باس لەم حکایەتە دەکات. بەشێكی زۆری حکایەتەکە باسی چۆنێتی هەوڵدان بۆ پەلاماردان و داگیرکردنی شاری قوستەنتینییە دەکرێت لەلایەن لەشکری مسوڵمانانەوە، لێرەشەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە پەلاماردان و داگیرکردنی شاری قوتسەنتییە کە ئەوکاتە بە پایتەختی ئەوروپا دەناسرا و پایتەختی شارستانی یۆنانی کۆن بووە، دەمێک بووە مسوڵمانەکانی خۆرهەڵات چاویان تێبڕیووەو ویستی داگیرکردنیان هەبووە بۆئەوەی دەست بەسەر سەرەوت و سامان و ژنە جوانەکانیاندا بگرن، بەداخەوە دواجار لەلایەن تورکی عوسمانییەوە بەدڕندەترین شێوە داگیر دەکرێت.

جیهانی کۆن و نوێ
جگە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم حکایەتانە باسی جیهانی ئەوکاتە دەکات کە لە لایەن خەڵکی ناوچەکە ناسراوە بەتایبەتی وڵاتانی " چین، هیندستان، ئاسیای ناوەڕاست بەتایبەتی شاری سەمەرقەند، ئەفریقا"  بەشێکی حکایەتەکان لە وڵاتانی دوورترەوە هاتوون بۆ نموونە حکایەتی " عەلی بابا و چل دزەکە" باسی کوڕی پینەدۆزێکی چینی دەکات ، کە کوڕێکی تەمبەڵ بووە.   هەروەها لە حکایەتی " بەرگدرو، کۆمڕە، پزیشكی جوو"، ئەمیش رووداوەکانی لە چین ڕوویداوە.  واتە لێرەوە جیهان بە چین شارەزا بوون، پێدەچێت ئەسڵی حکایەتەکەش لە چینەوە هاتبێت.

هەروەها جگە لە چین شاری سەمەرقەندیش  دەبێتە مەیدانێکی تری حکایەتەکانی هەزار یەک شەوە بەتایبەتی کاتێک باسی شای زەمان برای مەلیک شەهریار دەکات. لێرەشەوە دیمەنێکی خێرامان لە بارەی ئەم شارە دێرینەی ئاسیاوە پێدەدات.

هەندێک حکایەتی دەگەنە ئەفریقا  و هیندستان. جگە لە وڵاتانی سەرزەوی،  گەشتێکی گەورەی دەریاکانیشی تێدایە بەتایبەتی لە حکایەتی سندیبادا. هەربۆیە دەکرێت بڵێین حکایەتی هەزارو یەکشەوە، یەکەمین کتێبی ئونیڤێرساڵ " جیهانی" بووەو باسی هەموو گەلان و ئاینزاناکانی جیهان کردووە. ئەمەش خاڵێکی تری سەرکەوتووی ئەم حکایەتانەیە ، هەرئەمەش وایکردووە کە جێژی خوێنەرانی جیهان بۆلای خۆی رابکێشێت.

کاریگەرییەکانی بەسەر ئەدەب و هونەری جیهانەوە
لە پاش کتێبی ئینجیل هیچ کتێبێکی خۆرهەڵات، هێندەی حکایەتی هەزارو یەک شەوە کاریگەری گەورەی بەسەر ئەدەب و هونەری جیهانییەوە بەجێنەهێشتووە بەتایبەتی بەسەر ئەوروپاوە. هەر لەگەڵ وەرگێڕانی بۆ زمانی فەرەنسی، ئیتر کاریگەری ئەم کتێبە بەسەر جیهان بەگشتیی و خۆرئاوا بەتایبەتی دەرکەوت. لە ساڵی 1704 بۆ 1717 لەلایەن خۆرهەڵاتتناس و وەرگێڕی فەرەنسی ئانتوان جالان بە بەش بەش بۆسەر زمانی فەرەنسی وەرگێڕاوە. لەرێگەی زمانی فەرەنسیشەوە بۆ زۆربەی زمانە ئەوروپییەکان وەرگێڕاوە. دواتر  ئەم حکایەتانە بۆ زۆربەی زمانەی ئەوروپییەکانی تر وەدەگێڕێت و دەبێتە کتێبە ئەفسووناوییەکەی خۆرهەڵات، کە زۆربەی نوخبەی  نووسەر و ئەدیبی  ئەوروپا حەزیان بە خوێندنەوەی ئەم حکایەتە دەکەن.

بۆیەکەمجاریش ساڵی 1823 لە زمانی فەرەنسییەوە  وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئەڵمانی، دواتریش لە ساڵی 1837 -1841  بۆیەکەمجار لە زمانی عەرەبییەوە لەلایەن گوستاڤ ڤایل وەردەگێڕێتە سەر زمانی ئەڵمانی، پاشان لە ساڵی 1907 دووبارە  لەلایەن رۆژهەڵاتناس و وەرگێڕی ئەڵمانی ڤێکسی گرێڤەوە لە زمانی عەرەبییەوە وەردەگێڕێتە سەر زمانی ئەڵمانی.

تابلۆکێشان
لە رووی هونەرییەوە بەتایبەتی هونەری تابلۆکێشان، ئەم کتێبە ناخ و دەروونی کۆمەڵێکی زۆر لە تابلۆکێشە ناودارەکانی ئەوروپای هەژاندووە، وایکردووە کە عیشقیان بۆ خۆرهەڵات بجووڵێت و ئەم عیشقەش لە تابلۆکانیاندا دەربکەوێت. لە پێش هەموویانەوە تابلۆکێشی ناوداری فەرەنسی ژان ئۆگوست ئانگەر "کە لە ساڵی1780 لەدایک بووەو لە ساڵی 1867 کۆچی دواییکردووە."  هەروەها  ئۆژین دیلاکروا " لە ساڵی 1798 لەدایک بووە و لە ساڵی 1863 کۆچی دواییکردووە"  کە ئەویش تابلۆکێشێكی ناسراوی فەرەنسایە سەر بە قووتابخانەی رۆمانسی بووەو جێپەنچەی بەسەر مێژووی هونەری تابلۆکێشانی فەرەنسا و جیهان دیارە.  ئەم تابلۆکێشە هێندە حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوە کاریتێکردبوو، کە هانیدا سەفەرێک بۆ وڵاتانی مەغریبی عەربی بکات و کۆمەڵێک تابلۆی نایابی مەغریبی عەرەبیی و خۆرهەڵات بکێشێت.  جگە لە کۆمەڵێک تابلۆکێشی تری جیهان، کە بەشێكی زۆریان لە رێگەی ئەم حکایەتانەوە وێنای خۆرهەڵات لە مێشکیان کێشاوە.

لە رووی موزیک و گۆرانییەوە
لە رووی موزیکیشەوە ئەم کتێبە کاریگەری بەسەر زۆرێک لە کۆمپۆنیست و موزیکژەنەکانی جیهانەوە هەبووە،  بۆ یەکەمجار  کۆمپۆنیستی فەرەنسی فرانسوا ئاریان بۆیلدیۆ لە ساڵی 1800 ئۆپێرایەکی بەناونیشانی "خەلیفەی بەغداد"  ئامادەکرد و دواتریش هەر بەهەمان ناوەوە شاکارێکی موزیکی بڵاوکردەوە. دوای ئەویش   کۆمپۆنیسی ئەڵمانی کارل ماریا ڤۆن ڤیبەر لە ساڵی 1811 شاکارێکی موزیکی بەناونیشانی " عەلی بابا"  بڵاوکردەوە.

بەڵام  لە هەموویان ناسراوتر ، کۆمپۆنیستی ناوداری روسیا کۆرساکۆڤ لە ساڵی 1888 دا لەپاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە، شاکارێکی مەزنی بەناونیشانی  " شەهرەزاد" بڵاوکردەوە.  دواتر بووە یەکێک لە شاکارە موزیکییە جیهانییەکان کە هەتاوەکو ئەمڕۆش لە جیهاندا بە بەردەوامی لێدەدرێتەوە، هەر کە باسی ئەم کتێبە دەکرێت، یەکسەر ئەو پارچە موزیکییە لێدەدرێت.

لە خۆرهەڵاتیش ژنە گۆرانبێژی میسری ئوم کەلسوم، یەکێک لە گۆرانییە جوانەکانی بەناوی " هەزارو یەک شەوە" یە، کە یەکێکە لە گۆرانییە جوانەکانیی و هەتاوەکو ئێستاش لەناو ناخ و  دەروونی خەلکی خۆرهەڵاتدا ماوە. جگە لە زۆر کۆمپۆنیست و موزیکژەن و گۆرانیبێژی تری جیهان.

لەرووی فیلم و کاری سینەمایی و تەلەڤزیۆنییەوە
هیچ کتێبێک هێندەی هەزارو یەک شەوە کاریگەری بەسەری کاری سینەماو تیڤییەوە نەبووە، هەر لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە هەتاوەکو ئەمڕۆ. بۆیەکەمجار دەرهێنەری فەرەنسی جۆرج میلییس فیلمی " کۆشكی هەزار و یەک شەوە" لە ساڵی 1905 بەرهەمهێناوە. لە ساڵی 1924 دا فیلمی " دزی بەغداد" لەلایەن دەرهێنەر رائول والچ بەرهەمهێنراوە. دوایینجاریش لەلایەن دەرهێنەری ئیتالی  پاولۆ بازۆلینی لە ساڵی 1974 دا فیلمی " گوڵی هەزار و یەک شەوە" بەرهەمهێنرا.

لەرووی فیلمی کارتۆنیشەوە کاریگەری هەبوو، لەراستیشدا بە حوکمی ئەوەی ئەم کتێبە کۆمەڵێک حکایەتی ئەفسوناویی لەخۆ دەگرێت، بەلای منداڵەوە زۆر خۆشن، من خۆم کاتێک منداڵ بووم زۆر حەزم بە فیلم کارتۆنەکانی " سندیباد، عەلادین ، هەزارو یەک شەوە" هەبوو.  ئەم فیلمە کارتۆنانە دونیای خەیاڵ لای منداڵ زۆر فراوان دەکەن.

بۆ یەکەمجار لەئەمریکا لەساڵی 1959 وەکو فیلم کارتۆنی لەلایەن جاک کینی بەرهەمهێنرا، دواتریش لەلایەن فیلمسازی ژاپۆنییەوە ئۆسامۆ تیزیۆکا لە ساڵی 1969 بەشێوەیەکی جوانترو مۆدێرنتر فیلم کارتۆنی هەزار یەک شەوە هاتە بەرهەم.

ئۆپێرا
لەڕووی ئۆپێراشەوە کاریگەری زۆر گەورەی هەبووە، هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەیەدا، چەندینجار کراوە بە ئۆپێرا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە زۆرێک لە حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوە، دەرفەتی زۆرباشی تێدایە بۆئەوەی لەرووی هونەری ئۆپێراوە کاری لەسەر بکرێت، بۆیەکەمجاریش لەلایەن کۆمپۆنیس و موزیکژەنی فەرەنسی فرانسوا ئاریان بۆیلدیۆ لە ساڵی 1800 ئۆپێرای  خەلیفەی بەغداد" نمایشكرا، هەر لەگەڵ ئەم ئۆپێرایەشدا شاکارە موزیکییەکەی بۆ دانا. لە پاش بۆیلدیۆوە 12 جاری تر  وەکو ئۆپێرا هەزارو یەک شەوە نمایشكراوە دوایینجاریش لە ساڵی 2012 لە  ئۆپێرای ڤییەننا لە نەمسا بەناونیشانی " هەزار و یەک شەوە" نمایشكراوە.

لەرووی شانۆشەوە زۆرێک لە حکایەتەکانی کراون بە کاری شانۆیی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا لەسەر تەختی شناۆ نمایشكراوە.  

کاریگەری بەسەر ئەدەبی جیهانەوە
کاریگەری بەسەر ئەدەبی جیهانیشەوە زۆر دیارە، بەتایبەتی نووسەران و رووناکبیران و فەیلەسوفانی ئەوروپا لە سەدەکانی رۆشنگەری.  لەمبارەیەوە ڤۆلتێر فەیلەسوفی ناسراوی فەرەنسا دەڵێت: من هەتاوەکو 14 جار حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوەم نەخوێندەوە، نەبووم بە چیرۆکنووس"

ژنە رەخنەگەری ئەڵمانی ئارموندە هێلەر دەڵێت: حکایەتی هەزارو یەک شەوە، توانی وێنەیەکی رۆمانسیی‌و خەیاڵیی لەزیهنی ئێمەدا بەرامبەر خۆرهەڵات دروست بکات ." هیچ  کتێب و نووسەرێکی خۆرهەڵات،  هێندەی ئەم حکایەتانە کاریگەری بەسەر ئەدەبی ئەوروپییەوە نەبووە.  هەروەها ئەم کتێبە بە قوڵی ناخی شاعیرو بیرمەندی ئەڵمانی گۆتەی هەژاندووەو کاری تێکردووە.

کاریگەری بەسەر رۆمان و چیرۆکی ئەوروپییەوە
زۆر مێژوونوسی ئەدەبی ئەوروپی پێیان وایە، کە  ئەم کتێبە کاریگەری گەورەی بەسەر ئەو رۆمان و حکایەتە ئەوروپییانەوە هەبووە، کە بە بەردی بناغەی رۆمان و چیرۆکی ئەوروپی دادەنرێن.  بۆ نموونە  ئەم کاریگەرییە بەسەر حکایەتەکانی " سەمیرامیس و شازادەی بابل" ی ڤۆلتێر زاڵە، هەروەها  نووسەر و ئەدەیبی ناسراوی ئینگلیزی جیمس مۆریر  " لە 1780 لەدایک بووەو لە ساڵی 1849 کۆچی دواییکردووە" لە بەشێکی زۆری  کارەکانیدا، هەست بەم کاریگەرییە دەکەین بەتایبەتی لە حکایەتەکانی " حاجی بابا، موسلیمە، میرزا و حکایەتی فارسی" . هەروەها  هەست بەم کاریگەرییە گەورەیە بەسەر فەیلەسوفی ناسراوی فەرەنسا و ئەوروپا مۆنتیسکۆ دەکەین ، بەتایبەتی لە کتێبی " نامە فارسییەکان"دا.  هەروەها رۆمانە ناسراوەکەی سەرکێشییەکانی رۆبنسۆن کروز کە لە نووسینی نووسەری ناوداری ئینگلیزی   دانیێل دیڤۆ،" لە ساڵی 1660 لەدایک بووەو لە ساڵی 1731 کۆچی دوایی کردووە."   هەروەها سەفەرەکانی کالیڤەرز لە نووسینی  نووسەری ناوداری ئینگلیزی جۆناتان سویف " لە ساڵی 1667 لەدایک بووەو لە ساڵی 1745 کۆچ دواییکردووە"، ئەم دوو رۆمانەش کە بە رۆمانە بنەڕەتییەکانی رۆمانی ئینگلیزی و ئەوروپی دادەنرێن، بەشێکی زۆری حکایەتەکانیان لە حکایەتی سندیبادەوە بردووە کە یەکێکە لە حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوە.

نووسەری ناوداری روسیش لیۆ تۆڵستۆی زۆر هەواداری ئەدەبی خۆرهەڵاتی بووە، بەتایبەتیش حکایەتەکانی هەزار و یەک شەوە، زۆر کاری تێکردووە. ئەم کاریگەرییە گەورەیەش لە حکایەتی " پاشاو بازەکەی" بە ڕوونی دیارە. هەرچەندە ئەم حکایەتەی، حکایەتێکە بۆ منداڵان نووسراوەو دەچێتە قاڵبی ئەدەبی منداڵانەوە.  ئەم حکایەتەش لەژێر کاریگەری حکایەتەکانی  هەزارو یەک شەوە نووسراوە بەتایبەتی حکایەتی " قەمەر زەمان"

کاریگەرییەکانی لەسەر ژانرە جیاوازەکانی رۆمان
هیچ کتێبێکی جیهان هێندەی حکایەتی هەزارو یەک شەوە کاریگەری بەسەر ئەدەبیاتی جیهانەوە نەکردووە بەتایبەتی لەرووی چیرۆک و رۆمانەوە. زۆرکەس بە دایکی هەموو چیرۆک و رۆمانەکانی دادەنێن. لەم کتێبەدا رۆڵی " گێڕەوەر، پاڵەوان، فەنتازیا، خەیاڵ، زمانی شیعری، گرێی ناو چیرۆک، دیالۆگ" دەردەکەوێت. هەربۆیە ئەم کتێبە دەبێتە ئیلهابەخش و سەرچاوەی داهێنان و ئەفراندنی ژانری نوێی چیرۆک و رۆمان لە پێش هەموویانەوە " رۆمانی خەیاڵی، ئیرۆتیک، پۆلیسیی، خۆشەویستی، مێژووییی"

رۆمانی خەیاڵئامێز و ئەفسووناوی
حکایەتی هەزارو یەک شەوە راستە لەلایەکەوە باسی ژیانێکی  هەقیقی دەکات بەڵام لە پەنا ئەم هەقیقەتەشدا، ئێمە جیهانێکی خەیاڵیی و فەنتازیا دەبینین، ئەمەش لە کۆمەڵێک حکایەتی سەیر و سەمەرەدا  دەردەکەوێت کە تێیدا پاڵەوانەکانی هێز و توانای ناسروشتییان هەیە بەتایبەتی لە حکایەتەکانی " سندیباد، عەلی بابا ، عەلادین"دا  ئەو حکایەتاناش بوونەتە سەرچاوەو سەرەتایەک بۆ رۆمان و چیرۆکی خەیاڵئامێز  کە دواتریش رۆمانی "  خەیاڵی زانستی-science fiction" و ماگیی ریالیزمی" واقعی سیحری" تێدا لەدایک دەبێت.

ئەدەبی ترسناک
بابەتێکی تر کە لە حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوەدا بە روونی دەردەکەوێت، مەسەلەی  دەرکەوتنی جنۆکە  و دێو و درەنجە، کە ئەمەش زۆرجار ترس دەخاتە دڵی خوێنەری ئاساییەوە، لێرەشەوە ئەوەی کە ئەمڕۆ پێی دەڵێین، ئەدەبی ترسناک جا " فیلم یان رۆمان و چیرۆک" لەدایک بووە.  ئەمەش بەروونی لە حکایەتەکانی ناو هەزارو یەکشەوە دەردەکەوێت بەتایبەتی لە حکایەتەکانی  " ماڵی مردووەکان، شاری مس" دا بە جوانی دەردەکەوێت، کەتێیدا باسی جنۆکە  و رۆحی مردووەکان دەکات.

ئەدەبی پۆلیسی
لە بەشێکی حکایەتەکانیدا باسی کەسانی دز و جەردە دەکات، لە حکایەتی " بەرگدرو، کۆمڕە، پزیشكی جوو" کاتێک بەرگدروێک لە چین  کۆمڕەیەک دەباتەوە ماڵەوە ، لەکاتی نانخواردندا دەمرێت، ئەویش دەیبات بۆ ماڵی پزیشکە جووەکە و لە ژێرزەمینەکەدا فڕێی دەدا، دواتر پزیشکەکە تاوانبار دەکرێت بە کوشتنی کۆمڕەکە، دواتر سوڵتان فەرمان دەردەکات بە سزادانی ئەو کەسانەی کە ئەم تاوانەیان کردووە، جگە لە بەرگدرووەکە و  پزیشکە جووەکە، نزیکەی 12 کەسی تر تێوە دەگلێن و هەرەیەکەشیان باسی حکایەتی خۆی دەکات و لە کۆتاییدا تاوانبار دەدۆزرێتەوە.

هەروەها لە حکایەتی کوشتنی کچە منداڵەکە یان " سێ سێوەکە" کاتێک  لە بەغدا  تەرمی کچێکی منداڵ دەدۆزرێتەوە، هارون رەشید داوا لە وەزیر جەعفەر دەکات دەبێت لە ماوەی سێ رۆژدا تاوانباری بۆ بدۆزنەوە، ئەویش هەتا سێ رۆژەکە تەواو دەبێت تاوانبار نادۆزێتەوە، دواتر  خەریکە خودا حافیزی لە ژن  و منداڵەکانی بکات و بچێت بۆ بەردەم مەسروری شمشێر وەشێن، تا ملی لە لاشەی بکاتەوە، کەچی لەپڕێکدا دوو کەس پەیدا دەبن و  دەڵێن ئێمە کوشتوومانە، دواتر لێکۆڵینەوە دەستپێدەکات، ئەوانیش تاوانبار دەرناچن، دیسانەوە هارون رەشید سێ رۆژی تر مۆڵەت بە  وەزیرەکەی دەدات، ئەویش دەگەڕێت تاوانبار نادۆزێتەوە، دواتر ئاشكرا دەبێت کە کۆیلەیەکی رەش سێوێکی بە کچەکە داوە، دواتر خواردوویەتی و ژەهر خواردوو بووە، ماوەیەکیش بە دوای کۆیەلەکەدا دەگەڕێن تا لەکۆتاییدا تاوانبار دەدۆزنەوەو سزای دەدەن.

هەموو ئەمانەش سەرەتایەکی گرنگ بوون بۆ دروستبوونی تەکنیک و فۆرمی ئەدەب و رۆمانی پۆلیسی، کە لە مڕۆدا رەواجێکی زۆری هەیە.

هەندێک سەرنج
لەگەڵ هەموو ئەو جوانیانەی کە لەم کتێبەدا  هەیە، بەڵام لە پەنا ئەوەشدا کۆمەڵێک سەرنج  و تێبینی و رەخنەش لەم کتێبە دەگیرێت. لە پێش هەموویانەوە ئەم کتێبە بە چەندین جۆر چاپکراوە، لە جیاتی چاپێک و وەرگێڕانێک ، چەندەها وەرگێڕانی هەیە، کە زۆرجار خوێنەر سەری لێتێکدەچێت کامیان هەڵبژێرێت.

لەڕووی ناوەڕۆکیشەوە، زۆر رووداو، چیرۆک هەیە ، کە دووبارە و سێ بارە دەبنەوە، بۆ نموونە لە زۆر چیرۆکدا بابەتی " خیانەتی ژنێک لە پیاوەکەی، بەدگۆڕان" گۆڕینی مرۆڤ لەرێگەی سیحرەوە بۆ ئاژەڵ" ئەم دیمەنانە هەتاوەکو کۆتایی کتێبەکە بەردەوام دەبن.

کاریگەری ئەفسانەکان
لەلایەکی ترەوە لە زۆر شوێندا هەست بە کاریگەری ئەفسانە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا و هیندستان و ئێران و یۆنان بەسەر ئەم حکایەتانەوە هەیە، بگرە هەندێک چیرۆکی هەیە  وەکو خۆی دانراوەتەوە. بەتایبەتی ئەفسانەی گیلگامیش و کەلیلە و دیمنە، کە زۆر پێش حکایەتی هەزارو یەک شەوە نووسراون، لەم دوو ئەفسانەیەشدا " پاڵەوانی سیحر ئامێز، گۆڕینی مرۆڤەکان بۆ ئاژەڵ" رۆڵی سەرەکی دەگێڕن، بۆیە هەندێک لە لێکۆڵەوەرەکان پێیان وایە ، کە ئەم حکایەتانەش بەشێکن لەو ئەفسانە کۆنانە.

ژن سەرچاوەی خراپەکارییە
خاڵێکی تر کە زیاتر لەلایەن رەخنەگرە ڤێمینیستەکان لێیدەگرن ئەوەیە، کە وێنەی " ژن" لەم حکایەتانەدا لە زۆر شوێندا بە خراپ باسکراوەو زۆرجار باسی " فێڵبازیی و مەکری ژنان" دەکات، هەروەها ژن بە سەرچاوەی خراپەکاری دادەنێت، ئەمەش لە بەشێکی زۆری حکایەتەکاندا هەیە. بەڵام لەهەمانکاتیشدا نابێت ئەوەشـمان لەبیربچێت، کە پاڵەوانی سەرەکی ئەم حکایەتانە شەهرەزادە، کە کچێکی زیرەکە و لێرەشدا زیرەکیی ژن دەردەکەوێت و پێگەی بەهێزی لەناو حکایەتەکاندا پێبەخشییوە.

وەرگێڕانی بۆ کوردی
دیارە ئەم حکایەتانە بۆ زۆر زمانی جیهان وەرگێڕاوە، پێشتریش لە کوردەواریدا لەناو مەجلیس و کۆبوونەوە خێزانیی و کۆمەڵایەتییەکاندا  ئەم حکایەتانە جا هەموویان پێکەوە بن یان دانە دانە لەناو خەڵکیدا باسکراون، بەڵام بەداخەوە زۆر درەنگ هەموو حکایەتەکان کراون بە کوردی. خۆشبەختانە لەم چەند ساڵەی دواییدا لە زمانی عەرەبیی و فارسییەوە ، لەلایەن کۆمەڵێک وەرگێڕی هێژاوە، کراوە بە کوردی، ئەمەش خزمەتێکی باشی کتێبخانەی کوردی دەکات ، لەهەمانکاتیشدا خوێنەری کوردیش دەستی بەم شاکارە ئەدەبییە مەزنەی جیهان دەگات.

دوا قسە
بەدڵنیاییەوە ئەم کتێبە خاڵی زۆر جوان و شاراوەی تێدایە، لەوانەبێت من لەم وتارەدا تەنها ئاماژەم بە هەندێک خاڵ کردبێت، بەڵام ئەگەر بمانەوێت  باش لەم حکایەتانە بگەین ، سەرەتا پێویستە جارێک یان دووجار ئەم حکایەتانە بخوێنینەوە، بۆئەوەی هەم زانیاریی باشمان دەستبکەوێت و هەمیش جێژ لەو حکایەتە جوانانە وەربگرین، کە لەم کتێبەدا باسکراون. هیوادارم لە خوێنەران کە ئەم کتێبە بخوێننەوە بەتایبەتی ئەوانەی حەزیان بە چیرۆک و ئەفسانەیە، چونکە حکایەت و دیمەن و ڕووداوی زۆر جوانی تێدایە.

سەرچاوە:
1/ ألف لیله‌ ولیله‌. الناشر مۆسسه‌ هنداوی. لندن . المملکه‌ المتحده‌. 2017
/1/ ملهم فایز راچی. دراسه‌-تحلیلیه‌-لكتاب-ألف-لیله‌-ولیله‌ / https://mqqal.com
2/  محمد عبد الرحمن یونس. حكایات ألف لیله‌ ولیله‌ تتمازج فی پقافات الأمم والشعوب. www.alarabiya.net
3/ عیسى مخلوف. شهرزاد أو الهجره‌ إلى الغرب. www.nidaalwatan.com
.
4/ Tausendundeine Nacht zwischen Orient und Europa. www.hu-berlin.de/de
5/ Als Europa den Orient erfand Tilman Spreckelsen. www.faz.net/aktuell