هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆسەر بازرگانیی نێودەوڵەتی

جیهان

24/02/2024‌ 577 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حوسێن ئەلعەزی یەکێک لەسەرکردەکانی حوسییەکانی یەمەن دوێنی هەینی ڕایگەیاند؛ حوسییەکان دەتوانن بەتەواوەتی گەروی بابولمەندەب دابخەن، ده‌شڵێت:"دانەخستنی گەروەکە بەو مانایەیە کە گروپەکە تائێستا دەیەوێت کەشتیوانی نێودەوڵەتیی لەو ڕاڕەوە دەریاییەوە بەردەوامبێت".


لێدوانی ئەو بەرپرسەی حوسییەکان دوای ئەوەهات، عەبدولمەلیک حوسی سەرۆکی حوسییەکان هەڕەشەی توندکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی دژ بەو کەشتیانەی کە پەیوەندییان بەئەمریکاو بەریتانیاو ئیسرائیلەوە  هەیە کردبوو، هەروەک بەڵێنیدا چەکێکی نوێ بخاتە ناو ڕوبەڕوبونەوە دەریاییەکانەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، حوسییەکان هۆشداریاندایە ئەو کەشتییە ئیسرائیلی‌و ئەمریکی‌و بەریتانیاییانەی لەئاوەکانی دەریای سورو کەنداوی عەدەن‌و دەریای عەرەبییەوە گەشت دەکەن.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بەپشتبەستن بەبەیاننامەکانی ئاژانسێکی هەواڵی سەر بەگروپی حوسییەکانی یەمەن ڕایگەیاندوە، “ئەو کەشتییانەی کە بەتەواوی یان بەشێکیان لەلایەن کەسانی ئیسرائیلی یان لایەنە ئیسرائیلییەکانەوە خاوەندارێتی دەکرێن‌و ئەو کەشتیانەی ئاڵای ئیسرائیل هەڵدەکەن، تێپەڕین بەدەریای سور، کەنداوی عەدەن‌و دەریای عەرەبیان لێ قەدەغەیە".

عەبدولمەلیک حوسی پێنجشەممە ڕایگەیاند، هێرشەکانیان لەدەریای سور "بەردەوامدەبن‌و هەوڵدەدەن زیاتر پەرەیان پێبدەن".

هەروەک لەبەشێکی قسەکانیدا وتی:
ـ ئێمە چەکی ژێر دەریاییمان خستە ناو ئۆپەراسیۆنەکانمانەوە لەدەریای سورو عەرەبیدا.

ـ ئەمریکییەکان ڤیتۆی خۆیان لەسەر هەر بڕیارێک کە لەبەرژەوەندی فەڵەستینییەکان بێت بەکاردەهێنن.

ـ ئەمریکییەکان ڤیتۆی خۆیان تەنها بۆ خزمەتکردنی ئیسرائیل بەکاردەهێنن.

ـ ئەمریکا هاوبەشی دەستدرێژی ئیسرائیلە بۆسەر فەڵەستینییەکان.

ـ بەرنامەی خۆراکی جیهانیی سەرەڕای ئازارو برسێتی غەززەییەکان، دابینکردنی خۆراکی لەغەززە ڕاگرت.

ـ موشەکەکانمان ئەوەندە پێشکەوتون کە ناتوانرێت ڕێگریان لێبکرێت یان بخرێنە خوارەوە.

ـ هەموو ئەو کەشتیانەی دەکرێنە ئامانج،  یان ئەمریکین، یان بەریتانی یان ئیسرائیلن.

ـ کەشتییە ئامانجدارەکان لەدەریادا گەیشتونەتە 48 کەشتی.

ـ ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی ئامانجە ئیسرائیلییەکان لەناو خاکی ئیسرائیلدا 183 موشەک‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوە.