ئەردۆغان لەپێناو چییدا نەیارانی "سیسی" لەوڵاتەکەی دەردەکات؟

جیهان

24/02/2024‌ 704 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "نەزاڤیسیمایا گازێتا"ی ڕوسی بابەتێکی لەژێر ناوی "ئەردۆغان بۆ ڕازیکردنی سیسی نەیارانی میسر لەوڵاتەکەی دەردەکات" بڵاوکردۆتەوەو تێیدا باسی لەوەکردوە کە لەدوای سەردانەی ئەمدواییەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا بۆ میسر، ئەنکەرە هەڵمەتێکی دەرکردنی سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمینی لەوڵاتەکەی دەستپێکردوە.


لەڕاپۆرتی ڕۆژنامە ڕوسیەکەدا هاتوە، تورکیا هەڵمەتێکی گوشارخستنەسەر سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمینی دەستپێکردوە کە بنکەکانیان لەو وڵاتەیە، بەشێوەیەک ئەنكەرە بەبیانوی ساختەکاریی‌و پێشێلکردنی ڕێکارەکان، ڕەگەزنامەی لەپێنج ئەندامی شانەی ئیستانبوڵی ئیخوان وەرگرتەوە، ئەمەش دوای یەکەم سەردانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەماوەی 12 ساڵدا بۆ میسر ڕویدا.

ئەوەش هاتوە، ڕۆژنامەیەکی میسری بڵاویکردۆتەوە، پێنج  میسریی کە نوێنەرایەتی ئیخوان موسلیمینان لەتورکیا کردوە، ڕەگەزنامەی تورکیایان لێ وەرگیراوەتەوە، لەنێویاندا مەحمود حوسێن کە یەکێکە لەکەسایەتییە دیارەکانی ناو ڕێکخراوەکەیەو وەک ڕێبەری گشتیی خزمەتیکردوەو وەک دەزانرێت سەرۆکایەتی گروپێکی لۆبی لەئیستانبوڵ کردوە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردوە کە بڕیارە سیسی لەمانگی نیسان یان ئایاری داهاتودا سەردانێکی وەڵامدانەوە بۆ ئەنكەرە ئەنجامبدات، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو لێدانە لەشانەی ئیستانبوڵی ئیخوان لەپاشخانی ئامادەکارییەکان بۆ ئەم سەردانە ڕویدابێت.

لەمبارەیەوە جەلال حەرشاوی، توێژەر لەپەیمانگه‌ی شاهانەیی بۆ توێژینەوەی بەرگریی ( RUSI ) بەڕۆژنامەی نەزاڤیسیمایا گەزێتەی ڕاگەیاندوە، پشتگیریی لەئیخوان موسلیمین نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر ئامرازێکی ئایدیۆلۆژی گرنگ بوە لەدەستی ئەردۆغاندا، بەڵام گرنگی ئەم ئامرازە بەتێپەڕبونی کات کەمبوەتەوە.

لەساڵی 2018وە سەرنجی ئەردۆغان بەرەو جۆرەها شێوەی ناسیۆنالیزمی تورکی ڕۆیشتوە، ئەمەش ڕۆڵی ئیخوان موسلیمینی عەرەبی کەمکردوەتەوە، لەسەر ئاستی ناوخۆش ئیخوان موسلیمین دوو سێ ساڵ لەمەوبەر گرنگی خۆی بۆ ئەردۆغان لەدەستدا، "ئەردۆغان ئێستا بەشێوەیەکی ستراتیژی دەستپێشخەرییە تاکلایەنەکان بەڕێوەدەبات بەناردنی سیگناڵی هاندەر بۆ وڵاتانی وەک میسر، بەبێئەوەی هیچ تێچوویەکی لەسەر خۆی یان حکومەتەکەی هەبێت".