شارپرێس:
بهگوێرهى میدیاى یهكێتى، لایەنەكانی كەركوك لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان گەیشتونەتە ڕێككەوتن بهشێوهیهك، پارێزگار بۆ یەكێتیو سەرۆكی ئەنجومەن بۆ لایەنی عەرەبیو قائیمقامیش بۆ توركمان دهبێت.
لهههواڵێكدا میدیاى یهكێتى ئاشكرایكردوه، لایەنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ڕێككەوتون لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان، ئهوهش لهكاتێكدایه، لەكۆبونەوەی چوارشەممەی ڕابردوی نێوان محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقو سەركردەی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، مۆڵەتی حەوت ڕۆژی دیاریكراوە بۆ پێشكەشكردنی داواكاری لایەنە براوەكانی كەركوك، بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك.
ئهوهش ئاشكراكراوه، ڕێككەوتنی سەرەتایی كراوە بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگای كەركوك بەمشێوەیە، پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتیو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ لایەنە عەرەبییەكان، قائیمقامی ناوەندی كەركوكیش بۆ توركمانو جێگرانی پارێزگار بۆ پارتیو لایەنە عەرەبییەكان، ههروهك بڕیاردەری ئەنجومەنی پارێزگاش بۆ توركمان دهبێت.
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 15 ئەندامی گشتیو یەك ئەندامی كۆتا پێكهاتوە، لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی 18ى 12ى 2023 ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش بهمشێوهیهیه
• كورد (یەكێتیو پارتی): 7 كورسی
• لایەنە عەرەبییەكان: 6 كورسی
• توركمانەكان: 2 كورسی
• كۆتای مەسیحی: 1 كورسی