ڕێواز فایه‌ق: دڵخۆشم به‌بڕیاره‌كانى دادگاى فیدراڵى

کوردستان

27/02/2024‌ 914 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "زۆرینەی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم زانیارییان کەم بوو سەبارەت بەکێشەکان، زۆرێکیان هەر سەرقاڵی ئامادەکردنی ڤیدیۆی خۆیانبون بۆ ئەوەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی بکەنەوە"، ده‌شڵێت:"پێکهاتەکان لەبەریەککەوتنی هێزە سیاسییەکان نەیانتوانی بێلایەنیی خۆیان بپارێزن، هەمیشە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەئاشکرا دەیوت: بەپێکهاتەکانەوە زۆرینەی پەرلەمانمان هەیە".


ڕێواز فایەق سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، "دڵخۆشم بەبڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بەڵام، هەندێک هەنگاوی تەکنیکی هەن کە پێویستە جێبەجێبکر‌ێن، ئەوکات تێدەگەین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبەرژه‌وەندی موچەخۆرانە یاخود نا".

ئه‌وه‌شى وت:"ئەگەر ئاستەنگێک هەبێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان پێویستە بەزوترینکات چارەسەربکرێت، چونکە هەردوو حکومەتی هەرێم‌و ناوەند پابەندکراون بەجێبەجێکردنی بڕیارەکە".

لەبارەی کەمکردنەوەی کورسی پێکهاتەکانیش ڕێواز فایه‌ق به‌میدیاى فه‌رمى گۆڕانى وتوه‌، "پێکهاتەکان بون بەبەشێک لەململانێ سیاسییەکانی هەرێم، لەبەریەککەوتنی هێزە سیاسییەکان نەیانتوانی بێلایەنیی خۆیان بپارێزن، هەمیشە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەئاشکرا دەیوت: بەپێکهاتەکانەوە زۆرینەی پەرلەمانمان هەیە".

وتیشى:"بەهەموو پێکهاتەکان لەخولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان 23 هەزار دەنگیان هێناوە، سەیرم لێدێت کە دەڵێن 400 هەزار تورکمان لەهەرێمى کوردستان هەیە".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، "نەخشەی سیاسی ناو هۆڵی پەرلەمان هەمیشە هۆکاربوو بۆ پاراستنی حکومەت لەوکاتانەی داوادەکرا لێپرسینەوە لەحکومەت بکرێت".

سه‌باره‌ت به‌ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕێواز فایەق ڕایگەیاند، "ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەسەر ئەوە ماوەتەوە کە کەرەستەکانی هەڵبژاردن ئامادەن یاخود نا، لەسەر خواستی هیچ لایەنێکی سیاسی نەوەستاوە، ئێستا دۆخەکە گونجاوە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن، پێشبینیده‌كه‌م لەمانگی حوزەیران هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت".

له‌باره‌ى ئەدای خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕێواز فایه‌ق جه‌ختیكرده‌وه‌، "زۆرینەی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم زانیارییان کەم بوو سەبارەت بەکێشەکان، زۆرێکیان هەر سەرقاڵی ئامادەکردنی ڤیدیۆی خۆیانبون بۆ ئەوەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی بکەنەوە".