نهێنیی ململانێی قوڵی نوجەبا و عەسائیب ئاشكرادەبێت

ڕاپۆرت

29/02/2024‌ 1380 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
 
 “بزووتنەوەی نوجەبا” بەپێچەوانەی گروپە چەكدارەكانی دیكەوە كەوتەوە هەڕەشەكردن لە ئەمریكییەكان، هاوكات زانیاری لەسەر فراوانبوونی ململانێكانی ئەم گروپە لەگەڵ عەسائیب ئاشكرابووە.

سەرچاوە ئاگادارەكان بەرۆژنامەی شەرق ئەوسەتیان ڕاگەیاند: بەرپرسی بزووتنەوەكە، ئەكرەم كەعبی، بە زۆر ڕازی بووە بە ئاگربەست، بەهۆی دۆخێكی مەیدانی مەترسیدار و ڕێنمایی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران، بەڵام ئێستا چەند هۆكارێك وای لێدەكەن جارێكی تر بكەوێتەوە هەڕەشەكردن بۆ شكاندنی ئاگربەستەكە.

ڕۆژی یەكشەممە ٢٥ی شوبات، سەرۆكی گروپی نوجەبای لایەنگری ئێران وتی: ئارامیی ئێستا تاكتیكێكی كاتییە بۆ دووبارە خۆ رێكخستانەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەندێك كەس زانیارییان لەسەر بەرخۆدان و شوێنەكانیان بە ئەمریكییەكان داوە.

ئەم لێدوانەی كەعبی دوای ئاگربەستێك هات كە ئێران بەسەر گروپە چەكدارەكانیدا سەپاندبوی بۆ پاراستنیان لە هێرشەكانی ئەمریكا.

هاوكات سەرچاوە عێراقییەكان باسی ئەوە دەكەن كە  نوجەبا بەهۆی ناكۆكی قووڵی لەگەڵ عەسائیب ئەهلی حەق ڕەتیدەكردەوە بەشداری ئاگربەستەكە بكات.

سەرچاوەیەك باسی لە بوونی ئاڵۆزی و ناكۆكی  لەنێوان هەردوو گروپەكە لەسەر كارەكانیان و هەژموونیان كردووە.

ئەو سەرچاوەیە  ڕایگەیاندووە: “بزووتنەوەی نوجەبا هەوڵدەدات پێشكەوتنەكانی عەسائیب بەرەو كۆنترۆڵكردنی زیاتر بەسەر دامەزراوە ئەمنی و ئابوورییەكاندا ڕابگرێت”.

لەم دواییانەدا كاریگەری عەسائیب زیادی كرد دوای ئەوەی ١٤ كورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەدەست هێنا و یەكێك لە سەركردەكانیشی بەناوی عەدنان فەیحان توانی پۆستی پارێزگاری بابل  بەدەستبهێنێت، جگە لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای میسان.

بەپەلە