شارپرێس:
چاک فرێیلیچ جێگری پێشوی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی لەئیسرائیل، لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانی لەسەر سایبەری ئێرانو هەڕەشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ئامادەکردوە، تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئێران یەکێکە لەیەکەم وڵاتان کە ستراتیژییەکی سایبریی نیشتمانیی سیستماتیکی داڕشتوە کە بریتیبوو لە: دامەزراندنی دامەزراوەکانو پەرەپێدانی توانا تەکنەلۆژییەکان.
بەبڕوای فرێیلیچ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو پێشهاتی سەرەکی لەئێراندا، “ئۆپۆزسیۆنی ئێران” (بەپشتیوانی واشنتۆنو ڕۆژئاوا) کە بەشێوەیەکی کاریگەر ئینتەرنێت بۆ چڕکردنەوەی خۆپیشاندانەکان بەکاردەهێننو هێرشی هاوبەشی ئیسرائیلو ئەمریکی “ستۆکسنێت” کە لەساڵی 2010 بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی کردە ئامانج.
لەوکاتەوە تواناکانی سایبێری ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەیسەندوە، تا ئەو ڕادەیەی کە ئەمڕۆ ئێران لەلوتکەی "بازنەی دوەم"ی زلهێزە ئەلیکترۆنیەکانی جیهاندا پۆلێن بکرێتو بەشێوەیەکی بەردەوامیش بەرەو پێشدەچێتو ئاستی مەترسییەکانی گەورەتر دەبن.
فرێیلیچ ئاماژەی بەوەدا، هەرچەندە ئێران بەنیگەرانییەوە فەزای ئەلیکترۆنی وەک ئامرازێکی تێکدان لەدژی خۆی دەڕوانێت، بەڵام وەک توخمێکی گرنگ لەستراتیژییەکەیدا دەیبینێت کە ئامانجی زیانگەیاندن بەدەسەڵاتی سەربازی ئیسرائیلو تێکدانی پێگەی نێودەوڵەتیی ئیسرائیلە، بەشێوەیەک کە دواجار دەبێتە هۆی داڕمانی ئەو دەوڵەتە.
فرێیلیچ ئاماژەی بەوەدا کە ئێران توانا ئەلیکترۆنیەکانی خۆی وەک توخمێکی تەواوکەرو پاڵپشت بۆ توانا دیپلۆماسییە ئابوریو سەربازییەکانی، لەچوارچێوەی بەرزکردنەوەی هێزی بەرپەرچدانەوەیدا دەبینێت.
فرێیلیچ ئاماژەی بەوەشکردوە، “ئیسرائیل”و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ڕکابەری سەرەکیی ئێرانن لەبواری ئەلیکترۆنیداو ململانێیەکی بەردەوام لەدژی ئەوان بەڕێوەدەباتو زۆربەیان لەژێر ڕاداردایە.
فەزای ئەلیکترۆنی بۆ ئێران گرنگییەکی تایبەتیی هەیە، بەبڕوای فرێیلیچ، چونکە ڕکابەرە سەرەکییەکانی (ئەمریکاو ئیسرائیل) زۆر زیاتر لەخۆی پشتی پێدەبەستن، هەربۆیەش زیاتر بەرەوڕوی هێرشی ئێران دەبنەوە.
هێرشە ئەلیکترۆنیەکانی ئێران دژی "ئیسرائیل"
فرێیلیچ بەشێکی زۆری لێکۆڵینەوەکانی بۆ بەڵگەنامەکردنی ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییە سەرەکییانە تەرخانکردوە کە لەم ماوەیەی دواییدا لەلایەن ئێرانەوە دژی “ئیسرائیل” ئەنجامدراون، بەمشێوەیەی خوارەوە:
لەساڵی 2012 هێرشێک کرایەسەر سێرڤەرە کۆمپیوتەرییەکانی پۆلیسی ئیسرائیل، پێویستبوو سێرڤەرەکانی پۆلیس لەهەر پەیوەندییەک بەسیستەمی دەرەکییەوە بپچڕێنرێت، هەروەها تەواوی تۆڕەکە جیابکرێتەوە، بۆ ئەوەی هەموو دەستدرێژییەک لەسەر سێرڤەرەکان لاببرێت، تیمێکی گەورە هەفتەیەکی تەواو بەدرێژایی کاتژمێر کاریانکرد بۆ تەواوکردنی ئەرکەکە.
لەساڵی 2012 هەڵمەتێکی راوکردن بازرگانانی ئیسرائیلی کردە ئامانج لەبوارەکانی ژێرخانی گرنگو خزمەتگوزارییە داراییەکان، هەروەها کارمەندانی باڵیۆزخانەکان، دەزگاکانی حکومەت، کۆمپانیاکانی ئاسایش، کۆمپانیاکانی ئایتی، دامەزراوە ئەکادیمییەکانو دەسەڵاتە ناوخۆییەکان لەئیسرائیلو ئەمریکاو وڵاتانی تر.
لەساڵانی 2013-2017 ئێرانییەکان سەرکەوتوبون لەچونە ناو سیستەمی کۆمپیوتەریی 320 ئامێر لەزانکۆکانی ئەمریکاو ئیسرائیلو شوێنەکانی دیکە.
لەساڵی 2014 هێرشێکی بەرفراوانی کردەسەر سیستەمی پەیوەندییە مەدەنییەکان لە“ئیسرائیل”و هەوڵیدا بارگرانییەکی زۆر لەسەر سیستەمی DNS دروستبکات.
لەساڵانی 2015و 2016 هێرشێکی ئێرانی لەدژی ژێرخانی گرنگیی ئابوریی لەئیسرائیل ڕویدا، لەنێویاندا تۆڕی کارەبا.
لەساڵی 2017دا باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لەدەرەوەی وڵاتو باڵیۆزخانە بیانییەکان لەئیسرائیلو 120 دەزگای حکومییو دامەزراوە ئەکادیمییەکانو کۆمپانیای کۆمپیوتەر لەئیسرائیل هێرشیانکرایەسەر.
لەساڵی 2018 هێرشە ئەلیکترۆنیەکانی ئێران زانایانی ئەتۆمی ئیسرائیلی کردە ئامانجو بڕێکی زۆر زانیاری دەربارەی ئامانجەکانی ئیسرائیل دەرهێنا.
لەساڵانی 2019-2020 زنجیرەیەک هێرش لەدژی ژێرخانی گرنگی ئابوریی ئیسرائیل ئەنجامدرا، لەوانەش ئاوو ئاوەڕۆکان، نیگەرانی لەمبارەیەوە لە“ئیسرائیل” بوە هۆی ئەوەی کۆبونەوەیەکی تایبەتی لیژنەی “ئاسایشی نیشتمانی” سەبارەت بەم بابەتە ئەنجامبدرێت، لەکاتێکدا سەرۆکی سیستەمی ئەلیکترۆنی ئیسرائیل ئەو هێرشەی بە“خاڵێکی وەرچەرخان لەمێژوی شەڕی ئەلیکترۆنی مۆدێرن” وەسفکرد.
لەساڵی 2020 هێرشێکی گەورەو وێرانکەر بۆ سڕینەوەی داتا ئەنجامدراو 19 هەزار هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان دەستیپێکرد.
لەساڵی 2020 هێرشکرایەسەر شوێنی پیشەسازی فڕۆکەوانی ئیسرائیلو گریمانه دەکرا هێرشەکە بچێتە ناو سیستەمی دژە موشەکو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانو چەکی ڕێنمایی کراو.
لەساڵی 2021 هێرشێک ئاشکرابوو کە ماوەی دووساڵ بەردەوامبوو کاریگەری لەسەر سیستەمی چەند کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی هەبوو، کە زانیاری نهێنی لەئاستە جیاوازەکاندا دەستیان پێدەگات.
لەساڵی 2022دا بەسەرکەوتویی هێرشکرایەسەر وەزارەتی دارایی ئیسرائیلو زانیاری هەستیاریان سەبارەت بەسیستەمی دارایی لە“ئیسرائیل” دەستکەوت.
لەساڵی 2023دا هێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیانکردو لیستێکی درێژی کۆمپانیاکانی وزەی ئیسرائیلی هێرشیانکرایەسەرو هاکەرە ئێرانییەکان توانییان داتای هەستیار بەدەستبهێنن، لەوانەش خاوەندارێتی فیکریو زانیاری دارایی، بۆرسەی تەلئەبیب بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک داخراو هێرشکرایەسەر بەندەری ئەشدۆد.
هەروەها هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بوە هۆی تێکچونی سیستەمی کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی ئاسمانی لە“ئیسرائیل”و زۆرێک لەگەشتەکان هەڵوەشێنرانەوەو جوڵەی سەرنشینەکان پەکخرا، هەروەها هێرشێکی بێوێنە لەقەبارەو پانتایی خۆیدا بوە هۆی ئەوەی سیستەمی ئەلیکترۆنی لە“ئیسرائیل” باری نائاسایی ڕابگەیەنێت، هێرشێکی دیکەش بەشێوەیەکی کاتی خزمەتگوزاری لەسەر ماڵپەڕی چەند وەزارەتێکی حکومی پەکخست، لەوانەش دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران.
لەساڵی 2023 هێرشە ئەلیکترۆنیەکان ئاراستەی زانکۆکانی ئیسرائیل کران، هەروەها بۆ سەر زنجیرەیەک ئامانجی حکومیو بازرگانی، ئهمهش بوە هۆی پەککەوتنی زۆرێک لەماڵپەڕەکان.
لەساڵی 2023دا سیستەمی 32کۆمپانیای ئیسرائیلی هاککرا، بەئامانجی بەدەستهێنانی زانیاریی هەستیار.