شارپرێس:
بۆ دوەم ڕۆژ لەسەریەک، کارمەندانی هاتوچۆی سلێمانیو خانەنشینی پێشمەرگەو بەڕێوەبەرایەتی بانکی خانەنشینیو بانکی مەڵکەندی دژی دواکەوتنی موچەکانیان بۆ نزیکەی 50 ڕۆژ؛ بایکۆتی کارەکانیان کردوەو هیچ مامەڵەیەکی هاوڵاتییان بەڕێناکەن.
زیاتر لەهەشت فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتی لەسلێمانی بۆ دوهم ڕۆژو لهسهریهك بایکۆتی دەوامیانكردهوهو داوای موچەكانیان دەکەن، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی ئهمڕۆ دوشهممه دەرگاکەی داخستوەو قەرەباڵغیەکی زۆریشى لەبەردەمدا دروستبوە.
جگه لهبایکۆتی هاتوچۆی سلێمانی، بایکۆت لەچەند فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەکی دیکەی سلێمانی دەستیپێکرد، وهك فهرمانگهى دابەشکردنی کارەبای ڕۆژئاوا، ئاو، دادنوسی بەکرەجۆ، مەڵبەندی تەندروستی سەروەری، قوتابخانەی گەڕەزیل لەقەرەداخ، خانەنشینی پێشمەرگە، بەشی زەویوزار لەکشتوکاڵ.
بایکۆتى ئهمجاره لهسلێمانى لەکاتێکدایە نزیکەی مانگو نیوێک پێش ئێستا موچەی مانگی یەکی ساڵی 2024 دابەشکراوەو سێ موچەی ساڵی 2023ش دابەشنەکراون، فەرمانبەرەکان دەڵێن، تاوەکو موچەی ئەم مانگە وەرنەگرین بایکۆت ناشکێنین.
جگە لەبایکۆتی مامۆستایان، ئەمە دوەمجارە لەساڵی 2024دا بەشێک لەفەرمانبەرانی سلێمانی بایکۆت بۆ موچەکانیان بکەن، جاری یەکەم لەپاش چوار ڕۆژ لەبایکۆت، لیستی موچەی مانگی یەک ڕاگەیهندرا، ئەمجارە تائێستا دیارنییە کەی لیستی موچەی مانگی دوو ڕادەگەیهندرێتو بایکۆت کۆتایی پێدێنن.