تیمی وەزاری یەکێتیی ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌باره‌ى موچه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

کوردستان

18/03/2024‌ 3378 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تیمی وەزاری یەکێتیی له‌كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ڕاگه‌یه‌نراوێك هه‌ڵوێستى خۆى سه‌باره‌ت به‌دابه‌شنه‌كردنى موچه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "لەدوا کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، تیمی وەزاری یەکێتی داوایکردوه‌ بەو بڕە پارەیەی کە لەبەغداوە هاتوە دەستبکرێت بەدابەشکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم"، ده‌شڵێت:"خەڵکی کوردستان ڕاستە پشوی درێژە، بەڵام ناکرێت ئەو پشوو درێژییە لەبەرچاو نەگیرێت‌و مافەکانیان پەراوێزبخرێت".


له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا تیمی وەزاری یەکێتیی له‌كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێم ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "لەچەند ڕۆژی ڕابردودا هەواڵ‌و تەسریباتی ناڕاست‌و نادروست لەسەر بابەتی موچە زۆر وتراو بڵاوکرایەوە، بۆ ڕاستکردنەوەو گەیاندنی زانیارییەکان بەدروستی‌و دور لەموزایه‌دەی سیاسی، مەبەستمان دوو خاڵ بخەینەڕوو".

ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ له‌باره‌ى یەکەمه‌وه‌ ده‌ڵێت:"لەدوا کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، تیمی وەزاری یەکێتی داوایکرد بەو بڕە پارەیەی کە لەبەغداوە هاتوە دەستبکرێت بەدابەشکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، چونکە بەرەجەژنانەو خەڵک چاوەڕێی ئەو مافەی خۆیەتی وەریبگرێت، لەگەڵ ئەوەش هەوڵبدرێت ئەو بەشەی تریش داوابکرێت لەوەزارەتی دارایی عێراق بینێرێت، هەبون کە لایەنی سەرەکی حکومەتن؛ لەدژی ئەو بۆچونەی ئێمە قسەیانکرد، جگە لەوە هەرچییەک وترابێت بەپێچەوانەی ئەوەی دەیڵێین؛ ڕاست نییەو مەرام‌و موزایەدەی سیاسی لەپشتە".

سه‌باره‌ت به‌خاڵى دوەمیش تیمى وه‌زارى یه‌كێتى نوسیویه‌تى:"یەکێتیی بەحزب‌و تیمی حکومەتیشەوە، سیاسەتێکی میانڕەوانەی گرتوەتەبەر لەگەڵ لایەنەکانی هەرێم‌و عێراق‌و هاوسەنگی ڕاگرتوە لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی‌و بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد کە بەخوێنی شەهیدانمان بەدەستهاتون‌و ئەمانەتە لەئەستۆی هەمومان، هەرگیز هەوڵی تێکدانی نێو ماڵی لایەنەکانی هەرێم‌و بەغدای نەداوە لەپێناو پۆستێکی دیاریکراودا، بۆیە ئەوانەی ئەو هەوڵانە دەدەن، بونەتە باعیسی ڕێکنەکەوتن‌و تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و بەغداو دواتر خەڵکی کوردستانیش دەبنە قوربانی ئەو سیاسەتە هەڵەیە".

لەکۆتاییدا تیمى وه‌زاره‌تى یه‌كێتى جه‌ختیكردۆته‌وه‌، "بەم ڕەمەزان‌و بەرەجەژنانە، خۆزگە لەبری بەیاننامەو لێدوان‌و تەسریباتی ناڕاست، بەهەمومانەوە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەمان بدایە کە زیاد لە10 ساڵە ماف‌و شایستەی موچەخۆرانمان دەستەبەرناکرێت، خەڵکی کوردستان ڕاستە پشوی درێژە، بەڵام ناکرێت ئەو پشودرێژییە لەبەرچاو نەگیرێت‌و مافەکانیان پەراوێزبخرێت".