ئەمڕۆ ساڵڕۆژی داگیركردنی عەفرینە لەلایەن توركیا و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانییەوە

ڕاپۆرت

18/03/2024‌ 629 جار خوێندراوه‌ته‌وه

راپۆرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و هیۆمان رایتس وۆچ دەتوانێت تاوانەكانی توركیا لە ناوچە داگیركراوەكانی رۆژاڤای كوردستان رابگرێت؟
 شارپرێس-كەنداڵ جودی:


 لە ساڵوەگەڕی داگیركردنی عەفرین هیومان رایتس وۆچ‌و نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕاپۆرتەكانیاندا پشتڕاستیان كردەوە كە  توركیا تاوانی جەنگ لە ڕۆژاڤای كوردستان ئەنجام دەدات، ئایا ئەمە سزای توركیا دەدات لە داهاتوودا و ڕێگە لە توركیا دەگرێت چی دیكە تاوان ئەنجام نەدات.
 
ڕووداوی كوشتنی ئەحمەد خالیدی تەمەن 15 ساڵ لە عەفرین لەلایەن عەرەبێكی هاوردەوە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر وێنەی رەوشی گشتی عەفرین لە ڕۆژئاوای كوردستان دوای 6 ساڵ داگیركاری توركیا دەردەخات. بە دڵنیاییەوە ئەم ڕووداوە یەكەمجار نییە و دواجاریش نابێت، تەنیا ئەوە نیشان دەدات كە كۆمەڵكوژی كورد لە عەفرین گەیشتووەتە لوتكە.

  ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی داگیركردنی عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستانە لە (١٨ی ئاداری ٢٠١٨) لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە.

 بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن ڕێكخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریا بەشارپرێس دراوە، ڕێژەی كورد پێش داگیركاری (2018) لەسەدا 95-98 بووە، بەڵام دوای 6 ساڵ داگیركاری، ڕێژەی كورد بۆ 23% كەمبووەتەوە، واتە ژمارەی كورد تەنها ١٥٠ هەزار كەس لە عەفرین مانەوە.

 ڕێكخراوەكە دەڵێت، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە عەرەب و توركمانانەی كە دەوڵەتی توركیا لە عەفرین نیشتەجێی كردوون 700 هەزار كەسە. هەروەها ئەمە سیاسەتێكی سیستماتیكی گۆڕینی دیمۆگرافییە كە توركیا بەڕێوەی دەبات.

"داگیركردنی عەفرین پیلانێكی نێودەوڵەتی بوو و ڕوسیاش بەشداری بۆردومانی عەفرینی كرد"
ئەندامی ئیدارەی هاوپەیمانی عەفرین خەلیل محەمەد بۆ شارپرێس دەڵێت "ئەمریكا و روسیا دەستیان لە داگیركردنی عەفرین هەبووە،
 چونكە توركیا نەیتوانی بە تەنیا عەفرین داگیر بكات،  هەرچەندە ناوچەیەكی زۆر بچووكە، بەڵام لە یەك ڕۆژدا ٧٢ فڕۆكەی جەنگی توركیا عەفرینیان بۆردومان كرد، دوای بەرخۆدانێكی ناوازەی  یەپەگە و یەپەژە لە دژی هێرشەكانی توركیا و درێژكردنەوەی شەڕەكە، ڕووسیاش بە فڕۆكەكانی لە ناوچەكانی دیكە پاڵپشتی توركیای كرد و ناوچەكانی عەفرینی بە شێوەیەكی ناڕوون بۆردومان كرد".

لە كۆتایی قسەكانیدا  داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كۆتایی بە داگیركارییەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین بهێنن و ڕێگە بە گەڕانەوەی كورد بۆ عەفرین بدەن.

تاوانی جەنگ و پێشێلكاری بەرامبەر خەڵكی عەفرین
 بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕێكخراوەكە بەشارپرێسی داوە، لە 18ی ئاداری 2018 تا 15ی ئاداری 2024 سەرژمێری ڕفاندن، كوشتن، تاڵانكردن، دروستكردنی گوندی نوێ هەیە، لەگەڵ بەروار و وردەكارییەكانی تۆماركراوە.

بەشێكی ئەو ئامارانەی كە ڕێكخراوەكە بە شارپرێسی داوە بەم شێوەیەن:
ڕفاندن: لە 18ی ئاداری 2018 تا 15ی ئاداری 2024، دەوڵەتی توركیا 9186 كوردی لە عەفرین ڕفاند، لەنێویاندا زیاتر لە 1000 ژن.

كوشتن: لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ تا ١٥ی ئاداری ٢٠٢٤، دەوڵەتی تورك ٦٩٣ كوردی عەفرینی كوشتووە، لە نێویاندا ٩٧ كەس لە ژێر ئەشكەنجەدا كوژراون و لە نێویاندا ١٠٤ ژنی كورد كوژراون.

لەناوبردنی سروشتی: لە 18ی ئاداری 2018 تا 15ی ئاداری 2024، دەوڵەتی توركیا و چەكدارەكانی زیاتر لە 400 هەزار نەمامیان بە بەروبووم و جۆرەكانی دیكە لە تەواوی ناوچەی عەفرین بڕیوە و وەك دار فرۆشتووە. جگە لەوەش توركیا زیاتر لە ١٥ هەزار نەمامی بەرهەمدار و هەزاران داری دارستانی سووتاندووە.

نیشتەجێكردنی عەرەب و توركمانەكان: لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ تا ١٥ی ئاداری ٢٠٢٤، دەوڵەتی تورك زیاتر لە ٣٠ گوندی دروستكردووە بەمەبەستی ئەنجامدانی گۆڕانكاری دیمۆگرافی لە عەفرین، لەو گوندانەشدا عەرەبی ناوچەكانی دیكەی سوریا و توركمانەكانی  تێدا نیشتەجێ كراون.

وێرانكردنی شوێن و پەرستگاكان: لە 18ی ئاداری 2018 تا 15ی ئاداری 2024، دەوڵەتی توركیا و چەكدارەكانی زیاتر لە 75 شوێن و شوێنی مێژوویییان  وێرانیان كردووە، هەروەها 28 پەرستگای ئایینی ئێزیدییان خاپوور كردووە.

لەلایەكی دیكەوە، هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتی ٢٩ی شوباتدا تیشكی خستۆتە سەر ناوچە داگیركراوەكانی ڕۆژئاوای كوردستان وەك عەفرین و سەرێكانی و ڕایگەیاندووە: "توركیا بەرپرسیارە لەو پێشێلكاری و تاوانە جەنگییانەی كە لەلایەن هێزە چەكدارەكان و گروپەكانەوە ئەنجام دەدرێن.

ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی ژووری هەواڵ لە ئاژانسی نۆڕس پرێس، عەگید میشمیش، سەبارەت بە گرنگی ڕاپۆرتی هیومان رایتس وۆچ و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كە تاوانەكانی دەوڵەتی توركیا دژ بە ڕۆژاڤای كوردستان بەڵگە دەكات، بۆ شارپرێس قسەی كرد، گوتی: بێ گومان دوایین ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان و هیومان رایتس وۆچ كە بەڵگەنامە و ئاشكراكردنی تاوانە جەنگییەكانی توركیایە لە ڕۆژئاوا، زۆر گرنگن بۆ ئەوەی دادپەروەری لە داهاتوودا ئەنجام بدرێت.

عەگید ئاماژەی بەوەشكرد ئەو راپۆرتە بۆ ساڵڕۆژی تاوانی داگیركردنی عەفرین لە روی یاساییەوە گرنگن، بارودۆخی نێودەوڵەتی لەبار بێت دەكرێت  لێپرسینەوە لە توركیا بكرێت.

هەروەها جەختی لە گرنگی ڕۆڵی میدیای ناوخۆیی لە ڕۆژاڤای كوردستان كردەوە و  دەڵێـ: "دەتوانرێت بڵێین ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان دەرئەنجامی ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەیە كە ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژاڤای كوردستان سەبارەت بە تاوانە جەنگییەكانی توركیا لە عەفرین و سەرێ كانیێ كردویانە، هەروەها دەیان ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژاڤای كوردستان چەندین ڕاپۆرتیان لەسەر ئەم بابەتە پێشكەش كرد، بەڕای من لە پڕۆسەی داهاتوودا گرنگترین شت چاودێری و بەڵگەنامەكردنی پێشێلكارییەكانە لە ناوچەكانی ژێر داگیركاری توركیا، و ئەمەیە وەك ئەركی ئێمەیە وەك ڕۆژنامەنووسان".

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕاپۆرتەكەیدا ڕایگەیاند، هێرشەكانی توركیا بۆ سەر باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تاوانی جەنگە.

لای خۆیەوە جوان ئیسۆ، پارێزەر و ئەندامی لێژنەی كۆچبەرانی سەرێ كانیێ، سەبارەت بە ساڵوەگەڕی داگیركردنی عەفرین بۆ شارپرێس گوتی "هێرشەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین تێكدانی ئارامی ناوچەكەیە و دەوڵەتی توركیا لە عەفرین، گۆڕانی دیمۆگرافی، كۆچی كورد، جینۆسایدی نەتەوەیی كردووە، ئەمانەش تاوانی جەنگن كە توركیا ئەنجامی دەدات".

 ئیسۆ باسی لەوەشكرد، لە ساڵوەگەڕی داگیركردنی عەفرین، بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتەكانی  نەتەوە یەكگرتووەكان پەیوەست بە تاوانەكانی توركیا لە عەفرین و سەرێكانی زۆر گرنگە، چونكە لە داهاتوودا توركیا ڕووبەڕووی یاسا دەبێتەوە و توركیا شەرمەزار دەكات.

 ڕاشیگەیاندووە " بەدڵنیاییەوە تاوانەكانی توركیا بەو راپۆرتانە ڕاناگیرێت، بەڵام زۆر گرنگن بەو پێیەی ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دان بە واقیعی توركیادا دەنێت لە ناوچە داگیركراوەكان".

بەپەلە