شارپرێس:
دواى ههڵبژاردنهوهى بهسهرۆكى ڕوسیا، ئهمریكا ههڵوێستى خۆى لهبارهى ڤلادیمیر پوتنهوه ئاشكراكردو ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاش دهڵێت:"پوتن ڕكابهرهكانى گهمارۆداوهو پرۆسهكهش ئازادانهو دادپهروهرانه نهبوه".
جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لهپهیامێكدا وتى:"ڤلادیمیر پوتن لەم هەڵبژاردنەدا ڕکابەرەکانی بەجۆرێک گەمارۆداوە، هیچ دەرفەتێکی بۆ نەهێشتونەتەوە، بۆیە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ڕوسیا بەهیچ جۆرێک دادەپەروەرانەو ئازادانە نەبوە".
ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمریکا لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی وڵاتەکەی دەربارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ڕوسیاو هەڵبژاردنەوەی ڤلادیمیر پوتن ڕاگەیاندو وتی:"لەڕاستیدا هیچ شتێک دەربارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ڕوسیا چاوەڕواننەکراو نەبوو، چونکە پوتن دۆخەکەی کۆنترۆڵکردوەو ڕکابەرە سیاسییەکانی گەمارۆداوە".
بهوتهى سولیڤان:"تەنانەت بەشێک لەڕکابەرەکانی پوتن بەشێوەیەکی خراپ مردون، هەربۆیە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ڕوسیا نە ئازادانە بوە نە دادپەروەرانە".
ئهوهشى وت:"ئێستا ڕاستییەکە ئەوەیە ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕوسیایەو دەبێت ئێمە لەدۆسییەی شەڕی ئۆکرانیا مامەڵەی لەگەڵ بکەین، ئەگەرچی ئەو پرۆسەیەی ئەوی تێدا هەڵبژێردراوەتەوە هیچ خاڵێکی ئازادو دادپەروەرانەی تێدا نەبوە".
ئێوارەی ڕۆژی 17ی ئاداری 2024 سێیەم ڕۆژی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ڕوسیا كۆتاییهاتو ڤلادیمیر پوتن تەمەن 71 ساڵ بەکۆکردنەوەی 88% دەنگەكان بۆ شەش ساڵی دیکەو تا 2030 بەسەرۆکی ڕوسیای فیدراڵ هەڵبژێردرایەوە کە لەساڵی 2000وە تاوەکو ئێستا لەدەسەڵاتەو لەدوای جۆسێف ستالینەوە، لەمێژوی ڕوسیاو یەکێتی سۆڤییەت درێژترین ماوەی سەرۆکایەتی هەیە.