لەشارێکی تورکیا دەیان کەس بەتۆمەتی بەشدارییکردن لەئاهەنگی نەورۆز دەستگیرکران

کوردستان

20/03/2024‌ 2864 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەسەڵاتدارانی تورکیا 35 کەسیان بەهۆی بەشداریکردنیان لەئاهەنگەکانی نەورۆزو سەری ساڵی کوردی لەویلایەتی ئیزمیر دەستگیرکرد.


میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردۆتەوە، لەبەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممەوە، پۆلیس لەیەک کاتدا هەڵیانکوتایەسەر چەند ماڵێک‌و پڕۆسەیەکی رەشبگیرییان دژی ئەوکەسانە دەستپێکردوە کە بەشداریی ئاهەنگی نەورۆزیان کردوە.

لەکاتی هەڵکوتانەسەر ماڵەکاندا، 35 کەس دەستگیرکران کە لەنێویاندا لەیلا توفان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسیی‌و یەکسانی گەلان بەتۆمەتی “پڕوپاگەندەی تیرۆریستیی” دەستگیرکراوە.

لەڕاگەیەندراوەکەی پارێزگاری ئیزمیردا هاتوە، “ڕۆژی دووشەممە لەنێوان کاتژمێر 11.40 بۆ 16.40 لەکۆبوونەوەیەکی کراوە بەناونیشانی (گردی نەورۆز) کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمیی پارتی دیموکراسیی‌و یەکسانی گەلان ڕێکخرابوو، 28 کەس بڕیاریاندا بەدروشمی نایاسایی هاوار بکەن لەگۆڕەپانی گوندۆگدو لەشاری کۆنەک لەئیزمیر".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، “ئەوانەی دروشمی پڕوپاگەندەیان بۆ ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی لەناوچەکە وتۆتەوە دەستنیشانکران‌و لەپەیوەندیی لەگەڵ ئەو تاوانەدا دەستگیرکران‌و دەستبەسەرکران".

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، “لەگەڵ کۆتاییهاتنی گردبونەوەکەدا حه‌وت کەسی تریش دەستگیرکراوە، بەوەش کۆی گشتی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون‌و دەستبەسەرکراون گەیشتە 35 کەس".