وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی زانیاریه‌ك ئاشكراده‌كات

کوردستان

23/03/2024‌ 2537 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی زانیاری نوێ لەبارەی پارەدانی ئەلیکترۆنی لەبەنزینخانەکانی هەرێمى كوردستان هاوشێوه‌ى بڕیاره‌كه‌ى حكومه‌تى عێراق له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات‌و ده‌ڵێت:"له‌شاره‌كانى عێراق بڕیارەو پابەندبونیش پێوەی ناچارییە، بەڵام لەهەرێم بەنزینخانەکان سەربەخۆن‌و بەشێوەی بازرگانییە".


بەهمەن قادر وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ڕایگەیاند، "بەنزینخانەکانی خواروی عێراق سەر بەحکومەتی عێراقن‌و پابەندبونیان هەیە، چونکە حکومەت بەنزینەکەیان بۆ دابیندەکات‌و دەبێت پارەکەش بچێتەسەر هەژماری بانکیی".

سەبارەت بەئەلیکترۆنیکردنی پارەی بەنزین لەهەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، تائێستا نەگەیشتوەتە هەرێمی کوردستان، چونکە ئێمە بەنزینخانەکانمان بازرگانییەو سەربەخۆیە.

ئه‌وه‌شى وت:"لەبەشێکی بەنزینخانەکان سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنیمان هەیە کە هاوڵاتییان دەتوانن بەکاریبهێنن بەتایبەتی هاوڵاتییانی عەرەب، بەڵام کارکردن پێی لاوازەو خەڵکی پشتی پێنابەستن".

باسی له‌وه‌شكرد، "ئەو سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنییەی عێراق لەگەڵ هەرێم جیاواز دەبێت، چونکە لەوێ بڕیارەو پابەندبونیش پێوەی ناچارییە، بەڵام لەهەرێم بەنزینخانەکان سەربەخۆن‌و بەشێوەی بازرگانییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر جێبەجێبکرێت، پێوەی پابەند دەبین".