بڕیارێكى نوێ له‌وه‌زاره‌تى داراییه‌وه‌

کوردستان

24/03/2024‌ 8050 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی دارایی بڕیارێك بۆ ئەو فەرمانبەرانە دەردەكات كە پێشتر لەوەزیفە لادراون، یان دەركراون، بەرپرسێكیش دەڵێت:"ئەوەی مەرجی خزمەت‌و تەمەنی تێدابێت، مافی موچەی خانەنشینیی دەبێت، بەڵام موچەی مۆڵەتی كۆكراوەی پێنادرێت".


به‌گوێره‌ى نوسراوێكی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم كە ڕۆژی 4ی 3ی 2024 دەرچوەو میدیاى نزیك له‌پارتى بڵاویكردۆته‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، "ئەو فەرمانبەرانەی دەركردن (فەسڵ)و لەكارخستن (عەزل) كراون، مافی خەرجكردنی موچەی مۆڵەتی كۆكراوەیان بۆ ماوەی 180 ڕۆژ نییە".

وەزارەتی دارایی جەختیكردوەتەوە، ئەو بڕیارە پاڵپشتە بەنوسراوێكی ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان، لەكۆنوسی لیژنەی دەركردن‌و پێداچونەوە بەڕێنوێنییە داراییەكان، كە لە 13ی 2ی 2024، دەرچوە.

وەزارەتی دارایی ئاشكرایكردوە، "فەرمانبەرانی دەركراوو لەكارخراو بەگوێره‌ى گشتاندنێك خانەنشیندەكرێن، كە لەساڵی 2022 دەركراوە".

لەو گشتاندنەی ساڵی 2022ی وەزارەتی داراییدا هاتوە:"هەر فەرمانبەرێک لێخستن (عەزل) یان لەکارخستن (فەسڵ) بکرێت، یان بەهۆی ناچاری ڕاژەکەی جێبهێڵێت‌و خزمەتەکەی 15 ساڵ یان زیاتربێت، ئەوا شایستەی موچەی خانەنشینی دەبێت، بەڵام موچەی بۆ خەرجناکرێت، تاوەکو 45 ساڵی تەمەنی تەواودەکات".

لەو گشتاندنەدا ئاماژە بەوەشكراوە، "ئەو فەرمانبەرانەی بەبێ ڕەزامەندیی لایەنی پەیوەندیدار دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، ئەوا شایستەی مافی خانەنشینی نایانگرێتەوە".

ئه‌وه‌ش زانراوه‌، هەر فەرمانبەرێك، كە فەسڵكراوەو دەستلەكاركێشانەوەی قبوڵكراوەو 15 ساڵ خزمەتی هەیەو 45 ساڵیش تەمەنی هەیە، ئەوا خانەنشیندەكرێت‌و موچەی خانەنشینی بۆ دەبڕدرێتەوە، بەڵام موچەی مۆڵەتی كۆكراوەی 180 ڕۆژی پێنادرێت.

بەگوێره‌ى یاسای خانەنشینی یەکگرتوی ساڵی 2006ی عێراق كە لەهەرێمی كوردستانیش بەركارە، هەر فەرمانبەرێک لێخستن، یان دەر بکرێت، یان بەهۆی ناچاری ڕاژەکەی جێبهێڵێت‌و خزمەتەکەی 15 ساڵ یان زیاتربێت، ئەوا شایستەی موچەی خانەنشینیی دەبێت، بەڵام موچەی بۆ خەرجناکرێت، تاوەکو 45 ساڵی تەمەنی تەواودەکات، بەگوێره‌ى نوسراوی ئەنجومەنی وەزیران‌و ڕێنوێنیی وەزارەتی دارایی، مافی خانەنشینیی فەرمانبەرانی لەکارلادراو ئەوكاتە دەبێت، كە مەرجی تەمەن‌و خزمەتی تێدابێت، ئەگەر خزمەتەکەی 15 ساڵ یان زیاتربێت، تاوەکو 45 ساڵی تەمەنی تەواونەكات، مافی ئەوەی نییە موچەی خانەنشینیی هەبێت.

بەپەلە