ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێـتی: تیمی پارتی لە ناو حكومەتی هەرێم تاكڕەوانە كاردەكات

کوردستان

24/03/2024‌ 903 جار خوێندراوه‌ته‌وه



لەبارەی گواستنەوەی ناكۆكی نێوان یەكێتی و پارتی بۆ نێو حكومەتی هەرێم، رابیحە حەمەد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،"حكومەت نەماوە، حكومەتێك نەتوانێت لە پێناو بەرژەوەندەی گەلەكەی كاربكات و ئیدارەدانێكی تەندروستی هەموو ناوچەكانی پێ نەدرێت، كەواتە بوونی نەماوە."

هەروەها رابیحە حەمەد دەڵێت، "تیمی پارتی لە ناو حكومەتی هەرێم تاكڕەوانە كاردەكات و دەسەڵاتەكانی قۆرخكردووە، بۆیە پێشتریش وتوومانە ئەم حكومەتە سەركەوتوو نابێت، ئەوەی ئێستا دەبینین دەرئەنجامی ئەو تاكڕەوانە كاركردنەیە."

لەبەرامبەردا ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی ڕەتیدەكاتەوە حكومەتی هەرێم بوونی نەبێت، جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە حكومەتی هەرێم ئیش و كارەكانی خۆی ڕادەپەڕێنێت.

شوان محەمەد، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،"یەكێتی لەدەسەڵاتدایەو دەبێت بەرەنگاری فشارەكانی سەر هەرێم ببێتەوە، كەچی وەكو ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەكات. یەكێتی بەیاننامە بۆ پشتگیری دادگای فیدراڵی دەردەكات و خەریكە دەچێتە سەنگەری ئەوانەی دژی حكومەتی هەرێم كاردەكەن."

 شوان محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی پێیوایە، ناكۆكی نێوان یەكێتی و پارتی و حزبەكان كاریگەری خراپی هەبووەو وایكردووە نەتوانرێت بەیەكگرتوویی داكۆكی لە مافە دەستورییەكان بكرێت.

شوان محەمەد وتی،"بەغداو لایەنی هەرێمی بەجدی كارلەسەر قوڵكردنەوەی ناكۆكییەكانی نێو هەرێم دەكەن. ئێستا قۆناغێكی ترسناكتر دەستیپێكردووە و بەغدا كار لەسەر دروستكردنی ناكۆكی لەنێو فەرمانبەران و حكومەتی هەرێم دەكات."