ڕێبەری کۆریای باکور داوادەکات ئامادەکارییەکان بۆ جەنگ خێراتر بکرێن

جیهان

25/03/2024‌ 543 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیا فەرمییەکانی کۆریای باکور بڵاویانکردەوە، کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور یەکەیەکی تانکی پشکنیوە کە لەکاتی جەنگی کۆریا (1950-1953)دا هێرشیکردەسەر سیئۆل، هەروەها داوای چڕکردنەوەی ئامادەکارییەکان بۆ جەنگ کردوە.


پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو کۆریا لەنزمترین ئاستدایەو لەسەرەتای ئەمساڵدا پیۆنگ یانگ کۆریای باشوری وەک "دوژمنی سەرەکی" پۆلێنکردو هەڕەشەی ئەوەیکرد کە ئەگەر خاکەکەی "تەنانەت بە 0.001 ملم" پێشێلبکات، شەڕی لەدژ ڕادەگەیەنێت.

دوێنێ یەکشەممە، کیم سەردانی فیرقەی زرێپۆشی 105ی سیئۆل ڕیۆنگسوی کرد، بەگوێره‌ى ئاژانسی فەرمی کۆریای باکور، میدیا فەرمییەکانیش نیشانیاندا کە پێداچونەوە بەو پلانانەدا دەکات کە بەوتەی خۆیان ئامانجیان هێرشکردنەسەر کۆریای باشورە.

ئاژانسەکە ڕایگەیاندوە، "ئەمە یەکەم فیرقە بوە لەماوەی جەنگی کۆریا لەپەنجاکانی سەدەی ڕابردوو هێرشیکردەسەر سیئۆل‌و ئاڵای کۆماری گەلی دیموکراتی کۆریای لەسەر بارەگا حکومییەکانی دەوڵەتی کۆریای باشور بەرزکردەوە.

ئەوەش هاتوە، ڕێبەری کۆریا داوای "پەروەردەی ئایدیۆلۆژی" زیاتری کردوە بەئامانجی یارمەتیدانی سەربازەکان "بەردەوامبون لەئامادەکارییەکانی جەنگ‌و بەرزکردنەوەی تواناکانی شەڕکردنیان".

باس لەوەشکراوە، کیم سەردانی کافتریای یەکەی تانکەکانی کردوەو سەرپەرشتی ژەمی سەربازەکانی کردوە، لەکاتێکدا پێدەچێت وڵاتەکە ڕوبەڕوی کەمی خۆراک ببێتەوە.

وتوشیەتی:"پێویستە هەمیشە سەرپەرشتیاران گرنگییەکی زۆر بەباشترکردنی خۆراکی سوپا بدەن، بۆ ئەوەی دابینکردنی گۆشت‌و سەوزەو خۆراکە جۆراوجۆرەکان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک‌و لەکاتی خۆیدا دەستەبەربکرێت".

بەپەلە