سالار مەحموود: نەک تەنها خەڵکی سلێمانی هەموو هەرێم ناڕازییە

کوردستان

25/03/2024‌ 968 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکومەت لە پای خراپی ئەو دۆخەی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دروستکردووە، دەبوایە داوای لێبوردن لە مووچەخۆران و خەڵکی بکات، نەک بە ناوی حزبێکەوە هەست و شعوریان زیاتر بریندار بکات، چونکە ئەم نەهجە نەخوازراوە خزمەت بە چارەسەر کردنی کێشەکان لە هەرێم ناکات.

سالار مەحموود، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی ئەو حزبە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە جیاتی بەخۆداچوونەوە و داوای لێبوردن کردن لە مووچەخۆران لە پای دواکەوتن و پێنەدانی مووچەکانیان، حزبێک دێت بەناوی حکومەتەوە موچەخۆران و خەڵک نیگەران تر دەکات."

وتیشی،" ئەم ئاوازە نەخوازراوەو خزمەت بە چارەسەری کێشەکان ناکات لە هەرێمی کوردستان."

 پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە هەڵوێستی ژمارەیەکی زۆر لە مووچەخۆران بەرامبەر ڕەتکردنەوەی هەژماری من ڕایگەیاندبوو،" پرسی سلێمانی هەڵمەتێکی پۆپۆلیستیە لە چوارچێوەی هەموو هەڵمەتەکانی تر کە دژایەتی ئەم کابینەیەی پێ دەکرێت، هەر کارێکی باش ئەم کابینەیە دەستی بۆ دەبات خەڵکێک دژایەتی دەکات، ئەمە خواست و داواکاری خەڵک بووە، ئێستا حەملەیەکی سیاسیە لە دژی هەژماری من بەڕێوە دەچێت، لەچوارچێوەی حەملەکانی تر دژی کابینەی نۆ."

لە بەرامبەردا ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیش، دەڵێت ناڕازی بوونی خەڵکی هەرێم تەنها سلێمانی نییە، بەڵکو خەڵکی هەرێم بە گشتی لە دۆخێکی خراپی داراییدان، بۆیە لە بەرامبەردا دەبوایە حکومەت "داوای لێبوردن" بکات.

سالار مەحموود ڕایگەیاند،" یەکێتی کار دەکات بۆ راستکردنەوەی ھەڵە کەڵەکە بوەکان، نەک ھەر خەڵکی سلێمانی ھەموو کوردستان لەم ڕەوشە ڕازی نین، یەکێتی خۆی بەبەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر بە ھەموو کوردستان نەک تەنیا دەڤەرێک، لە خراپی ئەم دۆخەشدا حکومەت دەبوو داوای لێبوردن لە خەڵک بکات."

وتیشی،" بەڵام خەسڵەتی سلێمانی لە بوونی ئازادی رادەربڕین و بوونی دەرفەتی خۆپیشاندان و ناڕەزایی پیشاندان بەشێکە لە تایبەتمەندی دێرینی پایتەختی رۆشنبیریی."