وەزارەتی دارایی هۆشداری دەداتە ئەوانەی زانیاری ناڕاست لەبارەی هەژماری منەوە بڵاودەكەنەوە

کوردستان

25/03/2024‌ 827 جار خوێندراوه‌ته‌وه



راوێژكاری یاسایی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕێكاری یاسایی بەرامبەر ئەوانە دەگرنەبەر كە دەنگۆی هەڵە و دوور لە ڕاستی لەبارەی پڕۆژەی "هەژماری من" بڵاودەكەنەوە.

شاندێكی پڕۆژەی "هەژماری من" لە ئێوارەی دوێنێ یەكشەممەوە، 24-03-2024، لە بەغدایە و لەگەڵ بانكی ناوەندیی عێراقی كۆبووەتەوە و بڕیاریشە لەگەڵ شاندێكی حكوومەتی فیدراڵیش كۆببێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، هاوڕێ كەمال، ڕاوێژكاری یاسایی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە میدیای نزیك لە پارتی راگەیاند، ئامانج لە چوونی شاندەكە "خستنەڕووی ڕاستییەكانی پڕۆژەكەیە بۆ بەرپرسانی حكومەتی عێراق و بانكی ناوەندی".

 هاوڕێ كەمال گوتیشی، "هەموو ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن كە وەزارەتی دارایی یان وەزارەتەكانی دیكە دەستكاریی هەژماری مووچەخۆر و فەرمانبەران دەكەن، دوورن لە ڕاستییەوە و بێ بنەمان. فەرمانبەران دڵنیا دەكەمەوە، بجێگە لە خاوەن هەژمارەكە، هیچ كەسێك بۆی نییە دەستكاریی هەژمارەكە بكات و مامەڵە بەو پارانەوە بكات كە لەنێویدان".

ڕاوێژكاری یاسایی وەزارەتی دارایی ڕوونیشیكردەوە، "ئێمە وەكو وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكاری یاسایی دەگرینەبەر لە دژی هەر كەس و لایەنێك كە دەنگۆی هەڵە و دوور لە ڕاستی لەبارەی پڕۆژەی هەژماری من بڵاوبكەنەوە، چونكە ئەمە لێدانە لە ئاسایشی ئابووری و ئاسایشی نەتەوەیی".

بەپەلە