ئەمریکا ڕێگەنادات عێراق فڕۆکەی ڕافالی فەرەنسی بکرێت

عیراق

27/03/2024‌ 2838 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی هۆکاری تەواونەبونی گرێبەستی پڕچەککردنی سوپای عێراق‌و کڕینی فڕۆکەی جەنگیی لەفەڕەنسا ئاشکراکردوە، ده‌شڵێت:"واشنتۆن داوای لەمحەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردوە، وەزیری بەرگریی ڕەوانەی فەرەنسا نەکات بۆ تەواکردنی گرێبەستی کڕینی فڕۆکەی ڕافالی فەڕەنسی".


ئەو سەرچاوە ئەمنییە کە داوایکردوە ناوەکەی ئاشکرانەکرێت وتویەتی، "واشنتۆن بەهەموو شێوەیەک هەوڵیدا ئەو گرێبەستە هەڵبوەشێنێتەوە کە عێراق لەڕێگه‌یەوە دەیەوێت پەرە بەسیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکەی بدات".

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو  هەوڵەی ئەمریکا بەشێکە لەسیاسەتی سەپاندنی هەژمون کە ئەمریکا دژ بەعێراق بەکاریدەهێنێت.

لەبەشێکی تری قسەکانیدا ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکردوە، واشنتۆن لەچەندین بۆنەدا  ڕێگریی لەعێراق کردوە گرێبەستی کڕینی چەک‌و فڕۆکەی سەربازیی واژۆبکات، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵات.

ڕونیشیکردۆتەوە، ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا پێیوایە تەواوکردنی ئەو گرێبەستە سەربازییانە گورزێکی کوشندە لەهەژمونی ئەو وڵاتە لەعێراق دەدات.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەمریکا داوای لەمحەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران کردوە، وەزیری بەرگریی ڕەوانەی فەرەنسا نەکات بۆ تەواوکردنی گرێبەستی کڕینی فڕۆکەی ڕافالی جەنگی، ئەوەش لەکاتێکدا لەماوەی ڕابردودا لیوا یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ڕایگەیاند، واشنتۆن نەوەک سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی بەعێراق نەفرۆشتوە، بەڵکو ڕێگرییشی کردوە ئەو سیستەمە لەوڵاتانی تر بکرێت.