هەواڵێکی گرنگ لەبارەی دۆلارەوە

لە میدیاکانەوە

27/03/2024‌ 4911 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق ڕایگه‌یاند، نرخی دۆلار لەبازاڕی ڕەشدا بەردەوامدەبێت لەدابەزین تا دەگاتە ئەو نرخە فەرمییەی کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە دیاریکراوە.


موعین کازمی ئەندامی لیژنەکە لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا بەپێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی ڕاگەیاندوە، "هێشتا دۆلار لەبازاڕی هاوتەریبدا بەردەوامە لەدابەزین، ئەم دابەزینەش بەردەوامدەبێت تەنانەت ئەگەر بەهێواشیش بێت، تا دەگاتە ئەو نرخە فەرمییەی بانکی ناوەندی عێراق دیاریکردوە".

ئاماژەی بەوەشکردوەکە تاڕاددەیەکی زۆر حکومەت کۆنترۆڵی بازاڕی کردوەو قەیرانەکەش بەرەو چارەسەری کۆتایی دەڕوات.

کازمی ڕاشیگەیاندوە، “سەردانەکەی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن لەسەر ئاستی دۆسیە دارایی‌و ئابورییەکاندا زۆر گرنگە، هەروەک سودانی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی گفتوگۆ دەکات بۆ بەهێزکردن‌و سەقامگیرکردنی بەهای دیناری عێراقی‌و هەڵگرتنی ئاستەنگەکان لەسەر هەندێک لەبانکەکان، هەروەک دابینکردنی سیولەی نەختینەی پێویست لەدۆلارەوە بۆ عێراق لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، هەربۆیە سەردانەکە بەگرنگ دادەنرێت‌و ئەنجامی ئەرێنی لەسەر دۆسیە ئابورییەکان دەبێت".

وابڕیارە ناوەڕاستی مانگی نیساندا سودانیی سەردانی واشنتۆن بکات بۆ تاووتوێکردنی چەند دۆسیەیەک، دیارترینیان ڕێوشوێنە ئابورییەکان‌و ڕێکارەکانی عێراق بۆ بەرەنگاربونەوەی سپیکردنەوەی پارەو پارەدارکردنی تیرۆریستان.