توركیا ئاوارە سورییەكان بە زۆرەملێ لەناوچە داگیركراوەكانی رۆژئاوای كوردستان نیشتەجێدەكات

کوردستان

28/03/2024‌ 240 جار خوێندراوه‌ته‌وه


هیومان رایتس وۆچ ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، كە دەسەڵاتدارانی توركیا هەزاران هاوڵاتی سووری دیپۆرت دەكەنەوە یان فشاریان دەخەنە سەر، كە توركیا جێ بهێڵن و بچنە ناوچەی گرێ سپی لە رۆژئاوای كوردستان، كە لە ساڵی 2019وە توركیا داگیری كردووە، و ئێستا لە ژێر دەستی میلیشیاكانی سەر بە ئەنقەرەیە.

ڕاپۆرتەكەی ڕێكخراوی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەشكردووە، لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی دەستگیركردن و دیپۆرتكردنەوە زیادیكردووە، و لێكۆڵینەوەكانیشیان دەرككردووە كە زۆرجار سورییەكان ناچار دەكرێن فۆڕمی “گەڕانەوە” واژۆ بكەن.

توركیا دەڵێت، هەموو گەڕانەوەكان “بەڕەزامەندی خۆیان”بووە، بەڵام وەڵامی نامەی هیومان رایتس وۆچی نەدایەوە كە لە 1ی شوباتی ئەم ساڵ بۆی ناردووە، كه لەم دۆخە‌ ئاگاداری كردۆتەوە و داوای زانیاری لێ دەكات.

ئادەم كۆگل، جێگری بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێكخراوی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت: “گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە كە توركیا بانگەشەی بۆ دەكات، زۆرجار گەڕانەوەی زۆرەملێیە كە بە ترس و بێهیواییەوە دەگەڕێنەوە”.

بەگوێرەی ئاژانسی نۆرس پرێس، بەرپرسەی ئەم رێكخراوەی مافی مرۆڤ ئاشكراشیكردووە، توركیا ئۆردۆگای نیشتەجێبوون دروست دەكات لەژێر ناوی “ناوچەی ئارام” سورییەكانیش بە ناچاری دەگوازرێنەوە ئەو ناوچە ئارامانەی كە باسی دەكات، كە ئێستا لەژێردەستی میلیشیاكانی سەر بە توركیایە.