توركیا و عێراق بەرێككەوتنێكی نوێ گورزێكی بەهێز لە ئابووری هەرێمی كوردستان دەدەن

کوردستان

29/03/2024‌ 2334 جار خوێندراوه‌ته‌وه



 باڵیۆزخانەی عێراق لە تورکیا ڕایگەیاند، گفتوگۆ لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە بۆ کردنەوەی بەندەرێکی نوێ دەکرێت.

لە ڕاگەیەندراوێکی باڵیۆزخانەکەدا هاتووە، “شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتی ناسر ئەسەدی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری گواستنەوە و ئەندامێتی یونس خالد جەواد بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی هێڵی ئاسن و سەفا جەبار ناسر بەڕێوەبەری گشتی پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، و ئەحمەد جاسم محەمەد، نوێنەری دەسەڵاتی گومرگ، لەگەڵ لایەنی تورکیدا کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکاندا بە وردی باس لە پرسە تەکنیکییەکان کرا، هەروەها پێداچوونەوە بە ڕێژەی پێشکەوتنی دامەزراوە عێراقییەکان لە جێبەجێکردنی ئەو پلانانەی دایانڕشتبوو.

هەروەها لە کۆبوونەوەکاندا باس لەهەوڵەکان بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی نوێی سنووری نێوان هەردوو وڵات، و ڕێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی ڕێگای شەمەندەفەر و ڕێگاوبان كرا.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکاندا هەردوولا کۆنووسی کۆبوونەوەکەیان واژۆ کرد کە ئەو خاڵانەی لەخۆگرتبوو کە لە کۆبوونەوە تەکنیکییەکاندا لەسەری ڕێککەوتبوون، جگە لە ئەنجامدانی کۆبوونەوە مانگانە.

بەڕای شارەزایان کردنەوەی ئەم دەروازە نوێیە گورزێکی بەهێزدەبێت لە ئابووری هەرێمی کوردستان.