لەڕۆژئاوای کوردستان هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەڕێوەدەچێت

کوردستان

30/03/2024‌ 346 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان کۆتایی مانگی ئایاری داهاتوی وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەناوچەکانی خۆی ڕاگەیاند.


بەگوێرەی پێگەی نۆرس پرێسی نزیک لەئیدارەی خۆسەر، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لەئیدارەی خۆسەر، یەکەم کۆبونەوەی خۆی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ئەنجامدا، ئەویش  دوای ئەوەی لەکۆتایی مانگی شوباتی ڕابردوو پێکهێنانی خۆی ڕاگەیاند.

لەوبارەیەوە، حسێن ئەلشێخ هاوسەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، هەڵبژاردن بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی شارەوانیی‌و سەرۆکایەتی شارەوانیی، لەسەرجەم ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدەدرێت.

شێخ هەروەک وتویەتی:"لەکۆبونەوەکەی پێنجشەممەدا سێ فەرمانگەیان پێکهێنا، ئەوانیش فەرمانگەی ڕەتکردنەوەو تانەدان، فەرمانگەی ناوچەی هەڵبژاردن، فەرمانگەی مەشق‌و ڕاهێنان".

لەبیست‌و هەشتەمی مانگی ڕابردودا، ئەنجومەنی دیموکراتی گەلان (پێشتر ئەنجومەنی گشتی) لەهەرێمی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا یاسای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی پەسەندکرد، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە 20 ئەندام پێکدێت، کە ماوەی کارەکەیان چوارساڵە، بەمەرجی نوێکردنەوە دەبێت.

بەگوێره‌ى یاسای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەرکەکانی کۆمسیۆن بریتین لەئامادەکردنی تۆماری دەنگدەران بۆ ئەوکەسانەی مەرجی دەنگدانیان تێدایە، پەسەندکردنی لیستی قەوارە سیاسییەکان‌و سەربەخۆکان، دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن‌و بڕیاردان لەسەر کەیسەکانی تانەدان لەئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

سەبارەت بەتانەدانی هەڵبژاردن لەیاساکەدا هاتوە کە کاندید، دەنگدەر، یان قەوارەیەکی سیاسی مافی ئەوەی هەیە ناڕەزایەتی پێشکەشبکات‌و تانە لەهەر ڕێکارێکی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەو پارێزگایانەی کە بەبڕیارێکی نادروست بڕیاری لەسەردراوە، بۆ ئەوەی ڕەوانەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بکرێت.