زیلینسکی هۆشداریی لەپاشەکشەی سوپای ئۆکرانیا دەدات

جیهان

31/03/2024‌ 3798 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەو پێشڕەویانەی هێزەکانی سوپای ڕوسیا لەهەموو بەرەکانی شەڕ لەئۆکرانیاو بەتایبەتیی لەناوچەی دۆنێتسکدا کردیان، ڤلادیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا هۆشداریدا لەوەی بەبێ پشتیوانیی ئەمریکا، ڕەنگە هێزەکانی ئۆکرانیا ناچاربکرێن پاشەکشە بکەن.


لێدوانەکانی زێلێنسکی لەکاتێکدابوو کە سوپای ڕوسیا لەکەرتی باشوری شاری دۆنێتسک پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناو لەبەشی باکوری شاری نۆڤۆمیکایلیڤکا زیاتر پێشڕەویکردوە، هەروەک لەباکوری ڕۆژئاوای بەرەی دۆنێتسک، سوپای ڕوسیا پێشڕەوییەکی سنورداری کردوە.

لەڕۆژئاوای شاری دۆنێتسک، دوای شەڕی بەردەوام بۆ ماوەی سێ هەفتە، هێزەکانی ڕوسیا توانیان هێرشبکەنەسەر ناوەندی شاری گۆرگیڤکاو سەرکەوتوبون لەدەستەبەرکردنی بەنداوی دەریاچەی گۆرگیڤکا.

هەینی ڕابردوو، وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا، لەناوبردنی 795 سەربازی ئۆکرانى‌و خستنەخوارەوەی 21 موشەک‌و 175 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕاگەیاند کە لەلایەن هێزەکانی کیێڤەوە لەسەر میحوەرە جیاوازەکان لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردودا هەڵدرابون.

وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ڕوسیا بەهێرشی ئاسمانیی‌و دەریایی‌و وشکانیی وردپێکی دورمەودا، پێگەکانی بەرگریی وزەو ئاسمانی ئۆکرانیایان لەناوبردوە کە تیایدا موشەکی هایپەرسۆنیکی “کینژال”یان بەکارهێناوە.

لە کیێڤ، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤلادیمێر زێلێنسکی، لە چاوپێکەوتنێکدا کە ڕۆژی هەینی بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند، ئەگەر ئۆکرانیا ئەو یارمەتییە سەربازییە وەرنەگرێت کە ئەمریکا بەڵێنی پێداوەو بەهۆی ناکۆکییەکانی کۆنگرێسەوە کۆسپی بۆ دروستبێت، هێزەکانی ناچار دەبن “بەهەنگاوی بچوک” پاشەکشە بکەن.

زێلێنسکی بەڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ڕاگەیاندوە، ئەگەر پشتیوانیی ئەمریکا نەبێت، مانای وایە ئەوان بەرگریی ئاسمانیان نییە، موشەکی پاتریۆتان نییە، ئامێری جەنگی ئەلیکترۆنیان نییە، یان گولەی تۆپخانەی 155 ملیمەتریان نییە .

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە بەو مانایەیە کە ئێمە پاشەکشە دەکەین‌و هەنگاو لەدوای هەنگاو تێکدەشکێن، لەدرێژەی قسەکانیدا وتی:"هەوڵدەدەین ڕێگەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی پاشەکشە نەکەین".