شارپرێس
وتەبێژى حکومەتى هەرێم
ڕایگەیاند، لە هێرشەکەى سەر کێڵگەى غازى کۆرمۆر چوار کرێکارى یەمەنى گیانیان
لەدەستداوە و زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لەماوەی ڕابردوو هەوڵی باش دراوە بۆ باشتر
کردنی کەرتی وزە و ژێرخانی ئابووری لە عێراق و بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان، لە
کاتێکدا کە هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خێرا دەکرێن، دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە
جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی غازی کۆرمۆرییان کردە ئامانج .
وتەبێژى حکومەت
ئاماژەى بەوەکردووە، تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهیدبوون، جگە لەوەش زیانێکی
زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووەو کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.
هەورامانى دەشڵێت: ئەم هێرشە دوبارانە پێویستە ڕابگیرێن
و داوای هەماهەنگی و هاوکاری بەپەلە دەکەین لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم
کارە تیرۆریستییە بدۆزرێنەوەو ڕادەستی یاسا بکرێن و ڕێگری یەکجاری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی
ئەم کارانە.